برینداربوونی شەش هاووڵاتیی بەهۆی هێرش بەچەقۆ بۆ سەر پاسێک لە شاری زیگن لە ئاڵمان
شەممە ۱۰-۰۶-۱۴۰۳   |  31-08-2024
لەشاری “زیگن” لە ڕۆژئاوای ئاڵمان، لەناو پاسێکدا شەش کەس بەر چەقۆ دراون و تەندرووستی سێ کەسیان ناجێگیر ڕاگەیەندراوە.
هاوکات پۆلیسی فێدڕاڵی ئاڵمان ڕایگەیاندووە، هێرشبەرەکە کە ژنێک بووە دەستبەسەر کراوە. ئەمە لەحاڵێکدایە کە لەماوەی حەفتەیەکدا، ئەمە دووهەمین ڕووداوی چەقۆ وەشاندن لە ئاڵمان بووە. بە وتەی پۆلیسی ئاڵمان، ٤٠ کەس لەنێو پاسەکەدا بوون و بەرەو فێستیڤاڵی 800 ساڵەی دروستبوونی شاری زیگن دەچوون، بەڵام لە ڕێگەدا چەقۆ وەشێنەکە پەلاماری خەڵکەکەی داوە و شەش کەسی بریندار کردووە. پۆلیس ئاماژەشی داوە، هێرشبەرەکە بەڕەچەڵەک ئاڵمانییە و هیچ هۆیەک ئاشکرا نەبووە کە هانیدا بێت بۆ ئەو کردەیە. بەڵام ڕۆژنامەی بێڵدی ئەڵمانی بڵاوی کردووەتەوە، ئەو ژنە وەک تۆمەتبار دەستگیرکراوە نەخۆشی دەروونیی هەیە.