فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بانگەوازی کۆمەڵە بۆ مانگرتنی گشتی لە ٢٥ی خەرمانان دووهەمین ساڵڕۆژی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا
پێنجشەممە ۲۲-۰۶-۱۴۰۳   |  12-09-2024

خەڵکی تێکۆشەر و ئازادیخوازی کوردستان!

ژنان و پیاوانی کرێکار و زەحمەتکێش!

لە سەروبەندی ٢٥ی خەرمانان دووهەمین ساڵیادی قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی بەدەستی ڕژیمی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامیداین. لە مانگی خەرمانانی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی ئاگری تووڕەیی و ناڕەزایەتیی جەماوەری کوردستان لەدژی ئەم تاوان و قەتڵە حکوومەتییە بەخێرایی سەرتاسەری ئێرانی داگرت. لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی خەباتکاری کوردستان هاوهەنگاو و هاوشان لەگەڵ ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و یەکسانیخواز، جەماوەری وەگیانهاتوو لە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە سەرانسەری ئێران سەرەڕای هەڵکشان و داکشانەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا لە خەبات دژبە جەنایات و سەرکوتگەرییەکانی ئەم ڕژیمە لە هیچ فیداکاری و تێکۆشانێک دەریغیان نەکرد. خەڵکی تێکۆشەری کوردستان لە کردەوەیەکی سیاسیی شکۆمەند و هاوئاهەنگ لەگەڵ خەڵکی سەرتاسەری ئێران لە ١١ی مانگی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردووەوە هەتا ئێستا سێ جار مۆری ناڕەوابوون و نامەشرووعبوونیان لە نێوچاوانی کۆماری ئیسلامی داوە. خەڵکی کوردستان گاڵتەجاڕییەکانی هەڵبژاردنی دەسەڵاتی ئسیلامییان کردە ڕێفراندۆمی نا بۆ گشت کۆماری ئیسلامی. خەڵکی کوردستان هاوڕێ لەگەڵ خەڵکی سەرتاسەری ئێران بە شکست پێهێنانی شانۆکانی ئینتخاباتی کۆماری ئیسلامی قەیران و ململانێی باندەکانی ناو حکوومەتیان توندتر کردەوە و نیشانیاندا کە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا بۆ ڕووخاندنی ئەم ڕژیمە و بۆ کۆتایی هێنان بە هەژاری و نەهامەتیی ئابووری، هەڵاواردنی ڕەگەزی و نەتەوەیی و جۆرەکانی تری بێ مافیی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەروا درێژەی هەیە.

کابینەی ئیبڕاهیمی ڕەئیسی بە وەبەر گولـلەدانی ناڕازییان لەسەر شەقامەکان، بە کوێرکردنی چاوەکان، بە هێرشی کیمیایی بۆسەر خوێندنگاکان، بە هێرشی ڕێکخراو بۆسەر زانکۆکان، بە هەوڵ بۆ تەفرەقە دروستکردن لە نێوان بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان و بزووتنەوەی سەرتاسەری، بە ڕاگەیاندنی شەڕی سەرانسەری لەدژی ژنان بۆ داسەپاندنی حیجابی زۆرەکی نەیتوانی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران چاوترسێن بکات. لەئێستادا پزیشکیان سەرۆک کۆماری ملکەچ و خزمەتکاری ویلایەت، سەرۆکی کابینەی جەهادیی خامنەیی، لە حاڵێکدا کە لاوازی و داماویی خۆی لە بەرامبەر هێرشی زەلیلکەری دەوڵەتی ئیسرائیل لەژێرناوی جۆراوجۆردا پاساو دەکات، بەڵام بە پەرەپێدانی سەرکوت و بە وەڕێخستنی شەپۆلی دەستبەسەرکردنی چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و بە وەڕێخستنی شەپۆلی ئێعدامەکان لە سەرانسەری ئێران و بەتایبەت لە کوردستان دەیهەوێ مەئموورییەتی دەوڵەتی ڕەئیسی بە سەرەنجام بگەیەنێ و کۆمەڵگا بۆ قۆناغی بەر لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا بگەڕێنێتەوە. بێگومان کرێکاران، پەرستاران، موعەلیمان، خانەنشینان و زیندانییانی سیاسی بە درێژەی بزووتنەوەی مانگرتن و ناڕەزایەتیی خۆیان لە هاوپشتی لەگەڵ باقیی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان لە سەرتاسەری ئێران سیاسەتی هێرشی بەرگرانەی دەوڵەتی پزیشکیانیش شکست پێ دێنن.

خەڵکی ستەمدیدە و تێکۆشەری کوردستان کە هەر لە سەرەتای بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژیناوە بە هاواری “ژن، ژیان، ئازادی” و “مەرگ بۆ خامنەیی” و لە درێژەدا بە شکست پێهێنانی شانۆکانی هەڵبژاردنی ڕژیم لە کوردستان، گەلێک دیمەنی شکۆداریان لە یەکگرتوویی و هاوپشتی لەگەڵ بزووتنەوەی سەرتاسەری نیشان دا، ئەو خەڵکە تێکۆشەرەی کە ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە یادی گیانبەختکردووانی خۆشیان کردە ڕەمزی یەکگرتن و خەبات لەدژی ئەم دەسەڵاتە تاوانکارە و یاسا ئیسلامییەکانی، دەتوانن دەورونەخشێکی بەرچاویان لە تێکشکاندنی ستراتێژ و سیاسەتی سەرکوتگەرانەی حکوومەتی ئیسلامیدا هەبێت.

ئێستا لە سەروبەندی دووهەمین ساڵڕۆژی قەتڵی حکوومەتیی ژینا و سەرهەڵدانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی سەرتاسەریدا، لە کاتێکدا کە هەوڵی بەرین لەلایەن لاوانی شۆڕشگێڕ لە مەحەلاتی شارە جۆراوجۆرەکان، ڕێکخراوە خوێندکارییەکان و ناوەند و هەڵسووڕاوانی بوارە جۆراوجۆرەکانی چالاکیی کۆمەڵایەتی لە شارەکانی کوردستان و سەرتاسەری ئێران بۆ ڕێزلێنان لەم ڕۆژە لەئارادایە، کۆمەڵە، هاوکات لەگەڵ ئەم هەوڵانە خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و تێکۆشەری کوردستان بۆ بەڕێوەبردنی مانگرتنی گشتی لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی خەرمانان بانگەشە دەکات. ڕۆژی ٢٥ی خەرمانان بکەنە ڕەمزی یەکگرتوویی و هاوپشتی و بیکەنە هێمای عەزم و ئیرادەی قایمتان بۆ بەدواداچوونی ئامانجەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا و بۆ تێکشکاندنی سیاسەتی سەرکوتگەرانەی کۆماری ئیسلامی.

با بە مانگرتنی گشتی و بە حزوور لەسەر گڵکۆی گیانبەختکردووان، ڕێز لە یادی ژینا ئەمینی و سەرجەم گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی سەرتاسەری بگرین و دەستکەوتەکانی ئەم بزووتنەوەیە بەرز بنرخێنین.

بە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ڕاگەیەنین کە دەبێ کۆتایی بە لێپرسینەوە و گرتن و پەروەندەسازی لەدژی چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بێنێ. ڕایگەیەنین کە بەندکراوانی سیاسی لە کوردستان و سەرتاسەری ئێران دەبێ ئازاد بکرێن.

یەکدەنگ و لێبڕاوانە ئێعدامی بەندکراوان مەحکووم بکەین و خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی سزای ئێعدام بین.

خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!

بە مانگرتنی گشتی لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی مانگی خەرمانان بۆ جارێکی تر بڕیار و ئیرادەی قایمتان بۆ درێژەی خەبات دژبە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، بۆ کۆتایی هێنان بە هەڵاواردن و نابەرابەری، بۆ یەکگرتوویی و هاوپشتی لەگەڵ بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و سەرتاسەریی خەڵکی ئێران لەپێناوی ڕووخاندنی ئەم ڕژیمە جەنایەتکارە ڕاگەیەنن. خەڵکی تێکۆشەری کوردستان بەو ئەزموونە بەنرخانەی کە لە خەبات دژبە ڕژیمی ئیسلامی بەدەستیان هێناوە، بە بەڕێوەبردنی ئەم مانگرتنە گشتییە لە ساڵڕۆژی قەتڵی حکوومەتی ژینا ئەمینیدا لاپەڕەیەکی دیکە لە مێژووی شکۆداری موقاومەت و خەباتی خۆیان هەڵدەدەنەوە و نیشانی دەدەن کە هەرگیز گیانبەختکردووانی خۆیان لەبیر ناکەن و بۆ دەستەبەرکردنی خواستی شۆڕشگێڕانەیان، لێبڕاوانە درێژە بە خەباتیان دەدەن.

کۆمەڵە لە کرێکاران و خەڵکی تێکۆشەری سەرتاسەری ئێران، لە چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان داواکارە بە هەر شێوەیەک کە دەتوانن دووهەمین ساڵڕۆژی دەستپێکی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی سەرتاسەری ڕێز لێ بنێن و لە مانگرتنی گشتی و یەکپارچەی خەڵکی کوردستان پشتیوانی بکەن.

بەرز و بەڕێز بێ یادی گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا

بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی

بژی دەسەڵاتی شۆرایی خەڵک لە کوردستان

کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

٢٠ی خەرمانانی ١٤٠٣ی هەتاوی

١٠ی سێپتامبەری ٢٠٢٤ی زایینی