دوو کۆڵبەری خەڵکی شاری سەقز بە ناوەکانی “فەرهاد محەممەدی” و “کەیوان ئەحمەدی” و هەروەها کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری دیواندەرە بە ناوی “مەحموود کامەرانی” و کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری پاوە بە ناوی “فەردین” و هەروەها کۆڵبەرێکی خەڵکی ڕوانسەر کە ناوەکەی نەزانراوە، لەسەر سنووری شارەکانی بانە و نەوسوود بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم بریندار بوون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ڕۆژی سێشەممە ٢١ی سەرماوەز، سێ کۆڵبەر بە ناوەکانی کەیوان ئەحمەدی، تەمەن ٣٤ ساڵ و فەرهاد محەممەدی، تەمەن ٢٧ ساڵ کە هەردووکیان خەڵکی سەقزن و هەروەها مەحموود کامەرانی، تەمەن ٢١ ساڵ و خەڵکی شاری دیواندەرە، بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم لە سنووری “هەنگەژاڵ”ی بانە بریندار بوون. هاوکات کۆڵبەرێک بە ناوی فەردین خەڵکی گوندی “بەلەبزان”ی سەر بە شاری پاوە و کۆڵبەرێکی دیکەی خەڵکی گوندی “تازاوا”ی سەر بە ناوچەی شاهۆی شاری ڕوانسەر کە هێشتا ناوی نەزانراوە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم لە سنووری شاری نەوسوود بریندار بوون. شایانی باسە کە لەنێو ئەو کۆڵبەرانەدا، بارودۆخی تەندروستیی فەرهاد محەممەدی، کۆڵبەری خەڵکی شاری سەقز مەترسیدارە و دوای برینداربوونی لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕژیمەوە گواستراوەتەوە بۆ ناوەندە دەرمانییەکان و لەژێر چاودێری و چارەسەریی پزیشکیدایە.