لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ئەفسانە یووسفی، دایکی پژمان فاتیحی، بەندکراوی سیاسیی، پاش ئەوەی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی کامێران بانگ کراوە، چەند کاتژمێر لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەیان لێ کردووە و ئەشکەنجەی دەروونییان داوە، هەروەها هەڕەشەی ئەوەیان لە ناوبراو کردووە کە دیسان بانگ دەکرێتەوە و دەستبەسەریشی دەکەن.
بەپێی زانیارییەکان هێزەکانی ئیتلاعات لە کامێران جیا لە ئەشکەنجەی دەروونی و ڕۆحیی ئەفسانە یووسفی، هەڕەشەیان لە بنەماڵەی ناوبراو کردووە کە بەدواداچوون لەسەر بارودۆخی کوڕەکەیان لە بەندیخانەدا نەکەن.
هەر لەم پەیوەندییەدا ناوەندەکانی ڕژیم، هەڕەشەیان لە بەیانی عەزیمی، هاوژینی پژمان فاتیحی کردووە کە لە وڵاتی ئاڵمان نیشتەجێیە و وتوویانە دەبێت واز لە چالاکی و بڵاوکردنەوەی زانیاری لەسەر بارودۆخی هاوژینەکەی بهێنێت.
شایانی باسە کە ئەفسانە یووسفی، دایکی پژمان فاتیحی، بەندکراوی سیاسیی لە ناوەڕاستەکانی مانگی بەفرانباری پارەکە، پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاو کردەوە و لە پەیامەکەیدا داوای لە ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ کرد کە هەوڵ بۆ ڕزگارکردنی گیانی کوڕەکەی بدەن.