سەرلەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی پووشپەڕ، هێزە چەکدارەکانی ڕژیم لە سنووری “هەنگەژاڵ”ی شاری بانە، تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر کردووە و لە ئەنجامیدا، کۆڵبەرێک بە ناوی “محەممەد مەزرووعی”، تەمەن ٢٥ ساڵ و خەڵکی گوندی “بایەنجان”ی ئەمشارە بە سەختی بریندار بووە.
بەپێی زانیارییەکان، ناوبراو زگی بەر گوللەی هێزەکانی ڕژیم کەوتووە و بەسەختی بریندار بووە. شایانی باسە، بە هۆی درەنگ گواستنەوەی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان لەلایەن هێزە حکوومەتییەکان و خوێنبەربوونی لەڕادەبەدەر لە ناوڕێگەدا، باری تەندروستیی محەممەد مەزرووعی ناجێگیرە و هەنووکەش لە نەخۆشخانەی “سەلاحەدین ئەیووبی”ی شاری بانە لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدایە. بەپێی ئامارەکان، لە ماوەی شەش مانگی ڕابروودا، لانیکەم ٩ کۆڵبەر لە سنوورەکانی شاری بانە کوژراون کە ٧ کۆڵبەریان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی بوونەتە قوربانی.