سۆران دانشمێهر و فەرشاد ڕۆستەمنژاد، دوو کۆڵبەری خەڵکی پاوە و یووسف چووپانی کۆڵبەری لاوی خەڵکی سەقز لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم لە سنوورەکانی بانە و نەوسوود بریندار بوون.
ڕۆژی سێشەممە ١٩ی بەفرانبار، یووسف چووپانی کۆلبەری تەمەن ١٩ ساڵی خەڵکی سەقز، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم لە سنووری “هەنگەژاڵ”ی بانە لاقی بەسەختی بریندار بوو.
لە لایەکی دیکەشەوە و هاوکات، لە ڕەوتی دەستڕێژی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم بۆ سەر کاروانێک لە کۆڵبەرەکان لە سنووری نەوسوود سەر بە شاری پاوە، فەرشاد ڕۆستەمنژاد، تەمەن ٣٣ ساڵ و خەڵکی گوندی شمشێر سەر بە شاری پاوە بە چەکی ساچمەیی بەسەختی بریندار بوو.
هەروەها ڕۆژی شەممە ١٦ی بەفرانبار، سۆران دانشمێهر، تەمەن ١٨ ساڵ و خەڵکی گوندی دشەی سەر بە شاری پاوە، بەهۆی بەرکەوتنی گوللەی کلاشینکۆف لە سنووری نەوسوودی ئەو شارە لاقی بریندار بووە.