لەگەڵ پەرەسەندنی قەیرانی دارایی و بێتوانایی ڕژیم لە دابینکردنی بوودجەی بەشە جۆراوجۆرەکان، حکوومەتی کۆماری ئیسلامی بۆ قەرەبووکردنەوەی بەشێک لە کەسریی بوودجەی دەوڵەت چاوی تەماعی لە نانی وشکی سەر سفرەی بەتاڵی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش بڕیوە و بڕیاری داوە قیمەتی نان بە ڕێژەی ٢٥% بەرێتە سەرێ. ئەوەش لە بارودۆخێکدایە کە زیاتر لە ٦٠%ی خەڵکی ئێران ساڵەهایە لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین. بەهۆی کەمبوونەوەی توانای کڕینیان زۆرێک لە خۆراکەکان بۆ نموونە گۆشت، مریشک، ماسی، ڕۆنی کەرە، هێلکە و تەنانەت بەرهەمەکانی شیر و خۆراکە پڕۆتێئینییەکانی دیکە لەسەر سفرەیان نەماوە و یان زۆر کەم بوونەتەوە. هەژاری بەجۆرێک فشاری خستووەتە سەر ژیانی بنەماڵەی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش کە لە هێندێک حاڵەتدا تەنانەت ژەمێکی خواردنیشیان بەناچار کەم کردووەتەوە. تا جێیەک کە کارناسانی بواری خۆراک سەبارەت بە مەترسیەکانی بەدخۆراکی هۆشدارییان داوە و ڕایانگەیاندووە کە ئەم بابەتە بۆ سڵامەتیی خەڵک هەڕەشەیەکی جیددییە.
لە وەها بارودۆخێکدا ڕاوێژکاری وەزیری ئابووریی حکوومەتی ئیسلامی ڕایدەگەیەنێت: ”لەو جێگەوە کە هەزینەکانی ئیجارە و بەرق و حەقدەست زیادیان کردووە پێویستە قیمەتی نانیش بچێتە سەرێ. خودی نانەواکانیش لە قیمەتی ئەمڕۆی نان ناڕازین و خوازیاری بردنەسەری قیمەتی نانن”. ئەم کاربەدەستە درۆزنەی ڕژیمی ئیسلامی هەوڵ دەدات نانەواکان بە هۆکاری بردنەسەری قیمەتی نان پێناسە بکات و خەڵک بەرەنگاری ئەوان بکاتەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی مانگی گەلاوێژ هێندێک لە میدیاکان ئاشکرایان کرد کە دەوڵەت لەگەڵ کەسری بوودجەی یارانەی نان بەرەوڕوویە و ناتوانێ دابینی بکات. لە گەڵاڵەی بوودجەی ساڵی ١٤٠٣دا ڕێژەی یارانەی نان ١٤٣ هەزار ملیارد تمەن بەرئاورد کراوە کە کەمتر لە ڕێژەی پێویستە بۆ پەرداختی یارانە. هەر ئەوکات ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی مەجلیس پارەی پێویست بۆ یارانەی نانی ١٩٢ هەزار ملیارد تمەن بەرئاورد کردبوو. لەم ڕووەوە دەوڵەتی وەرشکستەی ئیسلامی تەنیا لە بواری دابینکردنی یارانەی نان بەرەوڕووی کەسری ٤٩ هەزار ملیارد تمەنییە و دەیهەوێ سەرەتا بە بردنەسەری ٢٥%ی قیمەتی نان لە ١٠ پارێزگا، بەشێک لە کەسری بوودجەکەی دابین بکات. ئەوەش لەکاتێکدایە کە لە سەردەمی ڕەئیسیی قاتڵ، لەماوەی سێ ساڵدا دوو جار قیمەتی نانی سوننەتییان زیاد کرد و بەگشتی قیمەتی نانیان ٧٠% بردە سەرێ. لەلایەکی دیکەوە هێندێک لە کاربەدەستانی حکوومەتی ئیسلامی بێشەرمانە هۆکاری کەمبوونی نان بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە خەڵک لەڕادەبەدەر مەسرەفی دەکەن و خەڵک بە زێدەڕۆیی و ئیسراف تۆمەتبار دەکەن. بەم شێوەیە دەیانهەوێ بێتوانایی و داماویی دەوڵەت لە دابینکردنی بوودجەی ئارد و سووتەمەنی و هەروەها دزی و گەندەڵیی سیستماتیکی کاربەدەستانی باڵای سپای پاسداران و باقیی مەقاماتی حکوومەتی ئیسلامی لەم بوارەدا پەردەپۆش بکەن.
بەڵام بێتوانایی حکوومەتی ئیسلامی تەنیا لە بواری پێدانی یارانەی ناندا نییە. دوو حەفتە لەمەوبەر سەرۆکی “بۆنیادی میللیی گەنمکاران” ڕایگەیاند کە دەوڵەت ١٠٤ هەزار ملیارد تمەنیش بە گەنمکارەکان قەرزدارە. لەئێستادا سێ مانگە کە کەشاوەرزەکان گەنمی خۆیان تەحویلی دەوڵەت داوە بەڵام هێستا پووڵیان پێ نەدراوە و نەیانتوانیوە قەرزەکانیان بدەنەوە و پێداویستییەکانی ژیانی خۆیانی پێ دابین بکەن. ئەم بابەتە لە مانگی جۆزەرداندا بووە هۆی ناڕەزایەتیی بەرینی کەشاوەرزان. بەڵام حکوومەتی ئیسلامی وەک هەمیشە بە سەرکوتی وەحشیانەی هێزە ئەمنی و نیزامییەکان وڵامی پێدانەوە. حەفتەی ڕابردوو دیوانی موحاسبات سەرپێچکارییەکی ٧٣ هەزار ملیارد تمەنیی دیکەی دەوڵەتی ڕەئیسیی لەبواری دابینکردنی یارانەکان ئاشکرا کرد کە تێیدا دەوڵەت بە پینەوپەڕۆ، بانکی مەرکەزیی مەجبوور کردووە ٣١ و نیو هەزار ملیارد تمەن بەدەر لە چوارچێوەی یاسا لە حیسابی هێنێدک لە ناوەندە دەوڵەتییەکان هەڵگرێت و وەک بەشێک لە قەرزی دەوڵەت بە گەنمکارانی بدات و بەمجۆرە کێشەکانی دەوڵەتی لە شوێنێکەوە حەواڵەی شوێنێکی تر کردووە.
سێ حەفتە لەمەوبەر پەروەندەیەکی دیکە لە گەندەڵیی حکوومەت لە بواری ئارد و نان کە خۆراکی ڕۆانەی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشە ئاشکرا بوو. سەرۆکی گشتیی دادگوستەریی پارێزگای گوڵستان ڕایگەیاند کە دوو ملیۆن کیسە ئارد کە بە بوودجەی تایبەتی یارانەی ئارد کڕدرابوو، گوم بووە و دوای ماوەیەک لە بازاڕی ئازاددا فرۆشتراوە. ئەم گەندەڵی و دزییە لەلایەن تۆڕێک لە کاربەدەستانی حکوومەت و خاوەنانی کارخانە ئەنجام دراوە. لە کاتێکدا کە قیمەتی هەر کیسەیەک ئاردی ٤٠ کیلۆیی، ٣٥ بۆ ٤٠ هەزار تمەن بوو، ئەوان دوو ملیۆن کیسە ئاردیان دزیوە و لە بازاڕی ئازاددا بە قیمەتی هەر کیسەیەک ٦٥٠ هەزار تمەن فرۆشتوویانە و لەم ڕێگەوە ١٢٠٠ ملیارد تمەنیان لە یارانەی خەڵک دزیوە. بە ئیحتمالی زۆر ئەم پەروەندەیەش چارەنووسی پەروەندەکانی دیکەی دزی و گەندەڵی و ڕانتخۆریی حکوومەتی بەسەر دێت و کارگێڕان و میدیاکانی حکوومەت کە خۆیان تێیدا بەشداربوون لە بەدواداچوونی ڕێگری دەکەن. عەلی خامنەیی گەلێک جار ئەم دزی و گەندەڵییە گەورانەی حکوومەتی بە “ڕووداو” پێناسە کردووە و بە پاساوی ئەوەیکە دوژمن دەیهەوێ لەم ڕێگەوە زەربە لە بەرپرسانی نیزام بدات، لە بەدواداچوونی ئەم پەروەندانە ڕێگریی کردووە.
قەیرانی دارای و بێتوانایی ڕژیمی ئیسلامی لە پەرداختی هەزینە زەروورییەکانی ژیانی خەڵک بێجگەلە قەیرانی پێکهاتەیی نیزامی سەرمایەداری، هۆکاری ڕیشەیی دیکەشی هەیە. لەوانە: گەندەڵی و دزی و ڕانتخۆریی سیستماتیکی حکوومەت؛ چوونەسەری دە بەرابەریی بوودجەی دامودەزگا جۆراوجۆرەکانی هێزی نیزامی و ئەمنیەتی؛ هەزینەی کەڵانی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی و مووشەک و درۆن کە ئاکامەکەی ساڵەها تەحریمی جەنایەتکارانەی ئەمریکا و دەسەڵاتەکانی سەرمایەداریی ئورووپا بووە و ژیانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگای نوقمی هەژاری و نەهامەتی کردووە.
بێگومان زیادکردنی ٢٥%ی نرخی نان کە سەرەکیترین خۆراکی سەر سفرەی خەڵکی زەحمەتکێشی ئێرانە، ئەویش لە کاتێکدا کە ساڵەهایە بە حەقدەستی سێ – چوار بەرابەر ژێر هێڵی هەژاری ژیانێکی سەخت و هەژارانە بەسەر دەبەن، بۆ دەسەڵاتی ئیسلامیی سەرمایەداران گران تەواو دەبێت. خودی خامنەیی لە مەترسیی سەرهەڵدانی ئاخێزی سەرتاسەری و گشتیی کرێکاران و توێژەکانی تر ئاگادارە. ئەو باش دەزانێ کە ناتوانێ بە سەرکوت درێژە بە دەسەڵاتەکەی بدات. لە مەراسمی تەنفیزی حوکمی پزیشکیانیشدا ئەم نیگەرانییەی نەشاردەوە و هۆشداری دا کە ئەولەویەتی سەرەکیی دەوڵەتی چواردەهەم دەبێ چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکان بێت. بەڵام خامنەیی خۆی لە گێلی و نەزانی دەدات. ئەگینا باش دەزانێ کە پزیشکیانیش هەروەک هەموو سەرۆک کۆمارەکانی پێشووی حکوومەتی ئیسلامی لەم بوارەدا هیچی لەدەست نایە.