
پەرەسەندنی مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاران لە ناوەندە جۆراوجۆرەکانی بەرهەمهێنان، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خانەنشینان و هەڵمەتی ناڕەزایەتیی مامۆستایان و پەرستاران لە دەوری داخوازییە ئابوورییەکان، نیشانەیەکی ئاشکرایە لە قوڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری و پەلاماری بەردەوامی خاوەن پیشەسازییەکان و دەوڵەت بۆ سەر ژیان و بژێویی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش. ئەم ناڕەزایەتییانە دەرخەری ئەو ناکۆکی و ناتەباییانەن کە لە ناخی شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری و پێکهاتەی دەسەڵاتدا کەڵەکە بوون. بەم حاڵەوە، ئەم قەبارەیە لە مانگرتن و جووڵەی ناڕەزایەتی، هەرچەندە کەشوهەوای سیاسیی کۆمەڵگای خستووەتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە، بەڵام نەیتوانیوە هاوسەنگیی هێز بە شێوەیەکی پایەدار بگۆڕێت. ئەم مانگرتن و ناڕەزایەتی و هەڵچوونە بەردەوامانەی تووڕەیی کۆمەڵایەتی، ئەگەرچی دەریدەخەن کە کۆمەڵگە بە سەرکوتگەرییەکانی کۆماری ئیسلامی چاوترسێن نەبووە، بەڵام هێشتا نەیتوانیوە ماشێنی سەرکوت پەک بخات و ستراتیژیی سەرکوتکردنی کۆماری ئیسلامی پاشەکشە پێ بکات. ئەم دۆخە ڕەنگدانەوەی قۆناغی ئێستای خەباتی کرێکاری و جەماوەری و ئاستی ئێستای ڕێکخستنی چینایەتیی کرێکاران و زەحمەتکێشان و نەبوونی ڕێبەرییەکی سەرانسەرییە بە ئاسۆیەکی شۆڕشگێڕانەوە. بەبێ دەستەبەرکردنی ئەم پێداویستییانە، پێشڕەویی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە هەروا بە خاوی درێژەی دەبێت.
خەباتی ئابووری، سەرەتاییترین و زەرووریترین شێوازی بەرەنگاریی چینی کرێکارە لە بەرانبەر چەوساندنەوەی چینی سەرمایەداردا. داخوازیی بەرزکردنەوەی حەقدەست، ئەمنییەتی پیشە، بیمە کۆمەڵایەتییەکان و هەلومەرجی ئینسانیی کار، کاردانەوەیەکی ڕاستەوخۆیە بەرامبەر بە داگیر کردنی بەهای زیادە و تێکدانی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی کۆمەڵایەتیی هێزی کار. سەرمایە نەک تەنیا هێزی کار لە پرۆسەی بەرهەمهێناندا دەچەوسێنێتەوە، بەڵکوو ژیانی کۆمەڵایەتیی ئەو هێزەش ناسەقامگیر دەکات؛ جەستە و دەروونی کرێکاران دەسواتەوە و پەیوەندییە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکانیان لاواز دەکات. خەباتی ئابووریی کرێکاران و مانگرتنەکان، گرنگترین میکانیزمە بۆ بردنەسەرەوەی ئاستی وشیاریی چینایەتی و تێگەیشتن لە زەروورەتی سازماندان و ڕێکخستن. هەر بۆیە ئەگەرچی سەرکەوتن لە هەر تاکە خەباتێکی کرێکاراندا بۆ دەستەبەرکردنی داخوازییەکانیان گرنگە، بەڵام نابێت گرنگیی مانگرتنی کرێکاران تەنیا بە دەسکەوتی خەباتێکی دیاریکراو سنووردار بکرێت. چونکە مانگرتن تەنها چەکێکی بەهێز نییە لە نەبەردی چینایەتیدا، بەڵکوو بە هیمەتی هەڵسوڕاوانی سۆسیالیست دەبێتە قوتابخانە؛ ئەو قوتابخانەیەی کە تێیدا کرێکاران وانەی هۆشیاری فێر دەبن و لە پێویستیی ڕێکخستنی ڕیزەکانیان تێدەگەن.
لە تەنیشت هۆکاری سەرکوت و هەژاریی پێکهاتەیی، یەکێک لە بەربەستە سەرەکییەکانی بەردەم یەکگرتوویی و سەرانسەریبوونی خەباتی کرێکاران، پەرەسەندنی بەربڵاوی شیرکەتە پەیمانکارییەکان، پەرەسەندنی گرێبەستە کاتی و سپی ئیمزاکانە. زۆربوونی شیرکەتە پەیمانکارییەکان و باوبوونی کاری نافەرمی و کاتی، کرێکارانی خستووەتە دۆخێکی بەردەوام نائەمن و توانای بەرنامەڕێژی و درێژەدان بە خەباتی بەکۆمەڵی کەم کردووەتەوە. لەم وەها هەلومەرجێکدا، ئاسۆی خەبات بۆ ئاستی مانەوە و بژێویی ڕۆژانە دادەبەزێت و چالاکیی سیاسیی درێژخایەن تێچوو و مەترسیی زۆر دەبێت. سیستەمی پەیمانکاری بە دروستکردنی توێژی نێوەندگیر(یان واست)، پەیوەندیی ڕاستەوخۆی کرێکار لەگەڵ سەرمایەی دەسەڵاتدار دەشارێتەوە. تووڕەیی کۆمەڵایەتی لە جیاتی ئەوەی پێکهاتەی دەسەڵات بکاتە ئامانج، ڕوو لە بەڕێوەبەرانی ناوەندی یان خاوەنکارە وردەکان دەکات. بەم جۆرە، خەباتی کرێکاران بۆ ئاستێکی ناوچەیی و پەرتەوازە دادەبەزێت و ئەگەری شکڵگرتنی وشیاریی چینایەتی لاواز دەبێت.
لە لایەکی دیکەوە، لە نەبوونی ڕێکخراوە چینایەتی و جەماوەرییە سەربەخۆکان لە دەوڵەت، هەر شەپۆلێکی ناڕەزایەتی ناچارە لە خاڵی سفرەوە دەست پێ بکات. ئەزموونەکان ناگوازرێنەوە، شکستەکان شیکارییان بۆ ناکرێت و دەستکەوتەکان جێگیر نابن. ئەم نەبوونی بیری بەکۆمەڵە، ئاکامی ڕاستەوخۆی سەرکوتکردنی هەوڵی چالاکانی کرێکارییە بۆ ڕێکخستنی چینایەتی. لە دۆخێکی وەها، ناڕەزایەتییەکان لەجیاتی ئەوەی ببنە پرۆسەیەکی ڕوو گەشە، دەبنە تەقینەوەی کاتی. وزەی کۆمەڵایەتی ئازاد دەبێت، بەڵام بە خێرایی دادەمرکێت، بێ ئەوەی ببێتە هۆی گۆڕینی هاوسەنگیی هێز لە نێوان کرێکاران و خاوەنکاران لە نەبەردی داهاتوودا. ئەم چەرخە فەرسایشییە، هەم توانای ماددی و هەم متمانە بەخۆبوونی سیاسیی چینی کرێکار لاواز دەکات.
پێکهاتەی سیاسیی دەسەڵاتدار لەم پەیوەندییانەدا، نە دامەزراوەیەکی بێلایەن، بەڵکوو فۆرمی سیاسی و هێزی جێبەجێکاری چینی سەرمایەدارە. ئەرکی ئەو، ڕێکخستنی ناکۆکییەکانە بە شێوەیەک کە کەڵەکەبوونی سەرمایە تووشی کێشە نەبێت. ئیمتیاز پێدانی سنووردار، بەڵێنی چاکسازی، دووبەرەکی خستنە ناو کرێکاران، دەستێوەردانی هێزە ئەمنییەکان و دۆسیەسازی بۆ هەڵسووڕاوانی کرێکاری، ئامرازی تەواوکەرن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ناڕەزایەتییەکان. ئامانج، نە چارەسەرکردنی قەیرانی بژێویی کرێکاران، بەڵکوو گەڕاندنەوەی نەزمە بۆ سووڕی چەوساندنەوە. خەباتی ئابووریی کرێکاران ئەگەر ئاسۆیەکی ڕوونی نەبێت، بە ئاسانی ناتوانێت پێشڕەویی خۆی مسۆگەر بکات. خەباتی کرێکاران بۆ زیادکردنی کرێ و داخوازییە ئابوورییەکانی دیکە، ئەگەر نەبێتە بەستەرێک بۆ بردنەسەرەوەی وشیاریی چینایەتی و بەڕێکخراوبوونی کرێکاران، دەسکەوتەکانی ناپایەدار دەمێننەوە.
ڕێگای دەربازبوون لەم دۆخە نە لە ڕەتکردنەوەی خەباتی ئابووری، کە بەشێکە لە بوونی چینی کرێکار، بەڵکوو لە بەرزکردنەوەی ئەو خەباتەدایە بۆ ئاستی سیاسەتی چینایەتی. خەباتی ئابووریی کرێکاران دەبێ وەک خاڵی دەسپێک چاوی لێ بکرێت، نەک خاڵی کۆتایی. ئەم بەرزکردنەوەیە پێویستی بە چەندین بابەتی بنەڕەتی هەیە؛ یەکەم، پەرەپێدانی شێوازە جۆراوجۆرەکانی ڕێکخستنی سەربەخۆی کرێکاران، دروستکردنی کۆمیتەی کارخانە، کۆمیتەی مانگرتن، برپاكردنی کۆڕ و کۆبوونەوە گشتییەکان و زەمینەسازی بۆ دروستکردنی شۆراکان و ڕێکخراوە جەماوەری و چینایەتییەکانی تری کرێکاران، دروستکردنی تۆڕەکانی هاوپشتیی کرێکاری لە دەرەوەی کۆنتڕۆڵی دامەزراوە دەوڵەتییەکان و بە جۆرێک کە دەرفەتی بڕیاردانی بەکۆمەڵ بڕەخسێنن. دووەم، بووژاندنەوەی “بیری چینایەتی” لە ڕێگای تۆمارکردن، شیکردنەوە و گواستنەوەی ئەزموونەکانی خەبات. سێیەم، جێگیرکردنی پەیوەندییەکان و ئیرتباتاتی هەڵسووڕاوان و ڕێبەرانی بەشە جیاوازەکانی بزووتنەوەی کرێکاری کە پەیوەندییەکی ئۆرگانیکیان لەگەڵ کانونەکانی خەباتی کرێکاریدا هەیە. جێگیرکردنی ئەم پەیوەندییانە و یەکگرتنی هەڵسووڕاوانی بەشە جۆراوجۆرەکانی بزووتنەوەی کرێکاری لە دەوری بنەماکانی ستراتیژێکی سۆسیالیستی، نەتەنیا یارمەتیدەر دەبێت لە یەکپارچەیی و سەرتاسەری بوونەوەی مانگرتن و ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان لە دەوری داخوازیی هاوبەش، بەڵکوو ئاسۆیەکی ڕوون دەخاتە بەردەم هەموو بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان و خەبات بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە