بانگەوازی هاوبەش: هەوڵ بۆ پێکهێنانی بەرەی چەپ و سۆسیالیستی لە کوردستان
چوارشەممە ۰۴-۰۸-۱۴۰۱   |  26-10-2022
کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
کۆمیتەی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران – حێکمەتیست
- بۆ پێشخستن و هیدایەتی خەباتی هەمەلایەنە لەپێناو ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕێژیمی ئیسلامی
- بۆ یارمەتیدانی ڕێکخستنی جەماوەری و چینایەتیی کرێکاران، پێکهێنانی شۆرای گەڕەکەکان، پێکهێنانی ڕێکخراوی جەماوەریی ژنان، مامۆستایان و خوێندکاران و …
- بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری کۆمەڵگە بەدەستی خودی خەڵک و پێکهێنانی ئۆرگانەکانی دەسەڵاتی جەماوەری لە شار و دێ و بۆ دەسەڵاتی شۆرایی و داسەپاندنی ئیرادەی ڕاستەوخۆی خەڵک لە کوردستان
- بۆ پتەوکردنی پەیوەندی و هاوپشتیی خەباتی خەڵکی کوردستان لەگەڵ بزووتنەوەی پێشڕەوی کۆمەڵایەتی و جەماوەریی خەڵک لە سەرانسەری ئێران
- بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ پلان و سیاسەتی دەخاڵەتگەرانەی زلهێزەکانی جیهان و هاوپەیمانانی ناوچەییان بەمەبەستی داسەپاندنی بەدیلی ڕاست بەسەر ڕەوتی ڕووداوە سیاسییەکان لە ئێران و کوردستان
- بۆ پەراوێزخستنی هەرجۆرە پلان و بەدیلێک کە لەسەر سەری خەڵکی کوردستانەوە بەڕێوە دەچێت
- بۆ جیاکردنەوەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان لە ستراتێژ و سیاسەتی پارتە بورژوا – ناسیۆنالیستەکان لە کوردستان و بەهێزکردنی ستراتێژی سۆسیالیستی لەئاستی کۆمەڵایەتیدا
- بۆ پەرەپێدانی ڕەخنە و وشیاریی کۆمۆنیستی بەرامبەربە ئاسۆ و سیاسەتی ناسیۆنالیستی لە کۆمەڵگە و بۆ پێشڕەویی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی و گۆڕانکاریی واقعی لە ژیانی کۆمەڵایەتیی جەماوەری خەڵکی کوردستان
- بۆ کۆتایی هێنان بە ستەمی نەتەوەیی
- بۆ دیفاع لە مافە سەرەتاییەکانی خەڵکی کوردستان، لەوانە دیفاع لە مافی دەست بردن بۆ چەک و ڕێکخستنی هێزی چەکدار بەئامانجی بەرگریکردن لە مافەکانیان؛
- بۆ بەهێزکردنی هاوپشتیی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش و ستەمدیدەی کوردستانی ئێران لەگەڵ خەباتی ئازادیخوازانەی خەڵکی کوردستانی عێراق، تورکییە و سووریە لەپێناو ئازادی، نەمانی ستەمی نەتەوەیی و دژبە هەژاری و نایەکسانیی کۆمەڵایەتی و بۆ بەهێزکردنی هاوپشتیی لەگەڵ بزووتنەوەی ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی لەئاستی ناوچەکە و لە سەرانسەری جیهان
- بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتی شۆرایی خەڵک لە کوردستان
هەموو ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و یەکسانیخواز، پارت و ڕێکخراوەکان، هەڵسووڕاوانی چەپ و سۆسیالیست بانگەشەی پێکهێنانی بەرەی چەپ و سۆسیالیستی لە کوردستان دەکەین. پێشەکی دەستی هەموو حیزب و لایەنەکان، ژنان و پیاوانی ئازادیخواز، چالاکانی چەپ و سۆسیالیست کە دەیانهەێ لە ئەنجامدانی ئەم بابەتە گرنگەدا بەشدار بن، بە گەرمی دەگوشین.
بڕووخێ کۆماری ئیسلامی!
بەرقەرار بێ دەسەڵاتی شۆرایی!
بژی سۆسیالیزم!
ڕەزبەری ١٤٠١
ئۆکتۆبری ٢٠٢٢