فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

با کۆماری ئیسلامی بۆ ئازادکردنی زیندانییانی سیاسی و کۆتایی‌هێنان بە شەپۆلی ئێعدامەکان بخەینە ژێر گوشارەوە
هەینی ۱۴-۰۱-۱۴۰۵   |  03-04-2026

لە کاتێکدا کە خەڵکی ئێران کەوتوونەتە ژێر مەنگەنەی شەڕێکی وێرانکەر و پەرەسەندنی بێوێنەی بێکاری، هەڵاوسانی بێسنوور و هەژاریی بەرین، کۆماری ئیسلامی بەهۆی ترس و دڵەڕاوکێ لە تەقینەوەی تووڕەیی و ناڕەزایەتیی جەماوەر، بۆ مانەوەی خۆی پەنای بردووەتە بەر توندکردنەوەی سەرکوت و لەسێدارەدانی زیندانییانی سیاسی. لە چوار دەیەی ڕابردوودا، ئەم ڕژیمە تاوانکارە هەر کاتێک سیاسەتە گشتییەکانی تووشی شکست هاتبێت، یان لەو شەڕانەی کە خۆی دەستی لە هەڵگیرساندنیاندا هەبووە دۆڕابێت، بۆ پێشگرتن لە سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان، ڕووی لە لەسێدارەدانی زیندانییان، و بەتایبەتی زیندانییانی سیاسی کردووە. لەسێدارەدانی هەزاران زیندانیی سیاسی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە ساڵانی دەیەی شەست و پاش نۆشینی جامی ژەهری شکستی سەرشۆڕانەی شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق لەلایەن خومەینییەوە، و هەروەها لە تاوانی سامناکی کوشتار و کۆمەڵکوژیی هەزاران خۆپیشاندەر لە مانگی بەفرانباری ڕابردوودا، جەوهەری دژەمرۆڤانە و پۆتانسیەلی بەرزی حکوومەتی ئیسلامی لە ئێعدام، کوشتار و تاوانکاری‌دا بەڕوونی دەرخستووە.

بەهۆی ئەو گورزە قورسانەی کە لەم شەڕەدا بەر کۆماری ئیسلامی کەوتووە، کە تا ئێستا بووەتە هۆی کوژرانی عەلی خامنەیی و توێژەکانی سەرەوەی فەرماندەکانی سوپای پاسداران و ئەرتەش و بەرپرسانی دیکەی حکوومەتی و وێرانبوونی زۆرێک لە ناوەندە سەربازییەکان، ڕژیم بۆ داپۆشینی ئەم شکستە، جارێکی دیکە ڕووی لە توندکردنەوەی شەپۆلی لەسێدارەدانی زیندانییان، بەتایبەت زیندانییانی سیاسی کردووەتەوە. لە گەرمەی ئەم شەڕەی ئێستادا، ڕەوتی دەرکردن و جێبەجێکردنی حوکمەکانی لەسێدارەدانی زیندانییان، خێراییەکی زیاتری بەخۆوە گرتووە. ڕەوتێک کە بەرپرسانی قەزایی حکوومەتی ئیسلامی، لە موحسینی ئێژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەرییەوە بگرە تا دەگاتە کاربەدەستان و بەکرێگیراوانی دیکەی دەزگای قەزایی ڕژیم، بێشەرمانە باس لە چڕکردنەوەی دەکەن و هەڕەشەی ئێعدام لە خەڵکی ناڕازی دەکەن. ئێژەییی جەلاد، هەڕەشەی ئەوەی کردووە کە: “سزای خائینان بە نیشتمان لەسێدارەدانە و لە بەدواداچوونی دادوەری و دەرکردنی حوکمەکانی لەسێدارەداندا، هیچ چاوپۆشی و سازشێک ناکرێت”. لە ساڵی ١٤٠٤دا، سەرەڕای کوشتار و کۆمەڵکوژیی هەزاران کەس لە خەڵکی ناڕازی لە ١٨ و ١٩ی بەفرانباردا، لانیکەم ٢٤٨٨ کەسی دیکە لە بەندکراوانیان لەسێدارە داوە. بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە هەواڵییەکان، لە سێ مانگی ڕابردوودا، کۆماری ئیسلامی حوکمی لەسێدارەدانی لانیکەم ١٦٠ زیندانیی جێبەجێ کردووە.

لە ماوەی ئەم شەڕەی ئێستاشدا، لانیکەم ٩ کەس لە زیندانییانی سیاسی بە تۆمەتی هەڵبەستراو و پڕوپووچی وەک “موحارەبە”، لەوانە سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل، ئەندامێتی لە ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلق و تەنانەت بە تاوانی پەیوەندیگرتن لەگەڵ میدیاکانی دەرەوەی وڵات و ناردنی هەواڵ و وێنە یان ڤیدیۆکلیپ، لەسێدارە دراون. سەرباری ئەوەش، حوکمی لەسێدارەدان بۆ دەیان کەسی دیکەش دەرکراوە کە شەش کەس لەوان بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەیان بۆ ژووری تاکەکەسی گواستراونەتەوە. بێگومان زۆر کەسی دیکەش لە مەترسیی دەرکردنی حوکمی لەو شێوەیەدان. تۆمەتی بێ‌بنەمای سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل بۆ ئەو کەسانەی کە لە ناڕەزایەتییەکانی دژ بە کۆماری ئیسلامیدا بەشدارییان کردووە، لە کاتێکدایە کە جۆری ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە ناوخۆی ئێران و کوشتنی بەرپرسان و مۆرە باڵاکانی حکوومەتی ئیسلامی، دەریدەخەن کە سیخوڕان و هەواڵدەرانی ئیسرائیل، نەک لاوانی ناڕازی بە دۆخی بژێویی ژیان، بەڵکوو لەنێو خودی بەرپرسە زۆر باڵاکانی کۆماری ئیسلامی و سوپای پاسداراندان. لە هیچ کەس شاراوە نییە کە ئیسرائیلیش بە پشتبەستن بە ناردنی زانیاریی ورد لەلایەن ئەوانەوە، هەنگاوی ناوە بۆ تیرۆرکردنی مۆرە باڵاکانی کۆماری ئیسلامی.

بەڵام لەسێدارەدانی ئامانجدارانەی ئەم ژمارەیە لە زیندانییانی سیاسی لەم ماوەیەدا و نەبوونی ڕاپۆرت لەسەر جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدانی زیندانییانی ناسیاسی، نیشانەی ترس و تۆقانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییە لە تەقینەوەی تووڕەیی و ناڕەزایەتیی کۆمەڵانی خەڵک بۆ کۆتاییهێنان بەم دۆخەی ئێستا. بەم پێیە، ڕژیمی ئیسلامی بە لەسێدارەدانی زیندانییانی سیاسی، هەم وەک نەیارانی سیاسی تۆڵەیان لێ دەکاتەوە و هەمیش بۆ دروستکردنی کەشێکی پڕ لە ترس و تۆقاندن لەنێو کۆمەڵگادا کەڵکی لێ وەردەگرێت. لەم پەیوەندییەدا، تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان و ڕێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ، ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی خاکەلێوە لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا هۆشدارییان دا کە زیندانییان لە ئێران لە دۆخێکی قەیراناویدان و ڕووبەڕووی هەڕەشەی دوولایەنەی هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، وە توندوتیژی و لەسێدارەدانی حکوومەتێک بوونەتەوە کە پێشینەی کۆمەڵکوژیی زیندانییانی سیاسیی هەیە. لەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووە کە زۆرێک لە زیندانییانی سیاسی لە دەستبەسەرگە نهێنییەکاندا ڕاگیراون و لەلایەن حکوومەتیشەوە لە مەترسیی بێسەروشوێنکردندان. ئەم زیندانییانە ئەو دەرفەتەیان نییە کە لە کاتی بۆردومانەکاندا پەنا بۆ شوێنێکی ئەمن بەرن، لە دەستڕاگەیشتن بە پزیشک و دەرمانیش بێبەشن و لە ئەگەری ناڕەزایەتی دەربڕینیشدا، لەلایەن زیندانەوانەکانەوە ڕووبەڕووی سەرکوت و توندوتیژی دەبنەوە.

سەرباری ئەمانە، لە گەرمەی شەڕ و کەمبوونی جێگا، خۆراک و پێداویستییەکانی ژیان لە زیندانەکاندا، ڕەشبگیری و دەستبەسەرکردنەکان هێشتا بەردەوامن. نزیکەی سەد هەزار کەس لە دەستبەسەرکراوانی ڕاپەڕینە سەرتاسەرییەکەی بەفرانبار، هێشتا لە زینداندان. سەرەڕای ئەوەش، ڕژیمی دژەمرۆڤیی کۆماری ئیسلامی هیچ هەنگاوێک بۆ ئازادکردنی زیندانییانی سیاسی نانێت. لە هەلومەرجێکی وەهادا، زیندانییانی سیاسی هەم مەترسیی دەستبەجێی ئێعدامیان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لەسەرە و هەم لەژێر مەترسیی بۆردومانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدان. لەم ڕووەوە پێویست و زەروورە لە ناوخۆی ئێراندا بە پەرەپێدانی بزووتنەوەی هاوپشتی و هاودڵی لەگەڵ بنەماڵەی زیندانییانی سیاسی و بە گەشەپێدانی بزووتنەوەی “نا بۆ ئێعدام”، وە لە دەرەوەی وڵاتیش بە ڕێکخستنی کەمپەین و کارزارە سیاسییەکانی دژ بە ئێعدام، ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ ئازادکردنی زیندانییانی سیاسی و کۆتاییهێنان بە ئێعدام بخرێتە ژێر گوشارێکی توندەوە.