
دەوڵەتی دەستنشاندەی ئەحمەد شەرع لە سووریا، لە ماوەی ١٣ مانگدا کە لە سیناریۆی هاتنەسەرکاری لەلایەن تورکیا و ئەمریکا و قەتەرەوە تێدەپەڕێت، لەجیاتی ئەوەی هەنگاوێک بۆ سەروساماندان بە دۆخی ئابووری و ژیانی کۆمەڵانی خەڵکی ستەملێکراوی سووریا هەڵبگرێت، بەردەوام لە خزمەت جێبەجێکردنی ئامانج و بەرنامە سیاسی و ئەمنییەکانی دەوڵەتانی ئەمریکا، تورکیا، ئیسرائیل و هەندێک لە دەوڵەتانی عەرەبیدا بووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە دۆخی ئابووریی سووریا قەیراناویتر بووەتەوە. وێرانکارییەکانی سەرچاوەگرتوو لە شەڕی ١٥ ساڵەی ئەسەد بە هاوکاریی سەربازیی ڕووسیا و کۆماری ئیسلامی دژی ناڕازییان و گرووپە تێرۆریستە ئیسلامییەکان، هێشتا وەک خۆی ماوەتەوە؛ هەڵاوسان، گرانی، داڕمانی بەهای لیرەی سووری و دابەزینی توانای کڕینی کرێکاران و زۆرینەی هەرەزۆری خەڵک، ژیان و گوزەرانیانی بەرەوڕووی کێشە و ئاستەنگی زۆر کردووەتەوە.
بەڵام دەوڵەتی ئەحمەد شەرع وەک ئامراز و داردەستی دەوڵەتی تورکیا، خەڵکی وەگیانهاتووی سووریای لە گێژاوی شەڕ و جینۆسایدی ناوخۆییدا گرفتار کردووە. ئەم ڕێبەرە جیهادییەی “تەحریر ئەلشام”، دوای گەیشتن بە دەسەڵات و لەبەرکردنی کۆت و شەڵواڕ و کڕاوات، بەڵێنی دابوو کە حکوومەتێکی گشتگیر لە هەموو کەمایەتییەکانی سووریا پێبکهێنێت. بەڵام هێشتا سێ مانگ تێنەپەڕیبوو کە لە مارسی ٢٠٢٥ـدا هێرشی کردە سەر “لازقیە” و “تەرتووس” لە بەشی لێواراوەکانی ڕۆژاوای سووریا کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی عەلەوین، سەدان کەسیان بە شێوەیەکی وەحشیانە کوشت و ماڵی خەڵکیان تاڵان کرد و دەستدرێژییان کردە سەریان. بەدوای ئەوەشدا لە مانگی ئاپریل و جووڵایدا، شەڕی دژی درووزەکانی لە باشووری سووریا هەڵگیرساند کە خوازیاری بەشداری لە پێکهێنانی حکوومەت بوون و ناڕەزایەتییان هەبوو بەرامبەر بە پەراوێزخستنی هەندێک لە ڕێبەرەکانیان لە پڕۆسەی پێکهێنانی دەوڵەتدا. هەڵبەت دەوڵەتی داگیرکەر و جینۆسایدکەری ئیسرائیلیش بە ئامانجی داگیرکاری و کۆنتڕۆڵکردنی بەشێکی زیاتر لە جۆلان و باشووری سووریا، هەوڵیدا کەڵک لەم بزووتنەوە ناڕەزایەتییە وەربگرێت. دواجار نۆرە گەیشتە کوردەکان کە بۆ ماوەی ١٤ ساڵە کۆنترۆڵی کوردستانی “ڕۆژاوا” و بەشێکی زۆر لە باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریایان بەدەستەوە بووە و لە چوارچێوەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکدا ئیدارەیان کردووە. دیارە شەڕکردن لەگەڵ کوردستان بە لەبەرچاوگرتنی بوونی هێزی سەربازیی بەئەزموون و ڕێکخراوی “هێزەکانی سووریای دیموکرات”، کە لە ژنان و پیاوانی ڕێکخراو و خەباتکار پێکهاتووە، وەک ناوچەکانی دیکە بۆیان ئاسان نەبووە و پێویستی بە ڕێککەوتن و هاوکاریی ئەمریکا، تورکیا و ئیسرائیلیش هەبووە.
لەم نێوەندەدا ڕۆڵ و ئامانجی پاوانخوازانەی دەوڵەتی شۆڤێنیستی تورکیا و دوژمنایەتییەکەی لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستانی سووریا، ڕاستییەکی عەینی و حاشاهەڵنەگرە. دەوڵەتی ئەردۆغان لە ماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوودا بەردەوام بە لەشکرکێشی و ڕێکخستنی گرووپە تێرۆریستە چەکدارەکان بەشێکی زۆری کوردستانی سووریای داگیر کردووە؛ بە بۆمباران و تۆپبارانی ناوەند و ژێرخانەکانی ئاو، کارەبا و وزە و تەنانەت بۆمبارانی نەخۆشخانە و قوتابخانەکان، سرووشتی شۆڤێنیستیی خۆی زیاتر دەرخستووە. دەتوانین بڵێین بەشێک لە پاڵنەر و کردەوەی تورکیا بۆ بە دەسەڵات گەیاندنی ئەحمەد شەرع، هەر بە ئامانجی لەناوبردنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و هەموو چەشنە دەسەڵاتێکی خەڵکی کورد بووە بەسەر چارەنووسی خۆیانەوە.
لەو ماوەیەدا دەوڵەتی تورکیا بە گوشار و پێدانی ئیمتیاز و سات و سەودا لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، لە هەوڵدا بووە گەڵاڵەی هێرشی سەربازی بۆ سەر ڕۆژاوا لە ڕێگەی دەوڵەتی سووریاوە جێبەجێ بکات. بە تەماحخستنەبەر و دابەشکردنی پارە بەسەر سەرۆک عەشیرەتەکانی دێرەزوور و ڕەققەدا کە پێشتر لایەنگری “هێزەکانی سووریای دیموکراتیک” بوون، ئەوانی بەلای خۆیدا ڕاکێشا و دژی هێزە کوردەکان هانیدان.
سەبارەت بە شەڕی ئەم دواییەی دەوڵەتانی سووریا و تورکیا دژی خەڵکی ڕۆژاوا، ئاژانسى هەواڵدەریی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند کە ڕۆژی ١٦ی بەفرانبار لە کۆبوونەوەی پاریس بە بەشداریی نوێنەرانی سووریا، تورکیا، ئەمریکا، ئیسرائیل و فەڕانسە، پێشنیاری سووریا بۆ هێرشی سەربازیی سنووردار بۆ سەر ڕۆژاوا خرایە بەرباس و ئەمریکا و ئیسرائیلیش دژایەتییان نەکردووە. بەدوای ئەو کۆبوونەوەیەدا و ئێوارەی هەمان ڕۆژ، هێزەکانی دەوڵەتی شەرع پەلامارێکی وەحشیانەیان کردە سەر دوو گەڕەکی کوردنشینی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەڵەب و لە ماوەی چەند ڕۆژ شەڕدا، هەزاران بنەماڵەیان ئاوارە و خانوویەکی زۆریان وێران کرد و سەدان کەسیشیان کوشت و بریندار کرد. بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆیتەرز، دوای ئەوە، دەوڵەتی تورکیا لە پەیامێکدا بۆ ئەحمەد شەرع وێڕای پیرۆزبایی سەرکەوتن، ڕەزامەندیی ئەمریکای سەبارەت بە هێرشی سەربازی بۆ سەر ناوچە کوردنشینەکانی دیکەی سووریا پێ ڕاگەیاندووە.
دەوڵەتی سووریاش هێرشی سەربازیی بەربڵاوی بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی “هەسەدە” لە پارێزگاکانی دێرەزوور، ڕەققە، حەسەکە، کۆبانی، بەنداوی تشرین و زیندان و کەمپەکان -کە ساڵانێکە تێرۆریستانی داعش و بنەماڵەکانیانی تێدا ڕاگیراون- ڕێکخست و ناویان لێنا “فوتوحاتی ئیسلام دژی کوفار”. شاری کۆبانیی خۆڕاگر کە ساڵی ١٣٩٣ داعشی تێکشکاند و پۆزی بە خاکدا ماڵی و بووە جێی شانازیی جیهان، لە ئاکامی ئۆپەراسیۆنی لەشکری ئیسلامیی شەرعدا، زیاتر لە هەفتەیەکە گەمارۆ دراوە، ئاو و کارەبا و گەیشتنی خۆراک و دەرمانیان لێ بڕیوە و تا ئێستا ٦ منداڵ بەهۆی سەرماوە گیانیان لەدەست داوە. هەڵبەت ئەم گۆڕانکارییانە بەدوای بەناو ڕێککەوتنگەلێکدا هات کە لەلایەن ئەحمەد شەرع و دەوڵەتانی تورکیا و ئەمریکاوە بەسەر مەزلووم عەبدیدا سەپێندرابوو. بەڵام هێزە جیهادییەکانی ئەحمەد شەرع پێش وادەی جێبەجێکردنی هەر ئەم ڕێککەوتنە سەپێنراوانەش پەلاماری سەربازیی خۆیان دەست پێ کرد.
هەڵبەت هێزەکانی “هەسەدە” لە بەرامبەر هێرشی هێزەکانی ئەحمەد شەرع بۆ سەر کوردستان دەستیان داوەتە بەرخودان و مقاوەمەت و تا ئێستا لەم شەڕانەدا ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی هەردوولا کوژراو و بریندار بوون. بەهۆی تۆپبارانی شار و گوندەکان لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتەوە، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی کوردستانی سووریاش گیانیان بەخت کردووە. هەواڵ و گرتە ڤیدیۆییەکی زۆر لە کوشتن، ئێعدام و سەربڕین لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتی ئەحمەد شەرعەوە بڵاو بووەتەوە کە ئاستی دڕندەیی ئەم هێزانە نیشان دەدات. هەڵبەت لەم شەڕانەدا هێزەکانی “هەسەدە”ش تەڵەفات و زیانی زۆریان بە ئەرتەش و گرووپە بەکرێگیراوەکانی دەوڵەتی سووریا گەیاندووە و تەنانەت هێزە دژە تێرۆرەکانی “هەسەدە” لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە شەوی یەکشەممە ٥ی ڕێبەندان، بەشێک لە گەمارۆکەیان شکاندووە و چوونەتە نێو کۆبانی.
بە لەبەرچاوگرتنی ئامادەیی گشتیی کۆمەڵانی خەڵک بۆ بەرگری لە بەرامبەر دەستدرێژیی هێزەکانی دەوڵەتی شەرع و بوونی هێزی بەئەزموون و خەباتکاری ژنان و پیاوانی “یەپەژە” و “یەپەگە”، دەوڵەتی ئەحمەد شەرع کە بەرەوڕووی قەیرانی زۆر بووەتەوە، ناتوانێت ئامانجەکانی خۆی بپێکێت. هەر وەک چۆن دەوڵەتی فاشیستی ئەردۆغانیش تا ئێستا نەیتوانیوە لەناویان ببات.
ئاڵوگۆڕەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو جارێکی دیکە ئەوەی سەلماند کە نە دەوڵەتی ئەمریکا، نە دەوڵەتی ئیسرائیل و نە هیچ زلهێزێکی ئیمپریالیست پشتیوانی ئازادی و سەقامگیری و خۆشگوزەرانیی خەڵک نین و تەنیا لە ڕێگەی پشتبەستنی ئاگایانە بە هێزی یەکگرتووی کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی چەوساوەوە دەتوانرێت ماشینى جەنگ و داگیرکاریی هێزە کۆنەپەرستەکانی سەرمایەداری پاشەکشەی پێ بکرێت و ئاسۆی ڕزگاری بە ڕووی کۆمەڵگادا بکرێتەوە. لە هەلومەرجی ئێستادا بزووتنەوەی ڕۆژاوا زیاتر لە هەموو کاتێک پێویستی بە هاوپشتی و پشتیوانیی مرۆڤەکان و بزووتنەوە ئازادیخواز و بەرابەریتەڵەبەکان لە سووریا و وڵاتانی ناوچەکە و سەرتاسەری جیهان هەیە. بەڕێوەچوونی خۆپیشاندان و کۆڕ و کۆبوونەوە جەماوەرییەکان بەتایبەت لە شارەکانی تورکیا و کوردستانی عێراق لە هاوپشتی لەگەڵ ڕۆژئاوا و دژی پەلاماری دەوڵەتی ئیسلامیی سووریا و دژی پیلانەکانی دەوڵەتانی تورکیا و ئەمریکا، دەتوانێت تێچووی ئەم سیاسەتە پاوانخوازانە و کۆنەپەرستانەیە بۆ دەوڵەتی تورکیا بەرز بکاتەوە. لە کوردستانی ئێران پێویستە، ناوەند و چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و مرۆڤە تێکۆشەر و ئازادیخوازەکان بە هەر شێوەیەک کە دەتوانن، هاوپشتیی خۆیان لەگەڵ بزووتنەوەی بەرخودانی خەڵکی کوردستانی سووریا نیشان بدەن. بەردەوامیی بزووتنەوەی هاوپشتی لەگەڵ ڕۆژاوا لە وڵاتانی ئەورووپا و پەرەپێدانی بۆ وڵاتانی دیکە و ڕاکێشانی سەرنج و پشتیوانیی ڕای گشتیی جیهان بۆ ئەم بزووتنەوەیە، دەتوانێت هاوسەنگیی هێز بە قازانجی خەڵکی تێکۆشەر و ئازادیخوازی کوردستانی سووریا بگۆڕێت.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە