فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بزووتنەوەی خوێندکاری سەلماندی کە کۆماری ئیسلامی نەیتوانیوە ترس بەسەر کۆمەڵگەدا زاڵ بکات
شەممە ۱۸-۱۱-۱۴۰۴   |  07-02-2026

بزووتنەوەی خوێندکاریی ئێران بەو پێشینە درەوشاوەیەی کە لە خەبات دژی ڕژیمە سەرمایەدارییە پاشایەتییەکانی پەهلەوی و دەسەڵاتی هاری ئیسلامی هەیبووە، و بەو ساتەوەخت و قۆناغە شکۆدارانەی کە لە مەیدانی خەبات دژی سیاسەتی هەڵاواردنی ڕەگەزی، چینایەتی‌کردنی خوێندن و بەپادگانی‌کردنی ژینگەی خوێندن تۆماری کردووە و ئەو پێگە و جێگایەی کە لە مێژووی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی ئێراندا بە ناوی خۆیەوەی کردووە، جارێکی دیکەش ڕۆڵ و ڕیسالەت و پێشەنگایەتیی سیاسیی خۆی لەم قۆناغەدا بەجێ گەیاند. ئەم بزووتنەوەیە سەلماندی کە سەرکوتی دڕندانە و سەپاندنی کەشوهەوای توندی ئەمنیەتی بەسەر ژینگەی زانکۆکاندا لەلایەن حەراسەت و دەزگا ئەمنییەکانی دیکەی کۆماری ئیسلامییەوە، بەتایبەت دوای بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا، نەیتوانیوە ببێتە ڕێگر لەوەی کە بزووتنەوەی خوێندکاری لەم ساتەوەختە مێژووییەدا ڕۆڵی شیاوی خۆی بگێڕێت.

زانکۆ وەک هەستەوەر و ویژدانی بەخەبەری کۆمەڵگە، لە ڕابردووشدا هەمیشە شوێنێک بووە کە لە بەرامبەر قەیران و ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا خێرا کاردانەوەی نیشان داوە. لە ڕاپەڕینی ناڕەزایەتیی ئەم دواییەشدا، بزووتنەوەی خوێندکاری وەک بزووتنەوەیەکی پێشەنگ و ڕادیکاڵی کۆمەڵایەتی زۆر زوو پەیوەست بوو بەو ناڕەزایەتییانەی کە چەخماخەکەی لە بازاڕی تاران و لە ناڕەزایەتی بە پشێوی و ناسەقامگیریی نرخی دراو و هەڵکشانی ڕۆژانەی نرخی کاڵاکان لێدرا. لەم ماوەیەدا سەرەڕای سەرکوتی وەحشیانە و کۆمەڵکوژیی هەزاران کەس لە خەڵکی ناڕازی لەلایەن ڕژیمی تاوانکاری کۆماری ئیسلامییەوە، خوێندکاران لە زۆربەی زانکۆکاندا بە شێوازی جۆراوجۆر دەستیان دایە ئاکسیۆن، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و مانگرتن. خوێندکاران لە زانکۆ جیاوازەکاندا هاوکات بە دەرکردنی ئاگاداری و بەیاننامە و بە بایکۆتکردنی پۆلەکانی خوێندن، دروشم نووسین و کەڵک وەرگرتن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ڕۆڵی کارای خۆیان لەم ناڕەزایەتییانەدا گێڕا. بەداخەوە خوێندکارانیش لەم قۆناغە لە خەباتدا تێچووی گەورەیان داوە. بەپێی ڕاگەیاندنی سەرچاوە زانکۆییەکان تا ئێستا گیانبەختکردنی لانی‌کەم ٨٦ خوێندکار پشتڕاست کراوەتەوە؛ ژمارەیەکی زۆر بریندار و زۆرێکیش دەستبەسەر کراون.

ڕۆژی نۆی بەفرانباری ئەمساڵ و لە سێهەمین ڕۆژی دەستپێکی ڕاپەڕینی ئێستا دژی کۆماری ئیسلامی، خوێندکاران لە ژمارەیەک لە زانکۆکاندا بۆ پشتیوانی لەم ڕاپەڕینە، ناڕەزایەتییان ساز کرد و بە دەنگ هەڵبڕین بە دروشمی ئازادیخوازانە دژی ڕژیمی ئیسلامی لەوانە “مەرگ بۆ دیکتاتۆر”، “نە ڕووسەری نە تووسەری، ئازادی و بەرابەری”، “ژن، ژیان، ئازادی” نیشانیان دا کە داخوازییەکانی ئەم ڕاپەڕینە تەنیا ئابووری نین، بەڵکوو ناوەرۆکێکی سیاسی و دژە ڕژیمییان هەیە. ئێوارەی ڕۆژی هەشتی بەفرانبار خوێندکارانی ژمارەیەک لە زانکۆکان بە مەبەستی ڕێگری لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی کۆنەپەرستانەی بەناو “حیماسەی نۆی دەێ” کە کۆماری ئیسلامی هەموو ساڵێک بۆ نیشاندانی هێزی سەرکوتگەری خۆی ژمارەیەک لە بەکرێگیراوانی خۆی لەژێر ناوی پشتیوانی لە ڕژیم دەهێنێتە سەر شەقامەکان، بە بڵاوکردنەوەی بانگەوازێک ڕایانگەیاند کە ڕۆژی نۆی بەفرانبار دەست دەدەنە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی. لەم بانگەوازەدا لە خوێندکارانی زانکۆکانی تاران، زانست و پیشەسازی، عەلامە تەباتەبایی، زانست و فەرهەنگ، خاجە نەسیر، بەهەشتی و زانکۆی پیشەسازیی ئەسفەهان و یەزد داوایان کرد کە لە پێناو پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک، پەیوەست بن بەم کۆبوونەوە ناڕەزایەتییانەوە. لەم بانگەوازەدا داوا لە مامۆستایانیش کرابوو کە پەیوەست بن بە خوێندکارانەوە؛ پۆلەکانی خوێندن لەو ڕۆژەدا داخرا و خوێندکاران بە وتنی دروشمی دژە حکوومەتی وەک “مەرگ بۆ دیکتاتۆر”، “ئەم هەموو ساڵە جەنایەت، مەرگ بۆ ویلایەت”، “ئیسلاح‌تەڵەب ئوسوڵگەرا، ئیتر تەواوە ماجەرا”، “ئازادی ئازادی”، “بەسیجی و سپایی، داعش هەر ئێوەن”، ” ئێمە لە ڕەگەزی خوێنین، تا کۆتایی دەمێنینەوە”، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خۆیان بەرپا کرد.

بەدوای کوشتار و کۆمەڵکوژیی هەزاران کەس لە خەڵک لەلایەن حکوومەتی ئیسلامییەوە، بزووتنەوەی خوێندکاری لە ئاست تاوانەکانی ڕژیمدا چاوترسێن نەبووە و بە شێوازی جۆراوجۆر درێژەیان بە ناڕەزایەتییەکانی خۆیان دژی کۆماری ئیسلامی داوە. ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی ڕێبەندان ڕێکخراوی “خوێندکارانی پێشەنگ” (دانشجویان پیشرو) ڕایگەیاند کە خوێندکارانی زانستە پزیشکییەکانی ٢٩ زانکۆ لە سەرتاسەری وڵات بە یەکگرتوویی خۆیان، وەک ناڕەزایەتییەک بە کوشتاری خەڵک و دادخوازی بۆ خوێندکارانی گیانبەختکردوو، تاقیکردنەوەکانیان بایکۆت کردووە. هەڵبەت لە درێژەی ٤٧ ساڵ دەسەڵاتداریەتیی ڕژیمی ئیسلامیدا، بزووتنەوەی خوێندکاری لە ئێران هەمیشە دژی یاسا و ڕێسای کۆنەپەرستانەی حکوومەتی ئیسلامی لە حاڵەتی ناڕەزایەتی و خەباتدا بوون. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای بەدەسەڵات گەیشتنیەوە، زانکۆکانی وەک کۆسپێک لەسەر ڕێگای پەرەپێدانی فەرهەنگی خورافە و کۆنەپەرستیی خۆی دیوە. بەردەوام دژی زانکۆ دەستیان کردووە بە ئامۆژگاری و هەڕەشە، چەندین جار زانکۆ و خوێندکارانیان کردووەتە ئامانجی پەلاماری سەربازی. ژینگەی زانکۆیان کردە شوێنی نوێژی هەینی و لەژێر ناوی «شۆڕشی فەرهەنگی» هەوڵیان دا بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی “تێکەڵکردنی حەوزە و زانکۆ” و پاکسازی و دەرکردنی مامۆستایان و خوێندکارانی چەپ و کۆمۆنیست و جێگرتنەوەیان بە مەلا و بەسیجی، زانکۆ لە ناوەرۆکی زانستی و سیاسیی خۆی بەتاڵ بکەنەوە؛ بە رق و کینە لە زانست و زانکۆ، تاوانی ١٨ی تیری ١٣٧٨یان خوڵقاند و بە فەرمانی سەرپاسدار قالیبافی تاوانبار و بە هێرشی “گازەنبۆری” بۆ سەر بەشەناوخۆییەکانی خوێندکاران، ئەوانیان لە پەنجەرەکانەوە فڕێ دایە خوارەوە. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەم تاوان و سەرکوتگەرییانە نەیانتوانی بزووتنەوەی پێشەنگی خوێندکاری ناچار بە بێدەنگی و پاشەکشە بکەن.

لە ماوەی ڕابردوودا بزووتنەوەی خوێندکاری درێژەی بە خەبات و پێشڕەویی خۆی داوە. ڕێکخراوە و دامەزراوە خوێندکارییەکان بە ڕێبەری و ئاسۆی سیاسیی ڕوونەوە لە زۆرێک لە زانکۆکان پێکهاتوون. بەشداریی کارا لە ناڕەزایەتییەکان و دەرکردنی بەیاننامە و بانگەوازە هاوبەشەکانی ڕێکخراوە خوێندکارییەکان، بە خواست و داخوازیی شۆڕشگێڕانەوە، پێگەی بزووتنەوەی خوێندکاریی وەک یەکێک لە بزووتنەوە پێشەنگ و سەقامگیرە کۆمەڵایەتییەکان لە کۆمەڵگەدا جێگیر کردووە. لە بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی ئێستادا کە حکوومەتی گەندەڵی ئیسلامیی گەیاندووەتە لێواری ڕووخان و هەرەس هێنان، بەشی ڕادیکاڵ و سۆسیالیستی بزووتنەوەی خوێندکاری دەتوانێت بە گەڵاڵەکردنی خواست و داخوازییە پێشەنگەکان لە ڕوانگەی بەرژەوەندییەکانی چینی کرێکار و بزووتنەوەی ڕزگاریی ژن و بزووتنەوە پێشەنگە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە و بە دروستکردنی پەیوەندییەکی قووڵ لەگەڵیاندا، درێژە بە ڕۆڵی پێشەنگایەتیی خۆی لە بزووتنەوەی ئازادیخوازانە و یەکسانی‌خوازانەی خەڵکی ئێران بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی بدات.

وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv