برسی ڕاگرتنی زیندانیانی ژن لە بەندیخانەی ورمێ
دوشەممە ۲۰-۰۴-۱۴۰۱   |  11-07-2022
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بەشە خۆراک و نانی وشکی بەندکراوانی بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە کەم کراوەتەوە بە جۆرێک کە بە هۆی کەمبوونی خۆراکەوە هەر بەندکراوێک لە ڕۆژدا تەنیا یەک نانی وشکی بەر دەکەوێت و ڕۆژانە زیاتر لە ٤٠ بەندکراو لە بەشە خۆراکی خۆیان بێبەش دەبن.
بەهۆی کەمبوونی خۆراک لە ناو بەندیخانە بەندکراوان ناچارن کە خواردن لە فرۆشگای بەندیخانە بە دوو بەرامبەری نرخی دەرەوەی بەندیخانە بکڕن و هەر بۆیەش ڕۆژانە تێچووی خۆراکی ڕۆژانەیان زیاتر دەبێت لە ٣٠٠ هەزار تمەن کە زۆربەی بەندکراوان توانایی دابین کردنی ئەو بڕە پارەیان نییە. جێگای باسە کە مافی خۆراک بۆ ئەو کەسانەی کە بەندکراون یەکێک لە بنەڕەتی ترین مافەکانە کە بێبەشکران لەو مافە دەتوانێت مافی ژیانی ئەو کەسە بخاتە مەترسییەوە.