فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بانگەوازی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان بۆ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی ٦ی ژوئەنی ٢٠٢٥ لە بەرامبەر ڕێکخراوی جیهانیی کار لە ژنێڤ
پێنجشەممە ۱۵-۰۳-۱۴۰۴   |  05-06-2025

کۆنفڕانسی ڕێکخراوی جیهانیی کار لە ڕۆژانی ٢ تا ١٣ی ژوئەنی ٢٠٢٥ لە ژنێڤ، سەد و سێزدەهەمین کۆبوونەوەی خۆی بەڕێوەدەبات. ئەم کۆنفڕانسە ساڵانەیە، دەرەفتێکە بۆ ئەوەی بۆ جارێکی تر چالاکانی بزووتنەوەی کرێکاری و هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان، داخوازییەکانی چینی کرێکاری ئێران گەڵاڵە بکەن و ببنە دەنگی ئەوان. سەرکوت و بێمافییەکانی کرێکارانی ئێران بۆ نموونە قەدەغەکرانی مافی خۆڕێکخستن و مانگرتن بە گوێی کرێکاران و ڕێکخراوە کرێکارییەکانی سەرتاسەری جیهان لەم کۆبوونەوەیە بگەیەنن و پشتیوانیی ئەوان لە خەباتی چینی کرێکاری ئێران ڕابکێشن.

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی  هەیئەتێک لەژێرناوی “نوێنەرانی کرێکارانی ئێران” بۆ ئەم کۆنفڕانسە دەنێرێت کە سەرکوتگەرانی ناسراوی بزووتنەوەی کرێکارین و بە درێژایی تەمەنی ئەم ڕژیمە درێژە کرێکارە، سەرەتاییترین مافەکانی چینی کرێکاری ئێرانیان سەرکوت کردووە. لە کاتێکدا کە مافی ڕێکخستنی سەربەخۆ، مانگرتن، حەقدەستی دادپەروەرانە، ئەمنیەتی پیشە و باقیی مافە بنەڕەتییەکانی کرێکاران لە ئێران بەشێوەی سیستماتیک پێشێل دەکرێت و حەقدەستی چەند بەرابەر ژێر هێڵی هەژاری بەسەر جەماورەی کرێکار و زەحمەتکێشدا دەسەپێندرێت. لەگەڵ ئەم بێ مافییانەشدا، سەرکوتکردنی کرێکاران بەردەوام لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە درێژەی هەیە. تا جێیەک کە لەئێستادا دەیان هەڵسووڕاوی کرێکاری بەخاتری ئەو چالاکییانەی کە لە بڕیارنامەکانی خودی ڕێکخراوی جیهانیی کاردا وەک مافی ڕەوای کرێکاران پێناسە دەکرێن، لەناو زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی لە بارودۆخێکی نامرۆڤانەدا زیندانی کراون.

بۆ ئێمە وەک ڕێکخراوە چەپ و کۆمۆنیستەکان، ڕوون و ئاشکرایە کە ڕێکخراوی جیهانیی کار، ناوەندێکە لە چوارچێوەی نیزامی سەرمایەداریی نێونەتەوەیی. وە ئەم ناوەندە لە ڕاستای سەقامگیرکردنی موناسباتی نابەرابەری ئێستا و بۆ هاوتەراز کردنی موناسباتی کار و سەرمایە چالاکی دەکات. ئێمە لەسەر ئەو باوەڕەین کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ئێران، تەنانەت بە لانیکەمی یاسا نێونەتەوەییەکانی ئەم ناوەندەش پابەند نییە. هەربۆیە دەبێ لەم ڕێکخراوە دەربکرێت و لەجیاتی بەکرێگیراوان و سەرکوتگەرانی بزووتنەوەی کرێکاری، نوێنەرانی ڕاستەقینە و سەربەخۆی کرێکارانی ئێران لەم کۆبوونەوە نێونەتەوەییەدا، بۆ گەڵاڵەکردنی داخوازیی چینی کرێکاری ئێران بەشداری بکەن.

خۆپیشاندانی ٦ی مانگی ژوئەن لە بەرامبەر ڕێکخراوی جیهانیی کرێکار، دەرفەتێکە بۆ ئەوەی چالاکانی کرێکاری و چەپ و کۆمۆنیست، ناڕەزایەتیی خۆیان دژبە هاودەستیی ناوەندەکانی وەک ڕێکخراوی جیهانیی کار لەگەڵ ڕژیمە دژەکرێکارییەکانی وەک کۆماری ئیسلامی ڕاگەیەنن. لەسەر  خەباتی سەربەخۆ و شۆڕشگێڕانەی چینی کرێکار لەدژی گشت نیزامی سەرمایەداری و ئامرازە نێونەتەوەییەکانی تەئکید بکەن. لە بەرامبەر بێدەنگی و سازشی ئەم ناوەندە لەئاست پێشێلکردنی ئاشکرای یاساکانی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، بوەستن.

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان، لە هەموو هەڵسووڕاوانی چەپ و کۆمۆنیست، لە چالاکانی کرێکاری، لە ناوەند و ڕێکخراوەکانی داکۆکیکاری مافی ئینسان داواکارە کە لەم کۆبوونەوە ئیعترازییەدا، بەشدارییەکی پڕگڕوتین و بەرینان هەبێت و دەنگی کرێکارانی ئێران، دەنگی هاواری قوربانییانی خامۆشی کانگاکان هەتا بەندەر، دەنگی هاواری مانگرتووانی سێشەممەکانی کەمپەینی دژی ئێعدام، دەنگی کپکراوی کرێکارانی پەنابەری ئەفغانستانی، دەنگی شۆڕش و ڕزگاری و ئازادی بن!

بژی هاوپشتیی نێونەتەوەیی چینی کرێکاری

بژی ئازادی، بژی سۆسیالیزم

بڕووخێ ڕژیمی سەرمایەداریی ئیسلامی

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان

واژۆکان: ئیتحادی سۆسیالیستی کارگەری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری – حێکمەتیست، سازمانی ڕاهی کاریگەر، سازمانی فەدائیان (ئەقەلیەت) و هەستەی ئەقەلییەت

٤ی ژوئەنی ٢٠٢٥

بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv