فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بانگەوازی هاوبەشی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمیتەی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی کارگەری – حێکمەتیست بەبۆنەی هاتنی ڕۆژی جیهانیی ژن
یەکشەممە ۰۶-۱۲-۱۴۰۲   |  25-02-2024

ئەو ئاخێزە جەماوەری و شۆڕشگێڕانەیەی کە مانگی خەرمانانی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی دەستیپێکرد یەکێک لە گرینگترین ئاڵوگۆڕەکانی ساڵانی ڕابردوو لە ئێران بوو. ئاڵوگۆڕێکی شۆڕشگێڕانە کە بەهۆیەوە زایەڵەی یەکسانیخوازی و ئازادیخوازیی ژنان سنوورەکانی ئێرانی تێپەڕاند و بەشێکی گرینگی لە ناوچەکە و جیهان داگرت. ئەو ژنانەی کە بێجگەلە بزووتنەوەی خۆڕاگری و خەباتی بەردەوام لەماوەی ٤٥ ساڵی ڕابردوو لەژێر زنجیری ئەحکام و سوننەتی کۆنەپەرستانە و یاسای دژی ژنی ئیسلامیدا ڕێگایەکیان بۆ نەمابووەوە، لە ناڕەزایەتیی بەدژی هەژاری و نابەرابەری و لەپنێاو گۆڕینی بنەڕەتیی بارودۆخی هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا دەور و نەخشێکی بەرچاویان بینی. ژنان سەرەڕای سەرکوتی وەحشیانە و قەتڵ و کوشتاری دڕندانەی ڕژیمی ئیسلامی، هەرگیز لە خواستەکانیان پاشگەز نەبوون.

ژنان و کچان لە مانگی خەرمانانی ساڵی ١٤٠١دا سەربەرزانە و بە متمانەیان بە خۆڕاگری و هێزی خۆیان، حیجاب ئەم هێمایەی بێمافی و تەحقیری ژنانیان ئاگر تێبەردا. ئەمڕۆ نە پەسندکراوەکانی مەجلیس، نە هێزی سەرکوتگەری حیجاببان و نە هیچ بەکرێگیراوێکی حکوومەتی توانای بەرەنگاربوونەوەی ڕاستەوخۆیانی نییە.

هاوپشتیی خەباتکارانە و ڕۆڵی درەوشاوەی ژنان لەماوەی ٤ دەیەی ڕابردوو بەتایبەت لە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ساڵی ١٤٠١ بەرەو ئەملا، لە ڕووبەڕووبوونەوەیان بەرانبەر سەرکوتگەران لە کۆڵان و شەقام، لە هەموو ناوچە و شارە گەورە و چکۆلەکان، بزووتنەوەی ژنانی کردووەتە خاڵێکی هیوابەخش لە بەرەوپێشچوونی ئاڵوگۆڕەکانی بەردەم کۆمەڵگا.

کارنامەی موقاومەت و بەرەنگاربوونەوەی ژنان لە کوردستان دژبە کۆنەپەرستیی ئیسلامی، دژبە پیاوسالاری، دژبە هەڵاواردن و کلتوور و نەریتی پرتووکاو، پڕە لە نموونەی درەوشاوە لە زۆرێک لە شارەکانی کوردستان. لە خەباتی سەرشەقامی ساڵی ١٤٠١، لە ڕێوڕەسمەکانی یادکردنەوەی گیانبەختکردووان و لە هەموو ناڕەزایەتییەکاندا بەشداریی ژنانی تێکۆشەر و جەسوور یەکجار دیار و بەرچاوە.

ئەمساڵ ژنانی خەباتکار بە پشت بەستن بە هەموو ئەزموون و دەستکەوتەکانی هەتا ئێستایان دەتوانن لە کوردستان ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژن بکەنە مۆتەکەیەکی دیکە بۆ ئەم دەسەڵاتە. کۆماری ئیسلامی لە هەموو شوێنێک بەرەوڕووی موقاومەتی سەرسەختانە و ئیعتڕازی ژنان بووەتەوە و ئەم بابەتە تەنانەت درزی خستووەتە ناو ڕیزی حاکمانی ڕژیمەوە.

لە ٨ی مارسی ئەمساڵدا جێی خۆیەتی لە هەموو شارەکانی کوردستان ئاڵای “نا” بۆ حکوومەتی دژی ژن، هەڵوەشاندنەوەی هەموو جۆرە ستەمێک بەرانبەر ژنان، نەمانی هەڵاواردنی ڕەگەزی لە هەموو بوارەکان بگرینە دەست و یەکگرتوو و بەهێز لە بەرابەر گشت ئەم دەسەڵاتە دژەژنەدا ڕاوەستین. لە ڕۆژی ٨ی مارسدا پێویستە ڕایگەیەنین کە ژنان چیتر سووکایەتی و ژێردەستەیی قەبووڵ ناکەن. با بەدژی بنەماکانی ژێردەستەیی ژن، هەموو ئازادیخوازان بانگەشەی بەرەنگاربوونەوە بەرانبەر بە کۆنەپەرستیی ئیسلامی بکەین. بزووتنەوەی ژنان لە کوردستان، لە گۆڕستانی ئایچییەوە هەتا نەبەردی ژنان لە سەرتاسەری کوردستان نیشانی داوە کە خاوەنی وەها توانا و هێزێکە.

ئەمڕۆ تەنها ئامرازی ڕژیم بۆ درێژەدان و پاراستنی دەسەڵاتەکەی سەرکوت و میلیتاریزەکردنی کۆمەڵگایە. با لە ٨ی مارسدا بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەم سیاسەتانە، یەکگرتوو و یەکپارچە بۆ جارێکی تر هێزی جەماوەری ڕاپەڕیو نیشان بدەین. خواستی هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم یاساکانی دژی ژن و نەمانی هەڵاواردنی ڕەگەزی مەرجی پێویستە بۆ ڕزگاری لە زنجیری دیلیەتیی مەزهەب و بەربەرییەتی دینی. بەڵام مەرجی بنچینەیی بۆ وەدیهاتنی ئازادیی یەکجاریی ژن، تێکشکاندنی بناغەکانی نیزامی نابەرابەری سەرمایەدارییە، کە ستەم لەسەر بنەمای ڕەگەز و جۆرەکانی تری جیاکاری و دابەشکاری دەخوازێت و بەرهەمی دەهێنێتەوە.

ئێمە داوا لە خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان دەکەین کە لە ڕۆژی ٨ی مارسدا داهێنەری بەڕێوەبردنی شکۆداری ڕۆژی جیهانیی ژن بن. هەڵوەشاندنەوەی حیجابی ئیسلامی و هەڵاواردنی ڕەگەزی، ئازادیی سەرجەم زیندانیانی سیاسی بە تەئکیدکردن لەسەر تاوانە نەبەخشراوەکانی حکوومەت و موحاکمەی جەنایەتکاران بکەینە ئاڵای دادخوازیی ژنانی خەباتکار.

لە خۆپیشاندان و کۆبوونەوە هەتا جێژن و شادی و وتار و بڵاوکردنەوەی گوڵ و شیرینی و هەموو جۆرە داهێنانێک، دەتوانێ شار و کۆڵان و شەقامی شارەکان بڕازێنێتەوە و وەبیرهێنەرەوەی درێژەدانی ڕێگای گیانبەختکردووانی ئازادی و سۆسیالیزم بێت.

سەرکەوێ بزووتنەوەی ئازادیی ژن

بژی دەسەڵاتی شۆرایی لە کوردستان

بژی سۆسیالیزم

١ی ڕەشەممەی ١٤٠٢ی هەتاوی

٢٠ فێوریەی ٢٠٢٤ی زایینی