حەسەن دەرئۆفتادە ، باوکی کۆمار دەرئۆفتادە مێرمنداڵی تەمەن ١٦ ساڵ کە لە ڕەوتی بزوتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم لە پیرانشار کوژرا، جارێکی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بانگکراوە و سەبارەت بە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسم بۆ ساڵیادی گیانبەختکردنی منداڵەکەی هەڕەشەی لێکراوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی یەکشەممە ٧ی خەزەڵوەر، حەسەن دەرئۆفتادە دوای بانگکران و ڕۆیشتن بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار، بۆ ماوەی دوو کاتژمێر لێپرسینەوەی لەگەل کراوە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بە حەسەن دەرئۆفتادە هۆشداری دراوە کە هیچ چەشنە باسێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە نزیکی ساڵیادی کۆمار بڵاو نەکاتەوە. هەروەها ناوبراو سەبارەت بە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ساڵیادی کوژرانی کۆمار هەڕەشەی لێکراوە. پێشتریش لە ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی گەلاوێژی ئەمساڵ، هاوکات لەگەڵ ساڵڕۆژی لە دایکبوونی کۆمار دەرئۆفتادە، حەسەن دەرئۆفتادە و هاجەر بەرزەنجی، دایک و باوکی کۆمار و هەروەها ماردین، ژێکاف، میدیا و ئەفسانە دەرئۆفتادە ، منداڵەکانی دیکەی ئەو بنەماڵەیە لە ڕێگەی گۆڕستانی گوندی “زێوکە”، شوێنی گڵکۆی کۆمار دەستبەسەرکرابوون.