فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بزووتنەوەی بەهێزی موعەلیمان و درۆ و دەلەسەی بڵینگۆی ئەمنی و تەبلیغاتیی ڕژیم
چوارشەممە ۰۱-۱۰-۱۴۰۰   |  22-12-2021

مانگرتن و ناڕەزایەتیی بەرینی موعەلیمان لە ڕۆژانی بیستەم، بیست و یەکەم و بیست و دووهەمی مانگی سەرماوەز هاوکات لەگەڵ تاوتوێ کرانی گەڵاڵەی ڕیزبەندیی موعەلیمان لە مەجلیس، نیشانەی بزووتنەوەیەکی بەهێزی سەرتاسەری بوو. هەر ئەم بابەتەش بوو بەهۆی ئەویکە ڕژیم لە لایەکەوە دەست بۆ ئامرازی هەمیشەیی واتە دەستبەسەرکردن و هێرش بۆسەر ڕیزی ناڕازیان بەرێت و لە لایەکی دیکەشەوە بڵینگۆ تەبلیغاتی – ئەمنییەکانی خۆی دژبە خەباتی مافخوازانەی موعەلیمان وەڕێ بخات. هێستا چەند کاتژمێر لە کۆبوونەوەکان تێپەڕ نەببوو کە ڕەسووڵ بۆداقی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ناوەندیی پیشەیی ئیسلامشار و نوێنەری ئەم ڕێکخراوە لە شۆرای هاوئاهەنگی لە لایەن پۆلیسی ئەمنییەوە دەستبەسەر کرا. هاوکات جەعفەر ئیبراهیمی چالاکی بزووتنەوەی موعەلیمان و بەرپرسی شۆرای هاوئاهەنگی ڕێکخراوی پیشەیی موعەلیمان لە بێدادگای ئینقلابی کەرەج بەخاتری چالاکیی پیشەیی موحاکەمە کرا. هەروەها ئامانج ئەمینی چالاکی موعەلیمان لە شاری سەقز کرایە ئامانجی هێرش و توندوتیژیی هێزە سەرکوتگەرەکان. ئەوەش لە حاڵێک دایە کە دەیان موعەلیم هەروا لە زیندانەکاندا بەسەر دەبەن.

ئەم ناڕەزایەتییانە سێهەمین قۆناغی ناڕەزایەتیی موعەلیمان لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا بوو. ئەوان لە بڕیارنامەی کۆتایی کۆبوونەوەی سەرتاسەریی خۆیان لە ١١ی سەرمازەز، بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەو قەیرانانەی کە کۆمەڵگا لەگەڵیان بەرەوڕووە، نووسییان کە “لە وەها باروودۆخێکی قەیراناویدا، پتر لە ١٤ ساڵە کە بەشە جۆراوجۆرەکانی موعەلیمان بەتایبەت خانەنشینکراوان، چاوی هیوایان بۆ دابین کرانی ژیانێکی نیسبی، لە دەستی دەوڵەت و مەجلیسێک بڕیوە کە بەناوی نوێنەری خەڵک سوێندی وەفاداری و خزمەت بە میللەتیان خواردووە، بەڵام زۆرترین خەیانەت دەرحەق بە خەڵک ئەنجام دەدەن”. ئەوان لە درێژەی بڕیارنامەکەدا هۆشداریان بە دەوڵەت و مەجلیس دا کە ” تا کاتێک یاسای بەڕێوەبردنی خزمەتگوزاریی وڵات بەتایبەت نیزامی هاوسانسازیی مووچەی خانەنشینکراوان و گەڵاڵەی ڕیزبەندیی موعەلیمانی لەسەرکار، بەکردەوە دەرنەیەت، لە ڕۆژانی داهاتوودا بەشێوازی جۆاوجۆری وەک کۆبوونەوە، ڕێپێوان، تەعتیل کردنی کلاسەکان، لە سەرتاسەری ئێران تا گەیشتن بە خواستە یاساییەکانیان، درێژە بە ناڕەزایەتییەکانیان دەدەن”. ئەوەیکە نوێنەرانی مەجلیسی ڕژیم لە دانیشتنی چوارشەممە بیست و چوارەمی سەرماوەزدا پەسەندیان کرد بە وتەی یەکێک لە ناڕازیانی بەشداربوو لە کۆبوونەوەکان، “نەک گەڵاڵەی ڕیزبەندی، بەڵکوو گەڵاڵەی فێڵ و فریوکاری بوو”. بەپێی ئەم پەسندکراوە، دەوڵەت تەنیا دوازدە و نیو ملیارد تمەن بۆ شەش مانگ تەرخان دەکات و لەجیات ڕیزبەندیی کەسانی لەسەرکار بەپێی لانیکەم ٨٠ لەسەدی مووچەی هەیئەتی زانستی، تەنیا بڕێکی زۆر کەم بە مووچەی موعەلیمان زیاد دەکرێت کە تەنانەت ئەگەر بەکردەوەش دەبێت، مووچەی موعەلیمان تەنیا یەک و نیو تا دوو ملیۆن تمەن زیاد دەکرێت کە بەلەبەرچاوگرتنی تەوەرۆم و بوودجەی ساڵی داهاتوو، گشت موعەلیمان لەژێر هێڵی هەژاریدا دەمێننەوە.

ئەگەر دەستبەسەرکردن و سەرکوتی ناڕەزیایەتییەکان و گەڵای پەسەندکراوی مەجلیسی ڕژیم دوو مۆدێلی سیاسەتی ڕژیم بۆ بەرنگاربوونەوە لەگەڵ ناڕەزایەتیی موعەلیمان بووە، ئەمجارەیان کەیهانی شەریعەتمەداری بڵینگۆی خامنەیی و ڕۆژنامەی جەوانی سەربە دەزگای ئەمنیی سپاش دژبە موعەلیمان هاتوونەتە موعەلیمان. ڕۆژنامەی کەیهان نووسیی: “پێویستە وشیار بین کە بە گەورەکردنەوەی کێشە و گرفتی پیشەیی و خواستی تەرخانکردنی بوودجە، نەختینە و تەوەرۆم پێک نەیەت”. نووسەری کەیهان بێشەرمانە باس لە چوونەسەرەوەی ڕەێژەی نەختینە و تەوەرۆم دەکات، ئەوەش لە حاڵێک دایە کە تەنانەت ئەگەر گەڵاڵەی پەسندکراوی مەجلیسیش بەکردەوە دەربێت مووچەی موعەلمیان کە یەکجار لە هێڵی هەژاری لە خوارترە، لە کوێوە قەرارە ڕێژەی نەختینە بەرێتە سەرێ؟ تەوەرۆمی هەوسارپچڕاوی ئێسای ناو کۆمەڵگا بە هیچ تاکتیکێک ناکرێ بە داخوازیی ڕیزبەندیی موعەلیمان و هاوسانسازیی مووچەی خانەنشینکراوانەوە پەیوەند بدرێت. نووسەری کەیهان خۆی لە گێلی دەدات و گۆیا نەیبیستووە کە بوودجەی بیست و دوو ناوەندی پەرەپێدەری خورافات و بیری پرتووکاوی مەزهەبی، دوازدە هەزار ملیارد تمەن زیاد کراوە. نووسەری بەکرێگیراوی کەیهان لە درێژەدا دەپرسێت کە “ئایا تەنیا ڕێگای دەربڕینی داخوازی و کێشەکان، کۆبوونەوەی بێ دەر و پەیکەری سەر شەقامەکانە کە هیچ کەس پێشهات و ڕووداوەکانی وەخۆ ناگرێت، یان ڕێگای مۆدێرنتر و کەم هەزینەتریش بوونی هەیە. کێ بەرپرسی بەلاڕێداچوونی ئەم کۆبوونەوانە و شەپۆل سواریی دوژمنانی گشت خەڵکی ئێرانە؟ ئایا هەزینەی بەرینی ئەم شەپۆل سوارییە بێجگەلە گیرفانی خەڵک لە کوێوە دابین دەکرێت”. ئەوە ئیتر ئەوپەڕی بێشەرمیی کەسانێکە کە هەر ساتێک لە ژیانیان بە قیمەتی هەژارکردنی ملیۆنیی خەڵک، بە قیمەتی بردنەسەرەوەی ئەرتەشی ملیۆنیی بێکاران، بە قیمەتی چوونەسەرەوەی کارتۆن خەوان، بە قیمەتی چوونەسەرەوەی ژمارەی کەسانێک کە بۆ دابین کردنی نانی شەویان دەبێ ئەندامانی لەشیان بفرۆش، تەواو دەبێت. ئەگەر بۆ ڕژیم ناردنی هێزی سەرکوتگەر هەزینەیە، لە بەرامبەردا بۆ بزووتنەوەی ناڕەزایەتی دەستبەسەرکردن و مەحکوومییەتی هەڵسووڕاوان و ڕێبەرانی ئەم بزووتنەوانە هەزینەیەکی قورسە و هەڵبەت چ جیاوازییەکی مەزن لە نێوان هەزینەی ڕژیم بۆ پاراستنی دەسەڵاتی جەنایەتکارانەی و هەزینەی خەڵک لەپێناو وەدیهێنانی خواستە ڕەواکانیان و دابین کردنی لانیکەمی ژیانیان بوونی هەیە.

ڕۆژنامەی “جەوان” بڵینگۆی ئەمنییەتیی سپا، بە سەردێڕی “هێندێک لەو کەسانەی کە موعەلیمان بەرەو کۆبوونەوە هان دەدەن، پیشینەی دژە ئەمنییەتییان هەیە” و ئەوەیکە “ئەم گرووپە ڕێکخراوێکی ناڕەسمییە لەژێرناوی شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوی پیشەیی موعەلیمان”، هاتووەتە مەیدان  و هەڕەشە دەکات و دەنووسێت که: “وەها ڕەوتێک بە بەلاڕێدابردنی ناڕەزایەتیی ئاسایی و ڕەوای موعەلیمان لە مەسیری درووست و یاسایی، دەبێتە هۆی هەستیاربوونەوەی هێزە ئەمنییەکان نیسبەت بە ناڕەزایەتییەکان و هەربۆیە دەتوانین بڵێین کە ئامانجی ئەم توندڕەوییانە بەستنی ڕێگای ناڕەزایەتیی درووست و پێکهێنانی گرژیی دەروونی بۆ خوێندکاران و بنەماڵەکانیانە کە بەگشتی دەبێتە هۆی خوڵقانی بشێوی لە مەسیری گەیشتن بە داخوازییەکاندا”. بەدەر لەوەیکە فەرهەنگییان دەمێک ساڵە هەموو ڕێگاکانیان پێواوتووە و وڵامیان وەرنەگرتووەتەوە و سەرەنجام ڕوویان کردووەتە مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرتاسەری، پێویستە بەم نووسەرە بەکرێگیراوە بوترێت کە کۆمەڵگای ئێران و بزووتنەوەی ناڕەزایەتی لانیکەم لە مانگی بەفرانباری ٩٦ەوە بەرەو ئەملا هەنگاوی گەورەی بەرەو پێشەوە هەڵگرتووە و هەربۆیە نە تەبلیغاتی بڵینگۆکانی ڕژیم، نە ئەمنییەتی کردنی کەشوهەوای کۆمەڵگا و نە بەکارهێنانی دەزگاکانی سەرکوت، هیچ کامیان ناتوانن بەر بە پێشڕەویی کۆمەڵگا بەرەو باروودۆخێکی شۆڕشگێڕانە بگرن. لەخۆڕا نییە کە شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوی پیشەیی موعەلیمانی ئێران ڕایگەیاند کە “موعەلیمانی مافخواز بەم هەڵسووکەوتانە چاوترسێن نابن و بۆ وەدیهێنانی خواستی باڵای موعەلیمان و ڕۆڵەکانی خۆیان و ڕۆڵەکانی ئێران، بە مانگرتن و کۆبوونەوەی سەرتاسەری پەیوەست دەبن”. هەربۆیە ڕاگەیاندنی کۆبوونەوی سەرتاسەریی موعەلیمان لە ڕۆژی پێنجشەممە، ٢ی مانگی بەفرانبار وڵامێکی شایستەیە بە درۆ و دەلەسەی بڵینگۆی ئەمنی و تەبلیغاتیی ڕژیم.