فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بردنەسەرەوەی ئاستی حەقدەست لە گرەوی خەباتی یەکپارچە و سەرانسەریی کرێکاران
چوارشەممە ۱۲-۱۱-۱۴۰۱   |  01-02-2023
بردنەسەرەوەی ئاستی حەقدەست لە گرەوی خەباتی یەکپارچە و سەرانسەریی کرێکاران

کەمتر لە دوو مانگی تر کۆتایی ساڵە. هەموو ئەوانەی کە بەرژەوەندی هاوبەشیان لە هەژارکردنی زیاتری کرێکاران دایە واتە دەوڵە، خاوەنکار و بەناو نوێنەرانی کرێکاران لە “شۆرای باڵای کار” کۆدەبنەوە تا بۆ جارێکی تر ڕایگەیەنن کە لە کۆبوونەوەیان بۆ دیاریکردنی لانیکەمی حەقدەست هەروەک ساڵانی پێشوو تەنیا هەژاری بەنەسیبی کرێکاران دەبێت و هیچی تر. سێناریۆیەک کە هەموو ساڵێ دووپات دەبێتەوە. ڕۆژی چوارەمی ڕێبەندان وتەبێژی ئابووریی دەوڵەت ڕایگەیاند کە ئەوەیکە لە لایەحەی بوودجەی ١٤٠٢ دایە زەریبی مامناوەندی زیادکردنی حقوقە و ئەوەیکە دوای پەسندکردنی مەجلیس بەکردەوە دەردێت بردنەسەرەوەی ١٥ تا ٢٠ لەسەدیی حەقدەستە تا تەوازونی زیاتر پێکبێت. بۆ ئەوەیکە ڕێژەی بردنەسەرەوەی حەقدەست نەبێتە هۆی پەرەسەندنی تەوەروم و نەبێتە شانۆیەکی کۆمەڵایەتی، هەوڵمان دا بە ئەندازەی داهاتێک کە لە بوودجەی ١٤٠٢دا مومکینە، بردنەسەرەوەی حەقدەست بەپێی حقوقی کارمەندان ئەنجام بدەین”. ئەو بڕیاردان سەبارەت بە حەقدەستی کرێکارانی حەواڵەی “شۆرای باڵای کار” کرد و وتی: „شێوەکاری سەرەکیی دەوڵەت لەپێوەند لەگەڵ حەقدەستی کرێکاران گەڕانەوە بۆ یاسایە. یاسا شۆرای باڵای کار بە بەشداریی هاوبەشە کۆمەڵایەتییەکانی بەڕەسمی دەناسێت”. ئەو لە هەمان حاڵدا باسی لە دانیشتنە سەرەتاییەکانی شۆرا کرد و وتی دەبێ چاوەڕێی جەمعبەندیی نیهایی بین و بۆ ئەوەیکە کەمی نەهێنابێ مودەعی بوو کە “گوزەرانی کۆمەڵگەی کرێکاری نیگەرانیی دەوڵەتە و هەوڵی خۆی بۆ دابینکردنی بژێوی کرێکاران ئەنجام دەدا. باشتر کردنی مەعیشەتی کرێکاران، کۆنتڕۆڵی تەوەرۆم، یەکێک لە ئامانجەکانی دەوڵەتە لە ساڵی داهاتوودا”. ئێستا بەسەرنجدان بە لایەحەی بوودجەی ساڵی داهاتوو کە کولیاتەکەی لە مەجلیسدا پەسند کراوە، مامناوەندی بردنەسەرەوەی حقوقی کارمەندانی بەشی دەوەڵەتی بیست لەسەد لەبەرچاوگیراوە. لانیکەمی حقوقی دامەزراوانی بەشی دەوڵەتی حەوت ملیۆن و لانیکەمی حقوقی خانەنشینی دوو ملیۆن و شەشسەد هەزار تمەن دیاریکراوە. کە گۆیا زۆرترین ئاستی بردنەسەرەوەیە بەپێی دەخڵ و دەرئامەدی دەوڵەت بۆ ئەوەی تەوەرۆمی لێ نەکەوێتەوە. هەڵبەت هەر لەم بوودجە پێشنیارکراوەدا، سەهمی ئۆرگانەکانی سەرکوت و دامەزراوەکانی پەرەپێدەری خورافە دەتوانێ لەچاو ساڵانی پێشوو چەندین بەرابەر زیاتر بێت. بۆ نموونە بوودجەی سێ ناوەندی سەرکوتگەری ڕژیم واتە سپای پاسداران، وەزارەتی ئیتلاعات و فەرماندەیی گشتیی ئینتزامی لە مەجمووعدا نزیکەی ٢٠٣ هەزار و ٤٠٠ ملیارد تمەنە. بەڵام کاتێک باسی مەسەلەی بردنەسەری حەقدەستی کرێکاران دێتە گۆڕێ، دەستبەجێ چوونەسەرەوەی تەوەرۆم و لەبەرچاوگرتنی “دەخڵ و داهات”ی دەوڵەت گرنگ دەبێت. بەڵام واقعییەت ئەوەیە کە هۆکاری سەرەکیی ئەوەیکە سەرمایەداران نایانهەوێ حەقدەست زیاد بکرێت ئەوەیە کە لە قازانجی ئەوان کەم دەکاتەوە. چونکە سەرمایەداران دەبێ بردنەسەرەوەی ئاستی حەقدەست لە ئەرزشی ئیزافەیەک کە کرێکار بەرهەمی دێنێت بدەن.

مادەی ٤١ی یاسای دژەکرێکاریی کۆماری ئیسلامی دەڵێ کە دیاریکردنی لانیکەمی حەقدەست پێویستە بەپێی دوو پێوەر واتە ڕێژەی تەوەروم و سەبەدی مەعیشەتی بنەماڵەی کرێکاری ئەنجام بدرێت. بەڵام هەموو ساڵێ بینیومانە کە لە مانگەکانی کۆتایی ساڵدا کە وەرزی چەنەلێدانی “هاوبەشە کۆمەڵایەتییەکان” دەست پێدەکات، بانکی مەرکەزی ئەرقامێکی درۆیین ڕادەگەیەنێت کە لەگەڵ ڕێژەی واقعیی تەوەرۆم و هەزینەی بەسەدی مەعیشەت یەکجار جیاوازن. بۆ نموونە، ڕەئیسی ڕۆژی یەکشەممە ٢ی ڕێبەندان لە مەجلیس بۆ دیفاع لە لایەحەی بوودجە ئیدیعای کرد کە لە ساڵی داهاتوودا هەم ڕێژەی تەوەرۆم و هەم نرخی بەرابەریی دراو دێتە خوارێ و گەشەی ئابووری خێراتر دەبێتەوە. تەنیا چەند سەعات دوای ئەم ئیدیعایە، ناوەندی ئاماری ئێران باسی لە چوونەسەرەوەی دووبارە ڕێژەی تەوەرۆم لە مانگی بەفرانباری ئەمساڵ کرد و ڕایگەیاند کە ڕێژەی تەوەرۆمی نوقتەیی کە دەرخەری چوونەسەرەوەی قیمەتی کالاکانە لە دەورەیەکی دوازدە مانگەدا، نیسبەت بە ساڵی ڕابردوودا پەنجا و سێ دەهومی لەسەد و تەوەرۆمی خۆراک هەر لەم ماوەیەدا گەیشتووەتە ٧٠ لەسەد. سەبارەت بە نرخی بەرابەریی دراویش وەک دەبینین ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئەرزشی ڕیاڵ زیاتر دێتە خوارێ. لەگەڵ هاتنەخوارەوەی زیاتری ئەرزشی ڕیال بەرامبەر بە دۆلار دەبێ چاوەڕوانی تەوەرۆمی زیاتر بین. لەو جێگەوە کە شۆرای باڵای کار پێوەری هەزینەی دابینکردنی سەبەدی مەعیشەتی بنەماڵەی کرێکاریی وەلاناوە و تەنیا ڕێژەی تەوەرۆمی دەستکاریکراوی کردووەتە پێوەری سەرەکی بۆ دیاریکردنی لانیکەمی حەقدەست و لە بارودۆخێکدا کە ڕاپۆرتی ڕەسمیی دەوڵەتی دەرخەری چوونەسەرەوەی پەنجا تا حەفتا لەسەدیی هەزینەی بنەماڵەیەکە بۆ دابینکردنی کاڵا و خزمەتگوزاری لەچاو ساڵی ڕابردوو، دەوڵەت لە لایەحەی بوودجەدا بردنەسەرەوەی تەنیا بیست لەسەدی حەقدەستی پێشبینی کردووە.

کەوابوو هەر لە ئێستاوە ڕوونە کە ئاکامی کۆبوونەوەکانی “شۆرای باڵای کار” لە باشترین حاڵەتدا هەر ئەم ڕێژەیە دەبێت کە بۆ کارمەندانی دەوڵە تدیاری کراوە و یان ئەو بیست لەسەدە دەبێت کە دەوڵەت لە لایەحەی بوودجەدا لەبەرچاوی گرتووە. بە واتایەکی تر لانیکەم دەوڵەت و نوێنەرانی سەرمایەدارانی بەشی خسووسی لەم ئاڵقە سێ لایەنەدا تەکلیفی خۆیان ڕوون کردووەتەوە. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە تەنانەت نوێنەرانی ڕێکخراوە کرێکارییەکانی سەربە دەوڵەت دەڵێن کە لانیکەمی حەقدەست نابێ کەمتر لە ١٨ ملیۆن بێت. ئەم ڕەقەمە بە باوەڕی ڕێکخراوە سەربەخۆ کرێکارییەکان نابێ لە بیست و شەش ملیۆن تمەن کەمتر بێت.

هەموو ئەزموونەکانی ساڵی ڕابردوو نیشانی داوە کە کرێکاران نابێ چاوەڕوانی دیاریکردنی لانیکەمی حەقدەست لەلایەن شۆرای باڵای کار بن و حەقدەستی چەند بەرابەر خوارتر لە هێڵی هەژاری قەبووڵ بکەن. بزووتنەوەی کرێکاریش بە یومنی خەباتی چەند ساڵی ڕابردووی خۆی و هەم بەهۆی بوونی نەسلێک لە ڕێبەران و چالاکانی بەئەزموون و وشیار و هەم بە یومنی درێژەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە نیسبەت بە ساڵانی ڕابردوو لە هاوسەنگیەکی هێزی باشتر دایە. لەم ڕووەوە خەبات بۆ بردنەسەرەوەی حەقدەست فورسەتێکی یەکجار گونجاوە کە دەتوانێ ملیۆنان ئینسان بێنێتە سەر شەقام و هێزێکی تازە بە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا بدات و زەمینە بۆ ڕێبەرایەتیی چینی کرێکار ئامادەتر بکات.

تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co