ئیبراهیم مەحموودی خەڵکی شاری بانە، سیا خودامورادی، تەمەن ١٨ ساڵ و خەڵکی شاری مەریوان، کامران سەعیدزادە، خەڵکی شاری سەقز و کۆڵبەرێکی دیکەی خەڵکی شاری کرماشان بە ناوی حەبیب لە سنووری شارەکانی بانە، مەریوان و نەوسوود بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم بریندار بوون.
ڕۆژی یەکشەممە ٥ی سەرماوەز، “ئیبراهیم مەحموودی” تەمەن ٢٦ ساڵ و خەڵکی شاری بانە لە سنووری “هەنگەژال” ی ئەم شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بریندار بووە. لە هەمان کاتدا، “سیا خودامورادی”، کۆڵبەری تەمەن ١٨ ساڵە و خەڵکی شاری مەریوان، لە کاتی کۆڵبەریدا لە سنووری “هەنجیران”ی ئەم شارە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم بریندار بووە. پێشتریش لە شەوی شەممە ٤ی سەرماوەز، “کامران سەعیدزادە”، خەڵکی شاری سەقز بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە سنووری هەنگەژالی شاری بانە بە سەختی بریندار کرابوو. لە لایەکی دیکەوە، شەوی ڕابردوو کۆڵبەرێک بە ناوی “حەبیب” لە کاتی کۆڵبەری لە بەرزایەکانی “کەلە قەندی” سنووری نەوسوود لە پارێزگای کرماشان بریندار بوو. شایانی باسە، ناوبراو بەهۆی سەختی برینەکانییەوە بۆ چارەسەری دەرمانی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواستراوەتەوە.