بەپێی ڕاپۆرتەکان، “ڕەغزاد شامحەممەدی” و “میلاد محەممەدی”، دوو کۆڵبەری خەڵکی شاری سەقز، “فەرشاد جەماڵی فەر”، خەڵکی کرماشان لە سنووری بانە، کۆڵبەرێکی خەڵکی مەریوان بە ناوی “غەففار شەریفی”، لە سنووری ئەو شارە و “کیانووش پاشایی” و “ئامیار مەنسووری” خەڵکی شاری سەقز و هەروەها کۆڵبەرێکی خەڵکی مەهاباد بە ناوی “سمکۆ رەوەزای” بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بریندارکراون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئێوارەی چوارشەممە ٢٤ی خەزەڵوەر، ڕەغزاد شامحەممەدی، خەڵکی گوندی دورقەڵا و میلاد محەممەدی، خەڵکی گوندی دەرەویانی سەرووی سەر بە شاری سەقز، لە کاتی کۆڵبەریدا لە سنووری هەنگەژاڵی بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم بریندارکران. لە لایەکی دیکەوە، هەمان ڕۆژ لە سنووری ساوجی مەریوانیش، کۆڵبەرێک بە ناوی غەفار شەریفی، خەڵکی گوندی میانە سەر بە شاری مەریوان و دانیشتووی ئەو شارە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی سنووری بریندارکرا. هاوکات لە هەمان ڕۆژدا، سێ کۆڵبەر بە ناوەکانی سمکۆ ڕەوازی تەمەن ٣٧ ساڵ و خەڵکی شاری مەهاباد، کیانووش پاشایی و ئامیار مەنسووری خەڵکی شاری سەقز بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم لە سنووری هەنگەژاڵی بانە و “باشماخ”ی مەریوان بەسەختی بریندار کراون. هەروەها، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی خەزەڵوەر، کۆڵبەرێکی خەڵکی کرماشان بە ناوی فەرشاد جەماڵی فەر، بە تەقەی هێزەکانی هەنگی سنووری لە سنووری هەنگەژاڵی بانە بریندارکرابوو.