فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

با بۆ بایکۆتی لێبڕاوانەی کۆبوونەوە فەرمایشی و دژەکرێکارییەکانی ڕژیمی ئیسلامی لە یەکی ئایاردا ئامادە بین
یەکشەممە ۰۶-۰۲-۱۴۰۵   |  26-04-2026

لەو ڕۆژەوەی کە یەکی ئایار، وەک ڕۆژی کرێکار، بەسەر ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی و یاسا سەدەی ناوەڕاستییەکانیدا سەپێندرا و ئەم ڕژیمە ناچار بوو زەبوونانە دان بە شکۆی یەکی ئایاردا بنێت، سەرانی ڕژیم هەموو ساڵێک هەوڵیان داوە ئەم بۆنە مێژوویی و جیهانییە لە نێوەرۆکە چینایەتییەکەی بەتاڵ بکەنەوە. ڕژیمی ئیسلامی هەموو ساڵێک تێدەکۆشێت لە ڕێگەی کۆبوونەوە فەرمایشییەکانەوە، ڕۆژی جیهانیی کرێکار بکاتە شانۆی چەواشەکاری، تۆقاندن و سووکایەتیکردن بە جەماوەری کرێکاران. ڕژیم بە شێوەیەکی فێڵبازانە، لەبری “ڕۆژی کرێکار”، “حەوتەی کرێکار”ی پێناسە کردووە. بەپێی ئەم فێڵبازییە، حەوتەی کرێکار هەموو ساڵێک حەوتەیەک بەر لە ڕۆژی یەکی ئایار (ڕۆژی جیهانیی کرێکار) دەست پێدەکات. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێریی حکوومەتیی “پانا” و بەپێی ئەو سیناریۆیەی کە لەلایەن وەزارەتی کاری ڕژیمەوە داڕێژراوە: «حەوتەی کرێکاری ئەمساڵ لە ڕۆژی شەممە ٥ی گوڵانی ١٤٠٥ بە نوێکردنەوەی پەیمان لەگەڵ ئامانجەکانی خومەینی و ئامادەبوون لەسەر گۆڕەکەی دەست پێدەکات و ڕۆژی یەکشەممەش بە ناوی “بەرگریی نیشتمانی لە بەرامبەر شەڕی ئابووری” ناونراوە و، بەو پێیەی هەندێک لە کارگە و کاسبییەکان بەهۆی شەڕەوە زیانیان بەرکەوتووە، دانیشتنگەلێک لە سەرانسەری وڵات بە ئامادەبوونی نوێنەرانی کارگەکان و خاوەنکاران و هەروەها لە ئاستی پارێزگارەکاندا بە جەختکردنەوە لەسەر پشتیوانی لەو کاسبییانەی زیانیان بەرکەوتووە، بەڕێوە دەچێت». و سەرەنجام لە ڕۆژی ١١ی گوڵاندا، ڕێوڕەسم و ڕێپێوانە فەرمایشی و زەردە دەوڵەتییەکان لەژێر ناوی «تەوەرەی گەشەی بەردەوام»دا بەڕێوە دەبەن.

بەپێی ئەم سیناریۆ قێزەونە، سەران و کارگێڕانی ڕژیم بە درێژایی هەر شەش ڕۆژەکە، لە ڕێگەی ڕێکخراوە و ناوەندە زەردە دەوڵەتییەکانەوە زەمینەسازی دەکەن بۆ بەڕێوەبردنی ئەو ڕێوڕەسمەی کە دڵخوازی ڕژیم و خاوەنکارانە، بۆ ئەوەی لە ڕۆژی حەوتەمدا هیچ شوێنەوارێک لە خەباتگێڕی و نێوەرۆکی چینایەتیی ڕێوڕەسمەکە نەمێنێتەوە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە لە ئاکامی خەباتی کرێکاران و پێداگریی هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی بزووتنەوەی کرێکاری بۆ بەزیندوویی ڕاگرتنی نەریتی یەکی ئایار، پاشەکشەی کردووە و ئەم ڕۆژە مێژووییەی بە فەرمی ناسیوە، لە هەمان کاتیشدا تێدەکۆشێت ئەم پاشەکشەیە بۆ شێواندنی لایەنە چینایەتییەکەی یەکی ئایار بقۆزێتەوە. ڕژیم بە شێواندنی ماهییەتی چینایەتیی ڕۆژی جیهانیی کرێکار و گۆڕینی لە ڕۆژی ناڕەزایەتی و هاوپشتیی نێونەتەوەیی کرێکاران دژی جیهانی سەرمایەدارییەوە بۆ “حەوتەی کرێکار” و شانۆی دزێوی نوێکردنەوەی پەیمان لەگەڵ ئامانجەکانی کۆماری ئیسلامی، سووکایەتی بە کرێکاران دەکات. هەر بۆیە دەبێت کرێکاران بۆ بایکۆتکردنی یەکلاکەرەوەی ئەم کۆبوونەوە دژەکرێکارییانە ئامادە بن.

بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسم و کۆبوونەوەی کرێکاریی سەربەخۆ لە دەوڵەت لە ڕۆژی یەکی ئایاردا، و بایکۆت و تەحریمکردنی لێبڕاوانەی کۆبوونەوە زەرد و فەرمایشییەکان، یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی بانگەوازی ئێمەیە بۆ بەزیندوویی ڕاگرتن و بەرزڕاگرتنی ئەم نەریتە چینایەتی و نێونەتەوەییەی کرێکاران. ئەوەی کە ئەم بانگەوازە لەلایەن بڕیاردەرانییەوە لە چ فۆڕم و شێوازێکی دیاریکراودا ڕێک دەخرێت و جێبەجێ دەکرێت، بابەتێکە کە تا ڕادەیەکی زۆر بەستراوەتەوە بە هەلومەرجی بەرجەستەی هەر ناوچە، شار، کارگە و ئاستی ئامادەیی ڕێکخراوەیی و پەیوەندییە خەباتکارانەکانی نێوان پێشڕەوان و هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی کرێکارییەوە.

بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران، بە پشتبەستن بە ئەزموون و نەریتی ساڵانی ڕابردوو، لە یەکی ئایاردا لە بڕیارنامەکانی خۆیدا جەخت لەسەر ئەو داخوازییانە دەکاتەوە کە نەک تەنیا ویستە تەوەرییەکانی چینی کرێکاری ئێران لەخۆ دەگرێت، بەڵکوو هەنووکەییترین داخوازییەکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییە پێشکەوتنخوازەکانی دیکەی نێو کۆمەڵگەش دەگرێتەوە. لە کاتێکدا کە مەترسیی هەڵگیرسانیەوەی شەڕێکی کۆنەپەرستانە و وێرانکەر باڵی بەسەر ئێران و تەواوی ناوچەکەدا کێشاوە، کرێکاران خوازیاری کۆتاییهێنانی یەکجاریی شەڕن. کرێکارانی ئێران لەم ڕۆژەدا جەخت دەکەنەوە سەر: بەرزکردنەوەی حەقدەستەکان بە جۆرێک کە زامنی ژیانێکی شیاو بۆ مرۆڤ بێت، دابینکردنی بیمەی بێکاریی گونجاو بۆ سەرجەم ئەو کەسانەی ئامادەی کارن، هەڵوەشاندنەوەی کاری منداڵان، ئازادیی ڕادەربڕین، ڕێکخراوبوون، حیزبایەتی، مانگرتن، ئازادیی قەڵەم، ئازادکردنی سەرجەم زیندانییانی سیاسی و کۆتاییهێنان بە سزای لەسێدارەدان، کۆتاییهێنان بە هەڵاواردنی ڕەگەزی دژی ژنان و دەستەبەرکردنی یەکسانیی ژن و پیاو لە سەرجەم بوارەکانی ژیانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسیدا، وە هەروەها کۆتاییهێنان بە ستەمی نەتەوەیی. کرێکاران لەم ڕۆژەدا بە پێداگری لەسەر ئەم داخوازییانە، ئیرادەی پۆڵاینی خۆیان لە خەبات بۆ دەستەبەرکردنی ئازادییە دیموکراتیکەکان لە کۆمەڵگەدا ڕادەگەیەنن. جەختکردنەوە لەسەر ئازادیی ڕادەربڕین و حیزبایەتی و ئازادیی پێکهێنانی ڕێکخراوەی کرێکاری و داواکاریی ئازادکردنی زیندانییانی سیاسی، بەشێکن لە خواستی ئازادیی بێمەرجی سیاسی. هێنانەگۆڕی ئەم داخوازییانە بەو واتایەیە کە هەڵسوڕاوان و ڕێبەرانی بزووتنەوەی کرێکاری هۆشیارن بە پێگە و ڕۆڵی مێژوویی چینی کرێکار لە بەدیهێنانی ئەم داخوازییانەدا. چینی کرێکار ئەم پوتانسیێل و توانایەی هەیە کە بە پشتبەستن بە هێزی خۆی و لە پێشەنگی ڕیزەکانی جەماوەری زەحمەتکێش و بێبەش و چەوساوەدا، کۆمەڵگە بەرەو وەرچەرخانێکی شۆڕشگێڕانە ئاراستە بکات.

پێداگری لەسەر دروشمی “زیندانیی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێت”، بەو واتایەیە کە نابێت هیچ کەسێک لەسەر چالاکیی سیاسی، بەهۆی بیروباوەڕی سیاسییەوە و لەسەر دەربڕینی نەیارەتی و خەبات دژی دەسەڵاتی بۆرژوازیی زاڵ بخرێتە بەندیخانەوە. بەو واتایەیە کە کرێکاران لە پێشەنگی خەڵکی ئازادیخوازدا، هێزە مەزنە چینایەتییەکەیان بۆ دەستەبەرکردن و گەرەنتیکردنی ئازادیی چالاکیی سیاسی و یەکخستنی ڕیزەکانی خەباتی شۆڕشگێڕانە دێننە مەیدان. خواستی هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان بەو واتایەیە کە لەسێدارەدان کوشتنی بەئەنقەستی دەوڵەتییە و، لە بەرامبەر شەپۆلی لەسێدارەدانەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ تۆقاندنی کۆمەڵگەدا، دەبێت لێبڕاوانە بەرگری لە مافی ژیانی مرۆڤ بکرێت.

داخوازیی دابینکردنی بیمەی بێکاریی گونجاو لەگەڵ ژیانێکی ئینسانی، ئازادیی ڕادەربڕین و ڕێکخراوبوون و پێداگری لەسەر مافە مرۆییەکانی هەموو تاکەکان بۆ بەهرەمەندبوون لە ژیانێکی ئازاد و شایستە بە مرۆڤ، خۆی سەلمێنەری ناڕەزایەتی و بزووتنەوەی چینی کرێکارە دژی فەلاکەت و نەهامەتیی ئابووری و ئەو دۆزەخەی کە ڕژیمی ئیسلامی خولقاندوویەتی. چینی کرێکار لە یەکی ئایاردا بە شەکاندنەوەی ئاڵای ئەم داخوازییانە، ئیرادەی خۆی بۆ کۆتاییهێنان بەم فەلاکەتە ئابوورییە و بێمافییە سیاسییانە ڕادەگەیەنێت.