
لە سەروبەندی بەڕێوەچوونی سەد و چواردەیەمین کۆنفرانسی ساڵانەی ڕێکخراوی جیهانیی کارداین و شەڕی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران، هاوڕێ لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، دەرئەنجام و کاریگەریی قورسی لەسەر کار و ژیانی دەیان ملیۆن کرێکار لە سەرانسەری جیهاندا داناوە. ئەمریکا و ئیسرائیل بە بۆردومانی ناوەندەکانی کار و ژێرخانە ئابوورییەکانی ئێران، گیانیان لە دەیان کرێکار سەندووە و سەدان هەزار کرێکاریان بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بێکار کردووە. هەروەها بەهۆی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بۆ سەر ناوەندە ئابوورییەکانی وڵاتانی کەنداوی فارس، هەزاران کرێکاری کۆچبەر ئاوارە بوون و گەڕێندراونەتەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان. بە داخستنی گەرووی هورمز و ڕێگریکردن لە هاتوچۆی کەشتییەکانیش، هەزاران دەریاوان لەناو کەشتییەکاندا گیرییان خواردووە و بەکردەوە زیندانی کراون.
ساڵانێکە پارێزەرانی بزووتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستەکان دەرفەتی کۆبوونەوەی ساڵانەی ڕێکخراوی جیهانیی کار لە ژنێڤ دەقۆزنەوە، بۆ ئەوەی جەخت لەسەر داواکارییەکانی چینی کرێکاری ئێران بکەنەوە. چونکە کرێکاران لە ئێران لە ڕێکخراوە و سەندیکا سەربەخۆکانی خۆیان بێبەشن و هیچ نوێنەرێکیان نییە تا لە کۆبوونەوەی ڕێکخراوی جیهانیی کاردا بەشداری بکات و داواکارییەکانیان بهێنێتە زمان. کۆماری ئیسلامی هەر جۆرە هەوڵێکی کرێکاران بۆ دروستکردنی ڕێکخراوی سەربەخۆی کرێکاری، بە گرتن و ئەشکەنجە و زیندان وەڵام داوەتەوە. ئەوانەی بە ناوی نوێنەرانی کرێکارانەوە لەم کۆبوونەوەیەدا ئامادەن، نێردراوانی ڕژێمی ئیسلامین، نەک نوێنەرانی ڕاستەقینەی کرێکارانی ئێران.
وەرگرتن و قبووڵکردنی نێردراوانی ڕژێمی ئیسلامی لە کۆبوونەوەی ڕێکخراوی جیهانیی کاردا، نەک هەر هیچ متمانە و ئیعتیبارێک بۆ ئەوان لەلای کرێکارانی ئێران دروست ناکات، بەڵکوو ئەوە ئیعتیباری خودی ڕێکخراوی جیهانیی کارە کە خەوشدار بووە و زیانی بەرکەوتووە؛ لەبەر ئەوەی ئەم ڕێکخراوەیە دەیان ساڵە چاوی خۆی لە ئاست پێشێلکردنی ئاشکرای بڕیارنامە و پەیماننامەکانی، لەوانە مافی جیهانیی ڕێکخراوبوون و مانگرتن لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، بەستووە.
داواکارییەکانی کرێکارانی ئێران هێشتا هەر هەمان ئەو خواستە بنەڕەتییانەن کە پارێزەرانی بزووتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستەکان هەموو ساڵێک لەم کۆبوونەوەیەدا هاواریان بۆ کردووە: مافی دروستکردنی ڕێکخراوی سەربەخۆ، مافی مانگرتن، مافی واژۆکردنی گرێبەستی بەکۆمەڵ، قەدەغەکردنی دیاریکردنی کەمترین کرێ کە چەندین هێندە لەژێر هێڵی هەژارییەوەیە، هەڵوەشاندنەوە و قەدەغەکردنی گرێبەستە کاتی و سپیئیمزاکان، هەڵوەشاندنەوەی کۆمپانیا بەڵێندەرەکان (پەیمانکارەکان) و ئازادکردنی کرێکارانی زیندانیکراو.
ڕێکخراوی جیهانیی کار پشتی بە پێکهاتەیەکی «سێقۆڵی» بەستووە. لە ڕوانگەی چالاکانی بزووتنەوەی کرێکاریی ئێرانەوە، دەوڵەتە سەرمایەدارییەکان لە ئێران و وڵاتانی دیکەشدا بێلایەن نین، بەڵکوو پارێزەری بەرژەوەندییەکانی خاوەن پیشەسازییەکان و سەرمایەدارانن. ئەم پێکهاتە سێقۆڵییە، لە باشترین حاڵەتدا، میکانیزمێکی «دوو بە یەک»ـە لە قازانجی خاوەن پیشەسازی و سەرمایەداران؛ بەڵام لە ئێران، لە شوێنێکدا کە کرێکاران لە ڕێکخراوی سەربەخۆی خۆیان بێبەشن، ئەم هاوکێشەیە دەبێتە «سێ بە سفر» لە زیانی بەرژەوەندیی کرێکاران.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، ڕێکخراوی جیهانیی کار دەتوانێت فەزایەک بێت کە تێیدا کرێکارانی ئێران لەگەڵ داواکاریی کرێکارانی وڵاتانی دیکە ئاشنا ببن و دەنگی خۆیان بە گوێی کرێکارانی ناوچەکانی دیکەی جیهان بگەیەنن و هاوپشتیی نێونەتەوەیی کرێکاران بەهێزتر بکەن. سەرەڕای ئەوەش، ڕێکخراوی جیهانیی کار دەتوانێت پێداگری لەسەر جێبەجێکردنی دوو پەیماننامەی گرنگی پەیوەست بە مافی ڕێکخراوبوون و مانگرتن لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بکات و لەم ڕێگەیەوە گوشاری زیاتر بخاتە سەر ڕژێمی ئیسلامی بۆ ملدان بەم مافە جیهانییانەی کرێکاران.
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان، بانگەواز لە سەرجەم چالاکانی چەپ، کۆمۆنیست و کرێکاری، هەروەها دامەزراوە و ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ دەکات کە بە هەماهەنگی لەگەڵ «کۆمیتەی سەرتاسەریی بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە ژنێڤ» لە گردبوونەوەی ٥ی ژوئەندا بەشداری بکەن و لە پێناو کۆتاییهێنان بە شەڕ و بەرەنگاربوونەوەی سزای لەسێدارەدان، ببنە دەنگی کرێکارانی ئێران بۆ شۆڕش، ئازادی و یەکسانی.
بژی هاوپشتیی نێونەتەوەیی چینی کرێکار
بژی ئازادی، بژی سۆسیالیزم
بڕووخێ ڕژێمی سەرمایەداریی ئیسلامی
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان
ئیمزاکان: ئیتحادی سۆسیالیستی کارگەری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری – حێکمەتیست، سازمانی ڕاهی کارگەر، سازمانی فەدائیان (ئەقەلیەت) و هەستەی ئەقەلییەت
٢٧ی گوڵانی ١٤٠٥ – ١٧ی مەی ٢٠٢٦