
لەگەڵ کرانەوەی دەرگای زانکۆکان لە ڕۆژی شەممە ٢ی ڕەشەمە، خوێندکارانی خەباتکار و تێکۆشەر لە زۆربەی زانکۆکانی ئێران، بە ڕێکخستنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی، یادی هەزاران گیانبەختکردووی کوشتار و کۆمەڵکوژیی جەماوەریان لەلایەن ڕژێمی جنایتکاری کۆماری ئیسلامییەوە لە ڕۆژانی ١٨ و ١٩ی بەفرانبار بەرز ڕاگرت. خوێندکاران لە یەکەم ڕۆژی دەستپێکردنەوەی زانکۆکاندا کە هاوکات بوو لەگەڵ چلەی ئەو کۆمەڵکوژییە، حکوومەتی ئیسلامییان بە تاوانی ئەنجامدانی ئەو جنایەتە سامناکە مەحکووم کرد. کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی خوێندکاران بەو بۆنەیەوە ڕۆژی دووشەممە ٤ی ڕەشەمە بۆ سێیەمین ڕۆژی بەردەوام درێژەی کێشا و خوێندکارانی خەباتکار بە دانی دروشمگەلێک دژی دەسەڵاتی ئیسلامی و شەخسی عەلی خامنەیی وەک فەرماندەر و هۆکاری ئەو کوشتارە بەکۆمەڵە، نەفرەت و بێزاریی قووڵی خۆیان لە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی دەربڕی و جارێکی دیکە ئەو جنایەتە بێوێنەیەیان ئیدانە کردەوە.
بەپێی هەواڵەکان، ڕۆژی دووشەممە و لە سێیەمین ڕۆژی بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکاندا، خوێندکارانی زانکۆکانی ئەمیرکەبیر (پلیتەکنیک)، زانست و پیشە (علم و صنعت)، زانکۆی تاران، بەهەشتی، زانکۆی سەنعەتی شەریف، زانکۆی هونەری تاران، تەربیەت مودەریس، سەجاد و زانستە پزیشکییەکانی فیردەوسیی مەشهەد و خاجە نەسیر، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خۆیان بەو بۆنەیەوە ڕێکخست. خوێندکاران بە وتنەوەی دروشمی دژە حکوومەتی لەوانە: “مەرگ بۆ دیکتاتۆر”، “ئەم هەمووە ساڵە جنایەت – مەرگ بۆ ئەم ویلایەت”، “کوژراومان نەداوە کە سازش بکەین – ستایشی ڕەهبەری بکوژ بکەین”، “ئازادی، ئازادی، ئازادی”، “تۆپ، تانک، فیشەک، چیتر ئەسەری نییە”، “ژن، ژیان، ئازادی”، “نە سەلتەنەت نە ڕەهبەری، دێموکراسی و بەرابەری”، “مەرگ بۆ ستەمگەر، چ شا بێت چ ڕەهبەر” و “سوێند بە خوێنی هاوڕێیان – ڕاوەستاوین تا کۆتایی”، ناڕەزایەتییان بەرانبەر بە کوشتار و قەڵاچۆی جەماوەر لەلایەن حکوومەتی ئیسلامییەوە دەربڕی. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە میدیاکانی سەر بە ڕژێم بەوپەڕی بێشەرمییەوە هەوڵیان دەدا ناڕەزایەتیی خوێندکاران وەک “بەڕێخستنی دەستەی ماتەمینی بە دروشمی دژە ئەمریکایی” وێنا بکەن و وا نیشانی بدەن کە گوایە تەنیا ژمارەیەک خوێندکار دروشمی “ساختارشکێنانە”یان داوە و هێرشیان کردووەتە سەر “عەزاداران”.
بەڵام لە ڕاستیدا کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی خوێندکاران لەوانە لە زانکۆکانی تاران، زانست و پیشە، بەهەشتی، سەنعەتی شەریف، خاجە نەسیر، ئەمیرکەبیر و فیردەوسی، ڕووبەڕووی پەلاماری وەحشیانەی هێزە سەرکوتگەرەکانی “یەکەی تایبەت”، حەراسەتی زانکۆ و بەکرێگیراوانی “بەسیجی خوێندکاری”ی ڕژێم بوونەوە کە بە باتۆم و گازی فرمێسکڕێژ و سپڕێی بیبەر و بە هاواری “حەیدەر حەیدەر” هێرشیان کردە سەریان. خوێندکارانی خەباتکار لە بەرانبەر هێرشی بەکرێگیراواندا بەرگرییان کرد و تێکهەڵچوون. لە ئاکامدا ژمارەیەک لە خوێندکاران بریندار بوون. هاوکات لەگەڵ پەلاماری هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژێم، ژمارەیەک لە دەستوپەیوەندەکانی ڕەوتی سەلتەنەتخواز بە دروشمی کۆنەپەرستانە دژی چەپەکان، هەوڵیان دا ڕیزەکانی خەبات و بەرخۆدانی خوێندکاران لە بەرانبەر هێزە سەرکوتگەرەکاندا تێک بدەن، کە بە هاواری “مەرگ بۆ دیکتاتۆر”، “مەرگ بۆ ئەم ویلایەتە” و دروشمگەلێک دژی سەلتەنەتخوازان، بە شێوەیەکی هوشیارانە پووچەڵ کرانەوە. هەروەها خوێندکاران لە چەندین زانکۆ بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامە، دژی دەستبەسەرداگرتنی خەبات و بەرخۆدانەکەیان لەلایەن سەلتەنەتخوازان، ڕەوتی ئیرتیجاعیی پەهلەوی و میدیا بەکرێگیراوەکانیان، ناڕەزایەتییان دەربڕی.
لە کاتێکدا کە بزووتنەوەی خوێندکاری بۆ مەحکوومکردنی کۆمەڵکوژییەکەی مانگی بەفرانبار لە گۆڕەپاندایە و خوازیاری ئازادیی خوێندکارانی بەندکراو و زیندانیانی سیاسییە، سیناریۆسازیی حکوومەتی ئیسلامی سەبارەت بە قەڵاچۆی هەزاران کەس لە جەماوەری ناڕازی بە دەستی بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی، هێندەی خودی ئەو کوشتارە جنایەتکارانەیە. لەم گێڕانەوە ساختە و سەرتاپا درۆیەدا، خامنەیی و بەرپرسان و کاربەدەستانی دیکەی ڕژێم هەوڵیان دا جێگەی بکوژ و کوژراو بگۆڕنەوە. عەلی خامنەیی لە یەکەم وتاریدا پاش کوشتاری خەڵکی ناڕازی، بەوپەڕی بێشەرمییەوە خەڵکی ناڕازی لە دۆخی ژیانی پڕ لە نەهامەتی، بە “ئاژاوەگێڕ”، “نەزان” و “بەکرێگیراوی دوژمن و دەست و پەیوەندی بیانی” ناو برد. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە خامنەیی لە درێژەی ئەم قسە پووچ و بێمانایانەدا، دانی بە کوشتاری هەزاران کەس لە خەڵک بە دەستی هێزە بەکرێگیراو و سەرکوتگەرەکانی ڕژێمدا نا و وتی: “لە خەبات دژی ئەم فیتنە ئەمریکایی و زایۆنیستییە، بەرپرسانی ئینتزامی و ئەمنیەتی بەڕاستی گیانفیداییان کرد تا توانییان فیتنەکە بە تەواوی لەناوبەرن و کارەکە یەکلایی بکەنەوە”.
لەو پەیوەندییەدا ڕۆژنامەی “دەنگی ئێران” (صدای ایران)، سەر بە نووسینگەی عەلی خامنەیی، لە گێڕانەوەیەکی ساختە و بێشەرمانەدا، کوشتاری جەماوەری ناڕازیی خستە ئەستۆی تیرۆریستەکان و دەوڵەتانی بیانی و نووسیویەتی هێزە ئینتزامییەکان هیچ تێهەڵچوونێکیان لەگەڵ ناڕازییان نەبووە و ٧٥٪ی کوژراوەکان لە هێزەکانی پارێزەری ئەمنییەت بوون و داوای تۆڵەسەندنەوەشی کرد. ئەمە لە کاتێکدایە کە ناوەندەکانی مافی مرۆڤی نێونەتەوەیی، کوشتاری هەزاران کەس لە جەماوەری ناڕازی بە چەک و کەرەستەی جەنگیی ڕژێمی ئیسلامی، بە “تاوان دژی مرۆڤایەتی” لە قەڵەم داوە و لە هەوڵی بەدواداچوون بۆ ئەم دۆسیەیە لە ڕێگەی ناوەندە دادوەرییە نێونەتەوەییەکانەوەن. هەر بەم هۆیەشەوە ٢٨ دەوڵەتی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا سپای پاسدارانیان خستە لیستی تیرۆری خۆیانەوە.
بزووتنەوەی خوێندکاریی ئێران وەک یەکێک لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە ڕەسەن و پێشڕەوەکان، مێژوویەکی پڕشنگداری لە خەبات دژی ڕژێمە سەرمایەدارییە پاشایەتییەکان و حکوومەتی ئیسلامیدا هەیە. ئەم بزووتنەوەیە هەمیشە دژی سیاسەتەکانی دژەکارگەری، هەڵاواردنی ڕەگەزی، کاڵاییکردنەوەی خوێندن، بە سەربازگە و بە ئیسلامیکردنی ژینگەی خوێندن بووە. لەم قۆناغە هەستیارەشدا بزووتنەوەی خوێندکاری جارێکی دیکە ڕۆڵ و ڕیسالەتی پێشڕەوی خۆی سەلماندەوە. بەشی سۆسیالیستی بزووتنەوەی خوێندکاری نیشانی دا کە ملکەچی سەرکوتی توند و کەشی بەتەواوی ئەمنیەتیی زانکۆکان نەبووە و بە پشتبەستن بە ڕێبەری و ئاسۆی ڕوونی سیاسی، داخوازییەکانی خۆی هێناوەتە گۆڕێ و لە هەمان کاتدا بە بەرگریکردن لە داخوازیی دێموکراتیک و ئازادیخوازانەی خەڵکی ئێران و بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان، ڕۆڵی خۆی لە خەبات بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی گێڕاوە.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە