بەپێی ڕاپۆرتەکان، شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینی ١٨ی خەزەڵوەر، هێزە چەکدارەکانی ڕژیم لە سنووری “هەنگەژاڵ”ی بانە تەقەیان لە کۆمەڵێک کۆڵبەر کردووە و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک بە ناوی “کامران ڕەحیمی” خەڵکی شاری بانە، بەسەختی بریندار بووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، کامران ڕەحیمی خێزاندارە و باوکی دوو منداڵە و چاوی پێکراوە و بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکانی تەورێز کراوە.
هەروەها ڕۆژی دووشەممە ١٦ی خەزەڵوەر، دوو کۆڵبەری دیکە بە ناوەکانی هادی و زانکۆ کە هەردووکیان خەڵکی شاری سەقز و کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری سنە بە ناوی محەممەد لەگەڵ کۆڵبەرێکی دیکەی خەڵکی شاری سەقز کە تاکوو ئێستا ناوەکەی نەزانراوە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم لە سنووری هەنگەژاڵی بانە بریندار بوون. شایانی باسە کە بە گوللەی جەنگی تەقە لەو کۆڵبەرانە کراوە و کەمەر، ڕان، باسک و قۆڵی ئەم چوار کۆڵبەرە پێکراوە و بەسەختی بریندار بوون و دواتر بە مەبەستی تیمارکردن و چارەسەریی پزیشکی، بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەدین ئەیووبی لە شاری بانە گواستراونەتەوە.