
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی هەینی ١٦ی جۆزردانی ١٤٠٤، بەهۆی نەبوونی ئەمنییەتی شوێنی کار و لە ئەنجامی ئاگر کەوتنەوە لە کارخانەیەکی شیری پاستۆڕیزە لە شاری تاران، لانیکەم ١٠ کرێکار بە سەختی برینداربوون. شایانی باسە، دوو کەس لەم کرێکارانە بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە گواستراونەتەوە بۆ ناوەندی دەرمانی “شۆهەدای یافت ئاباد”.
هەر لەم پێوەندەدا، ڕۆژی هەینی سەرۆکی ڕێکخراوی ئاگرکوژێنەوە و خزمەتگوزاری شارەداریی ئەهواز، ڕایگەیاند کە کرێکارێکی تەمەن ٥٨ ساڵ لەکاتی جۆشکاری لەسەر ئاسانسۆڕی هۆتێلێک لە شەقامی ٢٠میتری موقیمی کوی میللەت لەمشارە، بەربووەتەوە و بەسەختی برینداربووە. پێویستە ئاماژە بکرێت کە ساڵانە بەهۆی دابین نەکرانی ئەمنییەتی شوێنی کار و نەبوونی کەرەستەی خۆپارێز بە سەدان کرێکار دەبنە قوربانی ڕووداوەکانی شوێنی کار.