فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بانگهێشتی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان: بۆ ئازادیی بەندکراوانی سیاسی یەکڕیز و یەکگرتوو تێبکۆشین
شەممە ۱۴-۰۸-۱۴۰۱   |  05-11-2022
بانگهێشتی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان: بۆ ئازادیی بەندکراوانی سیاسی یەکڕیز و یەکگرتوو تێبکۆشین

کرێکاران، زەحمەتکێشان!

ئینسانە شەریف و ئازادیخوازەکان!

هەزاران کچ و کوڕی لاو و تازەلاوی بێ ناو و نیشان کە زەمینەسازی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستای سەر شەقامەکان بوون، ئێستا لە زینداندان. زۆرێک لە چالاکانی بزووتنەوەی کرێکاران، ژنان، خوێندکاران، ژینگەپارێزان، ڕۆشنبیران، ئازادیخوازان، چالاکانی ڕزگاری لە ستەمی نەتەوەیی و ئێتنیکی و کوئیرەکان و هەواڵنێرانی شەریف، لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیدان. بەوتەی بنەماڵەی بەندکراوانی سیاسی، بەرینایی کارەسات و قوربانییانی ئاگرکەوتنەوە و وێرانکاریی زیندانی ئێڤین زۆر زیاتر حەدی تەسەورە. هەر ئێستا زۆرێک لە بەندکراوان بەهۆی نەخۆشی و نەبوونی خزمەتگوزاریی پزیشکی گیانیان لە مەترسی دایە. هەروەها بەشێک لە پزیشکان و کارمەندانی شەریفی خزمەتگوزاریی دەرمانی کە دژی حزووری سەرکوتگەرانی ڕێژیم لە شوێنی پزیشکی، ڕفاندنی بریندارەکان و کەڵک وەرگرتن لە ئامبوڵانس بۆ گواستنەوەی هێزی سەرکوتگەر، ناڕەزایەتییان دەربڕیبوو، دەستبەسەر و زیندانی کراون و پزیشکێکیش گیانی بەخت کردووە. لە زاهیدان بەرینایی کوشتاری سپا و بەسیج، و دەستبەسەرکردن و زیندان هێندە کارەساتبار بووە کە لە مێژووی ئەم ناوچەیەدا تۆمار کراوە. شەپۆلی دەستبەسەرکردن هێندە بەرینە کە کۆماری ئیسلامی زۆرێک لە ناوەندە نیزامییەکانی خۆی کردووەتە زیندان و ناوەندە نهێنییەکانی بازجویی و ئەشکەنجەی چەند بەرابەر کردووە. هاوکات لەگەڵ سەرکوت و ئەمنییەتیکردنی کەشوهەوای کۆمەڵگە، دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئیسلامیش بە پەروەندەسازی و تۆمەتی بێ بنەما، موحاکمەی زیاتر لە هەزار کەس لە بەشداربووانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دوایانەی دەستپێکردووە و بۆ هێندێکیشیان حوکمی ئێعدامی دەرکردووە. سەرەڕای هەموو ئەمانە و سەرەڕای نیگەرانی لە پەرەسەندنی ئەم سیاسەتە کارەساتبارە، گەنجان و جەماوەری ڕاپەڕیو، بە سەرکوت و کوشتاری ڕێژیم چاوترسێن نەبوون و بە عەزمی ئوستوارەوە هەروا لەسەر شەقامەکانن.

کرێکاران، زەحمەتکێشان!

خەڵکی شەریف و ئازادیخواز!

زیندان، ئەشکەنجە و کوشتن لە سرووشتی کۆماری ئیسلامیدایە. ئێستا کە ئەم ڕێژیمە کۆنەپەرست و سەرکوتگەرە کەوتووەتە بەر هێرشی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵک و تەمەنی بەرەو کۆتایی دەڕوات، بەنیازە بە تیرۆر و کوشتنی بەندکراوان، لە پەرەسەندنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە ڕێگری بکات. هەربۆیە لەم بارودۆخە هەستیارەدا پێویستە بە هەموو هێز و توانامانەوە، سیاسەتی کوشتار و زیندان تێکبشکێنین و ڕێگای گەشەی ئەم بزووتنەوەیە هەموارتر بکەین. هەنگاوی گرنگ لەم بوارەدا، پشتیوانی و هاودەردی لەگەڵ بنەماڵەی گیان بەختکردووان و دەستبەسەرکراوانە. پێویستە هەموو کۆمەڵگە تێکڕا دەنگی ئەوان بین و بە خەباتی یەکڕیز و یەکگرتووانە بۆ ئازادیی بەندکراوانی سیاسی تێبکۆشین.

بەندکراوی سیاسی بێ هیچ شەرت و مەرجێک پێویستە ئازاد بکرێ – تیرۆر، ئەشکەنجە و زیندان دەبێ نەمێنێ

بڕووخێ ڕێژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان

واژۆکان: ئیتحادی فەداییانی کۆمۆنیست، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری – حێکمەتیست، سازمانی راهی کاریگەر، سازمانی فەداییان(ئەقەلییەت) و هەستەی ئەقەلییەت

١٢ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی

٣ی نوامبری ٢٠٢٢ی زایینی

تەلەڤیزیۆنی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co