
ڕۆژی شەممە ٤ی ڕەشەممە، فەرهاد مەحموودی برای فەرەیدوون مەحموودی لە گیان بەختکردووانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە سەقز، بە تۆمەتەکانی “تێکدانی نەزم و ئاسایش گشتی”، “بڵاوکردنەوەی شتی ناڕاست” و “پڕوپاگەندە دژی نیزام” لە لایەن لقی یەکی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی شاری سەقز بانگ کراوە.
فەرهاد مەحموودی بە بڵاوکردنەوەی بەڵگەی ئێلکترۆنیکیی بانگکرانەکەی بۆ دادسەرای سەقز لە ئینستاگرامەکەی خۆیدا نووسیویەتی؛ دڵنیام کە ڕێبازی مافخوازییەکەم دروست بووە، چونکە ئەگەر کاریگەری نەبایە ئەم هەموو هەوڵەتان نەدەدا کە بێدەنگم بکەن. بەپێی بەڵگەی ئێلکترۆنیکیی بانگکرانەکەی لقی یەکی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی سەقز کە لە ڕێکەوتی ١٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ لە لایەن لێپرس “حسێن مەهدیپوور”ەوە دەر کراوە، فەرهاد مەحموودی ئەگەر لە ماوەی پێنج ڕۆژدا لە دادگا ئامادە نەبێت و بەرگری لە خۆی نەکات بەپێی یاسا بڕیاری لەسەر دەدرێت.