
ناوەندی مافی مرۆڤی ئێران، لە ڕاپۆرتێکدا کە ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی خەرمانان بڵاوی کردووەتەوە ڕایگەیاندووە: لەماوەی پشووی هاوینی ئەمساڵ ٤٥ کەس لەموعەلیمان بەهۆی چالاکییە سێنفییەکانیان، خراونەتە ژێر گوشار و لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بانگ و یاخود دەستبەسەر کراون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەم دەستبەسەر کرانانە لە چەندین پارێزگای ئێران لەوانە: کرمان، کوردستان، گیلان، ئازەربایجانی غەربی، ئیسفەهان و تاران ئەنجام دراون. هاوکات چالاکانی سێنفی ڕایانگەیاندووە کە بە دەیان پەروەندەی دیکە لە دادگاکانی ڕژیم کراوەتەوە و زۆربەی موعەلیمان لەگەڵ تۆمەتی پەیوەندیدار لەگەڵ چالاکییە سێنفییەکان بەرەوڕوو بوونەتەوە. جێگای ئاماژەیە، هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم ڕۆژی دووشەممەی ئەم حەفتەیە هێرشیان کردبووە سەر کۆبوونەوەی شوڕای هاوئاهەنگی ڕێکخراوەکانی سێنفی موعەلیمانی ئێران لە شاری ئیسفەهان و لە ئەنجامیدا ١٨ کەسیان دەستبەسەر و کەرەستەکانیان زەوت کردبوو. بەوتەی شوڕای هاوئاهەنگی موعەلیمان، ١٧ کەس لەم موعەلیمانە دوای چەند کاتژمێر لێپرسینەوە ئازاد کراون، بەڵام مەسعوود فەرهیختە چالاکی سێنفی موعەلیمان، هەروا ڕاگیڕاوە.