ڕۆژی یەکشەممە ٥ی خەرمانان، “شەهرووز حسێن پووری”، یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی دادخوازی شاری مەهاباد، لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە بانگ کراوە و وێڕای چەند کاتژمێر لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە، بە ناوبراویان ڕاگەیاندووە کە سزای قەدەغەکردنی چوونە دەرەوەیان لە ئێران بەسەر ئەندامانی بنەماڵەکەیدا سەپاندووە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد ئاگاداریی داوە بە شەهرووز حسێن پووری کە لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری داهاتوودا دەبێت لەگەڵ هەموو ئەندامانی بنەماڵەکەیان سەردانی ئەو ناوەندە بکەن و پاسپۆرت و مۆبایلەکانیان ڕادەستی ئەو ناوەندە بکەن. هەروەها هەڕەشەی کوشتنی ئەندامانی ئەو بنەماڵە دادخوازەیان لە شەهرووز حسێن پووری کردووە کە لە ئەگەری بەشداریکردنی هەرکام لە ئەندامانی بنەماڵەکەی لە هەر ڕێوڕەسمێکی گیانبەخت کردووانی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان یان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چالاکییەکی وەها بکەن، لە لایەن هێز و ناوەندە حکوومەتییەکانەوە دەکوژرێن. جێگای ئاماژەیە، پێشتریش لە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی پووشپەڕی ئەمساڵ، شیرین حسێن پووری، فەریبا حسێن پووری، شیما حسێن پووری، شەهرووز حسێن پووری و زاواکەیان بە ناوی ڕەحمان ئیسماعیلی، لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهابادەوە بانگ کرابوون و بۆ ماوەی چەند کاتژمێر لێپرسینەوە و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا کرابوو.