ڕۆژی هەینی ٢٠ی ڕێبەندان، هێزە چەکدارەکانی ڕژیم، کۆمەڵێک کۆڵبەریان دەستبەسەر کردووە و بە شێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجەیان کردوون و لە مەودای چەند مەترییەوە بە چەکی ساچمەیی تەقەیان لێیان کردوون. بەم هۆیەشەوە دوو کۆڵبەری لاو بە ناوەکانی “یووسف مەهابادی”، تەمەن ٢٦ ساڵ و فەرزاد (ناوبانگ نادیار) کە هەردووکیان خەڵکی شاری مەهاباد بوون، دەستیان بەسەختی بریندار بووە. هەروەها ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی ڕێبەندان، هێزە چەکدارەکانی ڕژیم لە سنووری هەنگەژاڵی بانە تەقەیان لە کۆمەڵێک کۆڵبەر کردووە و دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی “سۆران ڕەحیمی”، تەمەن ١٩ ساڵ، خەڵکی شاری سەقز و “ئەیووب مەحموودی”، تەمەن ٣۵ ساڵ و خەڵکی شاری بانە، بریندار بوون. لە درێژەی بەردەوامیی دەستڕێژی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم لە کۆڵبەران، ڕۆژی دووشەممە ١٦ی ڕێبەندانیش، کۆڵبەرێکی تەمەن ٣٨ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز بە ناوی “نیزام تەیمووری”، بە تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانە لاقی بەسەختی بریندار بووە و بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواستراوەتەوە.