ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕژیم لە شاری سنە، ڕۆژی یەکشەمە ١٠ی گوڵان، ڕۆژێک بەر لە ڕۆژی جیهانی کرێکار، لە ڕێگەی پێوەندی تەلەفۆنییەوە، “موزەفەر ساڵحنیا”، “شەریف ساعدپەنا”، “ڕامین کەریمی”، “هاجەر سەعیدی”، “کامران ساختمانگەر”، “ڕەزا ئەمجەدی”، “سوسەن ڕازانی”، “حەبیبوڵا کەریمی”، “ڕێبوار عەبدوڵاهی” و “تەوفێق مەحمودی” بۆ ئەم ناوەندە ئەمنییەتییە بانگهێشت کردووە و بازجویان لێکراوە.
بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، ئیدارەی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی هێزی ئینتیزامی سنە، لە دوای بانگهێشتکردنی ئەم ١٠ هەڵسووراوە کرێکارییە، دوایان لێکردوون بەڵێننامە واژۆ بکەن کە بەشداری لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی کرێکاراندا نەکەن.
هەروەها ئەم دوو ناوەندە ئەمنییەتییەی ڕژیم هەڕەشەیان کردووە کە لە ئەگەری بەڕێوەبردنی ڕۆژی جیهانی کرێکار و بەشداری کردن لەم ڕێوڕەسمەدا، لە دژیان سکاڵا تۆمار دەکەن.
هەروەها ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاندووە “ئومید ئەسەدی”، چالاکی کرێکاری خەڵکی کامیاران و دانیشتووی سنە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە بانگهێشت کراوە.
بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە لە درێژەی بانگهێشتکردنی هەڵسووڕاوانی کرێکاری، ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا داوایان لە ئومید ئەسەدی کردووە ڕۆژی دووشەممە هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانی کرێکار، بۆ هەندیک ڕوون کردنەوە سەردانی ناوەندی ئەمنییەتی بکات. شایانی باسە کە لە نێوان ئەم ١١ چالاکە کرێکارییە، “ڕێبوار عەبدوڵاهی” و “هاجەر سەعیدی”، دۆسیەی قەزایی کراوەیان هەیە.
بانگهێشت کردنی ئەم یازدە چالاکە کرێکارییە لە حاڵێک دایە کە لە ساڵی ڕابردوودا بە هۆی چالاکییە پیشەییەکان و بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانی کرێکار، چەندین جار بۆ ناوەندە ئەمنییەتییەکانی پارێزگای کوردستان بانگهێشت و دەستگیر کراون.