لە سەروبەندی نزیکبوونەوە لە ساڵوەگەڕی شۆڕشی ”ژینا”، دەیان خوێندکار بۆ ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕژیم بانگ کراون. بەپێی ڕاپۆرتەکان، هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕژیم لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، دەیان کەس لە خوێندکارانی زانکۆکانی ئەمیرکەبیر، تەباتەبایی، بەهەشتی، عەلامە، خاجەنەسیر، تەربییەت مودەڕیس، فیردۆسی مەشهەد و ئیسفەهانیان لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە بانگ کردووە و هەڕەشەیان لێکردوون. هێزەکانی ئیتلاعات بە خوێندکارانیان ڕاگەیاندووە کە دەبێ بەڵێننامە واژۆ بکەن کە ئەگەر لە ساڵوەگەڕی شۆڕشی ژینا خۆپیشاندان بەڕێوە چوو، نابێ بەشداری بکەن. لە ڕاپۆرتی شۆرای سێنفی خوێندکاران باس لەوە کراوە کە ئەو هەوڵانەی ڕژیم لە سەرووبەندی ساڵوەگەڕی قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی و ترسی کۆماری ئیسلامی لە خۆپیشاندانی خوێندکاران، بە مەبەستی پێکهێنانی کەشی ترس و تۆقاندن لەنێو خوێندکاران ئەنجام دەدرێت. ڕژیمی ئیسلامی بەردەوام لە هەوڵی سەرکوتی زانکۆکان بووە و لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا شەپۆلیکی گەورەی لە هەڵپەساردن و دەرکردنی خوێندکاران و مامۆستایانی ناڕازیی وەڕێ خستووە.