ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی ڕەشەممە، ئیحسان عەبدوڵڵازادە تەمەن ١٩ ساڵ، زانیار (ناوبانگ نادیار) تەمەن ٢٥ ساڵ و کەریم (ناوبانگ نادیار) خەڵکی بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم لە سنووری هەنگەژاڵی بانە بە سەختی بریندار بوون.
بەوتەی سەرچاوەکانی هەواڵ، هێزە چەکدارەکانی ڕژیم لەگەڵ هەڕەشەی کوشتن لەو هاووڵاتییانە، ناچاریان کردوون کە پەیوەندی بە ئۆرژانسەوە بگرن “لەبەر ئەوەیکە پێویستیان پێی دەبێت” و دواتر داوایان لێیان کردووە کە لەو شوێنە هەڵبێن، ئینجا لە مەودای دوو مەترییەوە و لە پشتەوە تەقەیان لێیان کردووە.
بەوتەی ئەو سەرچاوانە، ئیحسان عەبدوڵڵازادە هەر دوو لاقی لە پشتەوە و زانیار لاقی چەپی بەسەختی بریندارکراوە، بارودۆخی تەندروستیی زانیار ناجێگیر ڕاگەیەندراوە.
هەروەها هەر لەو ڕۆژەدا، حەیدەر و ئیدریس، دوو کۆڵبەری خەڵکی سەقز بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی رژیم لە سنووری هەنگەژاڵی بانە بەسەختی بریندارکران.