کرێکاران، زەحمەتکێشان، خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!
ئەمڕۆ لە بارودۆخێکدا کە مانگرتن و ناڕەزایەتیی بەردەوامی کرێکاران، خانەنشینان، پەرستاران، خوێندکاران، نووسەران، بنەماڵە دادخوازەکان و توێژە ژێردەستەکانی کۆمەڵگا لەدژی هەژاری و نەهامەتیی ئابووری و بێمافیی سیاسی و کۆمەڵایەتی بووەتە بەشێک لە ڕاستیی حاشاهەڵنەگری کۆمەڵگای ئێران، ڕژیمی تاوانکاری کۆماری ئیسلامی بێتوانا و داماو لە وڵامدانەوە بە سەرەتاییترین خواستەکانی ئەم بزووتنەوانە، بە پشت بەستن بە تاکتیکی سەرکوت و بە پەرەپێدانی شەپۆلی ئێعدام دەیهەوێ کۆمەڵگا چاوترسێن بکات و درێژە بە دەسەڵاتە نگریسەکەی بدات. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە دەرکردنی حوکمی ئێعدامی پەخشان عەزیزی، وریشە مورادی، بێهرووز ئێحسانی، موجاهد کورکور، مێهدی حسێنی و ژمارەیەکی دیکە لە چالاکانی کۆمەڵایەتی دەیهەوێ هەڵسووڕاوانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە سەرتاسەری ئێران چاوترسێن بکات.
بەڵام هەروەک چاوەڕوان دەکرا کۆمەڵگا نەتەنیا بەم سەرکوتگەرییانە چاوترسێن نەبووە، بەڵکوو حوکمی ئێعدامی چالاکانی کۆمەڵایەتی لەگەڵ شەپۆلێکی بەهێز لە تووڕەیی و ناڕەزایەتی لە سەرتاسەری ئێران بەرەوڕوو بووەتەوە. لەدوای دەرکردنی ئەم حوکمە دژەئینسانییانە چەندین ڕێکخراوی سەربەخۆی کرێکاری و خانەنشینان، زیاتر لە دە ڕێکخراوی موعەلیمان، چەند کۆمەڵ و ناوەندی خوێندکاری و چالاکانی بزووتنەوەی ژنان و هیتر بە دەرکردنی بەیاننامە ئەم ئەحکامە زاڵمانەیان لێبڕاوانە مەحکووم کرد. لە شاری سنە ژنانی تێکۆشەر و بنەماڵە دادخوازەکان لەدژی سزای ئێعدام و بۆ ئازادیی بێ شەرت و مەرجی بەندکراوانی سیاسی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد. چالاکانی کەمپەینی دیفاع لە ئازادیی وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی چالاکیی کاریگەر و بەرینیان لەم بوارەدا ئەنجامدا. پتر لە چوار هەزار کەس لە چالاکانی بوارە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتییەکان بە دەرکردنی تومارێک ناڕەزایەتیی خۆیان لەدژی حوکمەکانی ئێعدام ڕاگەیاند. لە دەرەوی وڵات کەمپەینی بەرین لەدژی ئەم حوکمانە کەوتە ڕێ و هێستاش هەروا درێژەی هەیە. ئەم چالاکییانە بە کەمپەینی “سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام” کە بە هیمەت و داهێنانی بەندکراوانی سیاسی زیاتر لە یەک ساڵە بەردەوامە، هێز و توانایەکی تازەی بەخشیوە.
لە درێژەی ئەم “کەمپەینە مەزنەی نا بۆ ئێعدام”دا ئێمە واژۆکارانی ئەم بانگەوازە داوا لە هەموو خەڵکی تێکۆشەری کوردستان دەکەین کە ڕۆژی چوارشەممە ٣ی مانگی ڕێبەندان بە مانگرتنی گشتیی یەکپارچە و هاوئاهەنگ، بە داخستنی هەموو ناوەندەکانی کار و خوێندن لەدژی حوکمی ئێعدامی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی و باقیی چالاکانی کۆمەڵایەتی ئیعتڕاز بکەن و پشتیوانیی خۆیان لە کەمپەین و بزووتنەوەی نا بۆ ئێعدام لە سەرتاسەری ئێران ڕاگەیەنن. مانگرتنی سەرکەوتووانەی ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕێبەندان، وەک خاڵێکی وەرچەرخان لە هەڵمەتی دژی ئێعدام، دەتوانێ بە ڕژیمی ئیسلامی نیشان بدا کە بە پەرەپێدانی سەرکوت و کوشتاری بەندکراوان ناتوانێ شکستەکانی خۆی لە بواری نێونەتەوەیی، ناوچەیی و ناوخۆییدا قەرەبوو بکاتەوە.
ئێمە لە هەموو هەڵسووڕاوانی سۆسیالیست و چەپ و ڕادیکاڵ و ژنان و پیاوانی ئازادیخواز لە کوردستان داواکارین کە بە پشت بەستن بە ئەزموونە بەنرخەکانیان لە بواری ڕێکخستنی مانگرتنی گشتی لە کوردستان، دەست بخەنە ناو دەستی یەک و بۆ بەڕێوەبردنی هەرچی شکۆدارتری ئەم مانگرتنە گشتییە لە هیچ هەوڵ و تێکۆشانێک دەریغ نەکەن.
داوا لە خەڵکی تێکۆشەر و ئینسانە ئازادیخواز و بەرابەریتەڵەبەکان لە سەرتاسەری ئێران دەکەین کە بە هەر شێوەیەک دەتوانن پشیتوانیی خۆیان لە مانگرتنی گشتیی خەڵکی کوردستان لەدژی حوکمەکانی ئێعدام ڕاگەیەنن.
بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی
بژی دەسەڵاتی شۆرایی خەڵک لە کوردستان
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان
کۆمیتەی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران – حێکمەتیست
کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
١ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ی هەتاوی
٢٠ی ژانویەی ٢٠٢٥ی زایینی