ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی بەفرانبار، فەرەیدوون نەبی، هاووڵاتیی تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی پیرانشار بە مەبستی جێبەجێکرانی حوکمی ٧ ساڵ و ١١ مانگ بەندکرانەکەی دەستبەسەر و بۆ زیندانی ناوەندیی نەغەدە گواسترایەوە.
ئەم هاووڵاتییە لە ڕێکەوتی ١٩ی گوڵانی پارەکە، دوای ٢٨٦ ڕۆژ لێپرسینەوە و دەستبەسەری بە دانانی بارمتەی پێنج ملیاردی و بە شێوەی کاتی تا کۆتاییهاتنی دادگاییەکەی لە زیندانی ناوەندیی نەغەدە ئازاد کرابوو. ناوبراو ماوەی ٦٥ ڕۆژ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ و ٧ مانگ و ١١ ڕۆژ لە زیندانی ناوەندیی نەغەدە تێپەڕاندبوو. جێگای ئاماژەیە، فەرەیدوون نەبی لە لایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی مەهاباد بە تۆمەتی “ئەندامییەتی لە حزبێکی کوردستانی” بە ٤٣ مانگ زیندان و هەروەها بە تۆمەتی “پێکهێنانی دەستە و گرووپ” بە ٣٨ مانگ زیندان و بە تۆمەتی “چالاکیی تەبلیغی دژی حکوومەت” بە ٨ مانگ و سەرجەم بە ٨٩ مانگ زیندان مەحکووم کرابوو. هەروەها، لە دۆسیەیەکی دیکە لە لایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی پیرانشار بە تۆمەتی “تێکدانی ئاسایشی گشتی” و “بێڕێزی بە خامنەیی” بە ٦ مانگ زیندان و پێبژاردنی دوو میلیون و ٥٠٠ هەزار تمەن مەحکووم کرابوو.