وەزارەتی کشتووکاڵی ئەمریکا لە ڕاپۆرتێکیدا بڵاویکردووەتەوە، ڕێژەی برسیەتی لەم وڵاتە گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا و بەهۆیەوە ١٨ میلیون خێزان کە دەکاتە ١٣ و نیو لسەدی دانیشتووان، گرفتاری برسیەتین.
ڕێژەی برسییەتی لە ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢١ەوە لە زیادبووندایە. داتاکانی نووسینگەی سەرژمێری ئەمریکا ساڵی ڕابردوو بڵاویکردەوە، پاش کۆتاییهاتنی ئەو پرۆگرامانەی کە یارمەتی خۆراکیان لەکاتی پەتای کۆڤید-19 پیشکەش دەکرد، نەبوونی ئاسایشی خۆراک زیادی کردووە. لە مانگی ئایاری ڕابردوودا، گروپێکی دژە برسییەتی بەناوی Feeding America گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە برسییەکان لە ئەمریکا 33.1 ملیارد دۆلاریان کەمە بۆ دابینکردنی پێداویستی خۆراکی. هەروەها وەزیری کشتوکاڵی ئەمریکا ‘تۆم ڤیلساک’ لە بەیاننامەیەکدا گوتی: ناکرێت لە ئەمریکا کەس هەست بە برسییەتی بکات. گروپەکانی دژی برسیەتی دەڵێن: فراوانکردنی یارمەتی خۆراکی فیدراڵی و پرۆگرامەکانی باجی منداڵان، هۆکارن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە. ڕاپۆرتەکە دەڵێت، لە ساڵی 2023 دا بە بەراورد بە ساڵی 2022 یەک میلیون خێزانی دیکە ئاسایشی خۆراکیان نییە.