ڕەوتی ئاخێز و ڕاپەڕینی خەڵک لە سەرانسەری ئێران دژبە کۆماری ئیسلامی لەئێستادا چووەتە قۆناغێکی هەستیار و چارەنووسسازەوە. درێژەی زیاتر لە یەک مانگ و نیو خەباتی لێبڕاوانەی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و لاوانی شۆڕشگێڕ پێکهاتوو لە توێژ و چینەکانی کۆمەڵگای ئێران لەماوەی چوار دەیە دەسەڵاتی جەنایەتکارانەی کۆماری ئیسلامیدا بێوێنە بووە. ئەم ئاخێزە مەزنە کۆمەڵایەتییە کە لەلایەن زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی شەریف و ئازادیخوازی کوردستان و سەرانسەری ئێران پشتیوانی لێ دەکرێ، نە تەنیا لە کوردستان و ئێران بەڵکوو لە سەرتاسەری جیهان ڕەنگدانەوەی بەرینی بووە. ئەم ڕاپەڕینە مەزنە ڕیشەی لە هەژاری و بێکاری و برسییەتی و زوڵم و ستەمێک دایە کە زیاتر لە ٤٠ ساڵە ڕێژیمی ئیسلامی بەسەر جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی سەرانسەری ئێراندا سەپاندوویەتی. لەم ڕووەوە گومان لەوەدا نییە کە ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان هەتا ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی بەردەوام دەبن. مێژوو و ئەزموونیش نیشانی داوین کە دەسەڵاتە دیکتاتۆر و دژەئینسانییەکان هەر ئەندازە هار و دڕندەش بووبن، بەرگەی خرۆشی شۆڕشگێڕانەی جەماوەریان نەگرتووە و لەناوچوونیان حەتمی بووە.
لەگەڵ درێژە و پەرەسەندنی ئەم ناڕەزایەتییانە، هەتا ئێستا زۆرێک لە عەوامل و بەرپرسانی ڕێژیمیش بەم واقعییەتە گەیشتوون کە تەمەنی کۆماری ئیسلامی کۆتایی هاتووە و ڕێژیم دەڕووخێت. هەست بە وەها مەترسییەک لە ڕەفتار و کەلامی ڕێبەران و بەرپرسانی ڕێژیم لە خامنەییەوە تا خوارێ دەبیندرێ. ژمارەیەک لە بەرپرسان و کارگێڕانی ڕێژیمیش لەم مەترسییە گەیشتوون و هەر لەئێستاوە لە فکری دیتنەوەی دەرەتانێکدان بۆ داهاتووی خۆیان. زۆربەیان لە ڕێژیم دوور کەوتوونەتەوە و هەوڵ دەدەن ڕێگایەک بۆ دەربازبوونی خۆیان بدۆزنەوە. لەو ڕاستایەدا ژمارەیەکیشیان گەڕاونەتەوە ناو ڕێزەکانی خەڵک. ئەوانەش وا کە لەڕێگەی دزی و گەندەڵییەوە سەروەتێکی زۆریان تاڵان کردووە، لە ئێران دەڕۆنە دەرێ. هەواڵی هەڵاتنی نهێنیی بەرپرسان و بنەماڵەکانیان بۆ دەرەوەی وڵات لە فڕۆکەخانەکانەوە ڕۆژانە لە میدیاکاندا بڵاودەکرێتەوە. تا جێیەک کە سەرانی حکومەت فەرمانی نهێنی بە فڕۆکەخانە و تێرمیناڵە سنوورییەکان دەدەن بۆ ئەوەی ئەم هەواڵانە دزە نەکەن.
لەو نێوەدا ئێوە ڕێزەکانی خوارەوەی هێزی چەکداری سپا، ئەرتەش، پۆلیس و بەسیج و بەکرێگیراوانی مەحەلی کە خزمەت بەم ڕێژیمە جەنایەتکارە دەکەن و ڕێژیم ڕۆژانە بۆ کوشتن و سەرکوتی خەڵک بەکارتان دێنێ و دەتانخاتە بەرامبەری خەڵک، قوربانییانی پاراستنی بەرژەوەندی حاکمان و کارگێڕانی ڕێژیمی ئیسلامین. دیارە بەشێک لە ئێوەش منداڵی ئەو بنەماڵە بێبەشانەی کوردستانن کە حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایە زیاتر لە ٤٠ ساڵە هەژاری و تەنگدەستیی بەسەر ئێوە و بنەماڵەکانتاندا سەپاندووە. کەسانێک کە هەتا ئێستاش لە ڕیزیەکانی ڕێژێمدا کوژراون و برینداربوون ئەوانیش هەر لەو بنەماڵە هەژار و بێبەشانەی کۆمەڵگان. ئایا هەتا ئێستا بینیوتانە کە منداڵی بەرپرسانی ڕێژیم و یان منداڵی سەرمایەداران ناردرابنە بەرەی شەڕ و یان بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ خەڵکی ناڕازی ڕەوانەی شەقام کرابێن؟ بۆچی ئێوە دەبێ قوربانیی درێژەی تەمەنی دەسەڵاتی دزان و گەندەڵانێک بن کە ڕێبەران، بەرپرسان و کارگێڕان و ئاغازادەکانی ملیۆنها و ملیاردها دۆلار لە سەروەت و سامانی کۆمەڵگەیان تاڵان کردووە و لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات لە ناز و نیعمەتدا بەسەر دەبەن. قازانجی ئێوە مانەوە لەناو ڕێزەکانی پارێزەری دەسەڵاتی ئیسلامیدا نییە.
ڕێزەکانی خوارەوەی هێزی چەکداری حکوومەتی ئیسلامی!
کاتێک بە ئەنگوستەکانتان ماشەی تفەنگ فشار دەدەن، ئاگادار بن کە گولـلەکانی لە سینگی ئەو خەڵکە زەحمەتکێشە دەدرێت کە هەروەک خۆتان لەژێر ستەم و مەشەقەت دا بوون. لە سینگی لاوان و خەڵکێک دەدرێت کە ئیرادەیان کردووە و بۆ ئازادی و بەرابەری و ڕەفاهی ئینسانەکان و بۆ نەجاتی خۆدی ئێوەش خەبات دەکەن. لەوە زیاتر چارەنووسی خۆتان بە چارەنووسی ئەم ڕێژیمەوە گرێ مەدەن. چارەنووسێکی تر چاوەڕوانتان دەکات. با درەنگ نەبێ، شک و گومان وەلا نێن. هەر ئەمڕۆ ڕیزی دژەشۆڕشی حکوومەتی ئیسلامی جێ بهێڵن و بە ڕیزی خەڵکی خەباتکار و شۆڕشگێڕ پەیوەست بن. بێگومان ئەگەر بە ڕیزی خەڵک پەیوەست بن، خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان بە باوەشی کراوەوە پێشوازیتان لێ دەکەن و لە هەڵبژاردن و گرتنەبەری ژیانێکی سەربەرزانەدا یارمەتیدەرتان دەبن.
بڕووخێ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی
بژی دەسەڵاتی شۆرایی خەڵک لە کوردستان
کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)
١٢ی خەزەڵوەری ١٤٠١
٣ی نوامبری ٢٠٢٢