
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی جۆزەردانی ١٤٠٤، “دیاکۆ یەزدانپەنا” خەڵکی شاری بۆکان، بە مەبەستی جێبەجێ کرانی حوکمی دوو ساڵ زیندانی تەعزیری، لە لایەن لقی جێبەجێ کاری سزاکانی دادسەرای گشتی و شۆڕشی ئەمشارە بانگ کراوە.
شایانی باسە، دیاکۆ یەزدانپەنا دوای بانگ کرانی بۆ بنکەی پۆلیسی ئەمنیەتی بۆکان دەستبەسەر و بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک لە گرتنگەی ئەم دامەزراوە ئەمنییە لە ژێر ئەشکەنجەی قورسی جەستەیی و دەرونیدا بووە. بەوتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی یەزدانپەنا، ناوبراو بەهۆی ئەو ئەشکەنجانەوە کە ئاسەواری لە سەر جەستەی دەبینرێت، لەدۆخێکی ناجێگیر دایە. ناوبراو دوای سێ ڕۆژ دەستبەسەر بوون لە پۆلیسی ئەمنییەت، بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئاگاهی شاری بۆکان ڕاگوێزرا و لەوێش سێ ڕۆژ بە تۆمەتی “هەڵاتن لە سەربازی” لە ژێر لێپرسینەوە و ئەشکەنجەدا بووە و دوای کۆتایی قۆناخەکانی لێپرسینەوە بۆ زیندانی بۆکان ڕاگوێزرا. جێگای ئاماژەیە، کۆبوونەوەی دادگایی کرانی دیاکۆ یەزدانپەنا لە رێکەوتی ٢٥ی ڕەزبەری ١٤٠٣، لە لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری دووی شاری بۆکان بەڕێوەچووە و ناوبراو بە تۆمەتی “بێڕێزی بە ڕێبەری” و “ئامادە نەبوونی لە خزمەتی سەربازی” بە دوو ساڵ و هەشت مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.