لە درێژەی کوشتاری سیستەماتیکی کۆڵبەران لە سنوورەکانی کوردستان، هیوا عەزیز نەجات ئەندامی هەڵبژاردەی کاراتای ئێران و یەکێک لە پاڵەوانانی چەند ساڵی ڕابردووی ئەو بوارە لە تەمەنی منداڵان، مێرمنداڵان و لاوان لە ئاستی ئێراندا، لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری بانە بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم بریندار بوو.
هیوا عەزیز نەجات تەمەن ١٩ ساڵ و خەڵکی بانە بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی خەرمانان، لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری هەنگەژاڵ بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی رژیم لە بەشی لاقی بە سەختی بریندار بووە.
جێگای ئاماژەیە کە ئەم وەرزشکارە گەنجە بە مەبەستی دابینکردنی تێچووی سەفەرەکەی بۆ تورکیە چووە بۆ کۆڵبەری. ناوبراو بڕیار بوو کە ڕێکەوتی ١٥ی ڕەزبەری ئەمساڵ لەگەڵ هەڵبژاردەی کاراتای ئێران بەمەبەستی بەشداری کردن لە یارییەکی نێودەوڵەتی سەفەری تورکیە بکەن.