
لە ڕۆژانی یەکەم تا چوارەمی ڕەشەممەی ١٤٠٤، زانکۆکانی ئێران جارێکی دیکە بوونەوە بە ناوەندی ناڕەزایەتییە بەرینەکانی خوێندکاران. ئەم شەپۆلە لە ناڕەزایەتی، دوای ٥٦ ڕۆژ لە داخستنی زانکۆکان و لە درێژەی ڕێوڕەسمی چلەی گیانبەختکردووانی مانگی بەفرانباردا سەری هەڵدا؛ ناڕەزایەتییەک کە بە داخوازیی ئازادکردنی خوێندکارانی دەستبەسەرکراو و زیندانیانی سیاسییەوە گرێ دراوە. کۆبوونەوەکان لە زانکۆکانی وەک تاران، سەنعەتی شەریف، ئەمیرکەبیر، خواجە نەسیر، علم و سەنعەت و زانکۆکانی دیکەی وڵات لەوانە ناوەندە زانکۆییەکانی مەشهەد و تەورێز، دەربڕی قووڵبوونەوەی ناڕەزایەتیی کۆمەڵایەتی و سیاسییە لە ئاستێکی گشتگیردا. ئەم ناڕەزایەتییانە لەگەڵ سەرکوت، بانگهێشتکردن بۆ کۆمیتە ئینزیباتییەکان، هەڕەشەی نامەیی و تێکهەڵچوون لەگەڵ هێزەکانی بەسیج و حەراسەت بەرەوڕوو بووەتەوە. بەڵام، گرنگیی ئەم ڕووداوانە تەنیا لە ڕەهەندە ئەمنییەکەیاندا سنووردار نابێتەوە، بەڵکوو بە واتای گەڕانەوەی زانکۆیە بۆ گۆڕەپانی خەباتی سیاسی.
زانکۆ تەنیا دامەزراوەیەکی خوێندنی باڵا نییە، بەڵکوو بەشێکە لە سازوکاری دووبارە بەرهەمهێنانەوەی نەزمی ئابووری و سیاسیی حاکم. کاتێک قەیرانە ئابوورییەکان، هەڵاوسانی بێسنوور، بێکاریی بەرفراوان و بنبەستی سیاسی، ئاسۆی داهاتوو بۆ نەوەی لاو و تەواوی کۆمەڵگا تاریک دەکات، زانکۆ دەبێتە خاڵی کۆبوونەوە و چڕبوونەوەی ئەم ناکۆکی و تێکهەڵچوونانە. ئەو خوێندکارانەی کە بە ئومێدی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی پێیان ناوەتە نێو خوێندنی باڵا، ئێستا لەگەڵ واقیعێکی جیاواز ڕووبەڕوون: داهاتوویەکی نادیار، سەرکوتی سیاسی و بەرتەسککردنەوەی زیاتری فەزای کۆمەڵایەتی. لەم هەلومەرجەدا، ئەو دروشمانەی کە لەم ڕۆژانەدا لە ناوەندەکانی زانکۆ دەنگ دەدەنەوە، نیشان دەدەن کە بەشێکی گرنگ لە بزووتنەوەی خوێندکاری، گشت پێکهاتەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بە بەرپرسی دۆخی ئێستا دەزانێت.
بەرخوردە ئینزیباتییەکان، هەڕەشە نامەییەکان، ئامادەبوونی هێزە ئەمنییەکان و پەلاماردانی کۆبوونەوەکانی خوێندکاران، گوزارشتە لە ڕوانگەیەک کە لە جیاتی وەڵامدانەوەی سیاسی، لە بنەڕەتەوە پشت بە ئامرازی سەرکوت دەبەستێت. ئەزموونی مێژوویی سەلماندوویەتی کە ئەمنییەتیکردنی زانکۆ، قەڵەشتی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگا قووڵتر دەکاتەوە. زانکۆ وەک فەزایەک کە لەسەر بنەمای ئەندێشە، پرسیارکردن و ڕەخنە بونیاد نراوە، لە زاتی خۆیدا لەگەڵ کۆنەپەرستی و سەرکوت لە دژایەتیدایە و هەوڵدان بۆ بێدەنگکردنی، تەنیا نیشانەی داڕمانی ڕەوایەتی و هەژموونیی پەیکەرەی دەسەڵاتە.
لە پەنای دروشمە ئازادیخوازانەکاندا، هەوڵگەلێکیش لەلایەن ڕەوتە ڕاستڕەوەکانەوە بۆ دەستبەسەرداگرتن و بەلاڕێدابردنی ناڕەزایەتییەکان هاتە ئاراوە. بەرزکردنەوەی دروشمە سەڵتەنەتخوازانەکان لە هەندێک لە کۆبوونەوەکاندا بەشێک بوو لەم هەوڵانە. لەگەڵ ئەوەشدا، هەر لەو فەزایەدا دروشمگەلێک دژی سەڵتەنەتخوازان وترانەوە کە نیشاندەری وشیاریی بەشێک لە خوێندکارانە سەبارەت بە مەترسیی بەلاڕێدابردنی خەباتەکە. ئەزموونی مێژوویی ئێران نیشانی داوە کە ئیستبداد دەتوانێت لە فۆرم و شێوازی جۆراوجۆردا خۆی بەرهەم بێنێتەوە. کورتکردنەوەی قەیرانی ئێستا لە گۆڕینی ڕوخسارەکانی دەسەڵاتدا، بەبێ گۆڕانکاری لە پێکهاتە نادادپەروەرە ئابووری و سیاسییەکاندا، نەک هەر ڕێگەچارە نییە، بەڵکوو درێژەدانە بە هەمان چەرخەی دەسەڵات و باڵادەستی.
بزووتنەوەی خوێندکاری ئەو کاتە دەتوانێت ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە لە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکاندا بگێڕێت کە خۆی بە بەشێک لە خەباتی بەرفراوانتری کرێکاران، مامۆستایان، ژنان و بزووتنەوە پێشکەوتنخوازەکانی دیکەی کۆمەڵگا بزانێت. داخوازییەکانی ئازادیی ڕادەربڕین، لابردنی سەرکوت و هەڵوەشاندنەوەی حوکمە ئینزیباتییەکان، ئازادیی زیندانیانی سیاسی و هەڵوەشاندنەوەی سزای ئێعدام، پەیوەندییەکی دانەبڕاوی هەیە لەگەڵ خواستی خوێندن و پەروەردە و تەندروستیی خۆڕایی و نەهێشتنی ستەمە پێکهاتەییەکان. بزووتنەوەی خوێندکاری کاتێک دەبێتە هێزێکی کاریگەر کە ستراتیژیی پەیوەند و یەکگرتوویی لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە پێشڕەوەکانی دیکە لە ئاسۆی خەباتی خۆیدا جێگیر بکات.
ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی خوێندکاران ڕەنگدانەوەی قەیرانێکی قووڵە لە پێکهاتەی سیاسی و ئابووریی وڵاتدا. سەرکوت و کەشی ئەمنیەتی ناتوانێت ڕێگری لە قووڵبوونەوە و پەرەسەندنی خەباتی خوێندکاران بکات و ئاڵتەرناتیڤە ڕاستڕەوانەکانیش وەڵامێک بە داخوازیی ئازادیخوازانە و یەکسانیخوازانەی خوێندکاران نادەنەوە. زانکۆ جارێکی دیکە بووەتە گۆڕەپانی خستنەڕووی پرسیارە بنەڕەتییەکان سەبارەت بە داهاتووی کۆمەڵگا.
خەباتی خوێندکاران بۆ ئازادیی خوێندکارانی بەندکراو و سەرجەم زیندانیانی سیاسی، و خەبات دژی هەڵاواردن و نایەکسانییەکان، بەشێکی جیانەکراوەیە لە خەباتی بەرفراوانی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی ئێران بۆ ڕزگاربوون لە ئیستبدادی سەرمایەی مەزهەبی. بەرگری لە خوێندکارانی ناڕازی، پشتیوانی لە مافی ڕێکخراوبوون، ئازادیی ڕادەربڕین و کەرامەتی مرۆیی، پێویستییەکی مێژووییە لەپێناو گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی ئازاد، ڕزگار و بێ چەوسانەوە.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە