فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بزووتنەوەی خوێندکاری لە ئەمریکا دژی جینۆسایدی دەوڵەتی ئیسرائیل؛ «پێویستە ئەمریکا بۆ چینی کرێکار بگەڕێنینەوە»
یەکشەممە ۱۶-۰۲-۱۴۰۳   |  05-05-2024

ناڕەزایەتیی خوێندکاران لە دەیان زانکۆی ئەمریکا دژی جینۆسایدی دەوڵەتی ئیسرائیل لە غەززە کە گیانی زیاتر لە ٣٤ هەزار فەلەستینیی ئەستاندووە، ٨٠%ی دانیشتووانی ئاوارە کردووە و سەدان هەزار کەسی بەرەوڕووی قاتی و برسیەتی کردووەتەوە، کەوتووەتە بەر هێرشی هێزەکانی پۆلیسەوە. هەتا ئێستا سەدان خوێندکار بە بیانووی بێبنەمای وەک “دژەیەهوودی” دەستبەسەر کراون. ئەوەش لە کاتێکدایە کە ناڕازییان و ڕەخنەگران لەو باوەڕەدان کە ئەم تۆمەتانە بۆ بێدەنگ کردنی خوێندکارانی ناڕازی لەئاست کۆمەڵکوژیی غەززەیە و زۆرێک لە بەشداربووانی ئەم ناڕەزایەتییانە خۆیان یەهوودین و بۆ نموونە ئەندامی ڕێکخراوی “دەنگی یەهوودییەکان بۆ ئاشتی”ن. خوێندکاران لەسەر ئەوە پێداگری دەکەن کە ئەمە بزووتنەوەیەکی ئاشتیخوازانەیە بەئامانجی بەرگری لە مافی خەڵکی فەلەستین و ناڕەزایەتی دژبە شەڕە. هەروەها ئەو خوێندکارانەی تا ئێستا دادگایی کراون بەهۆی نەبوونی هیچ بەڵگەیەک لەسەر دژە دژەیەهوودیبوونیان لەلایەن دادگاوە بێتاوان دەرچوون و ئازادکراون. لە کاتێکدا کە خۆپیشاندانەکان لەلایەن خوێندکارانەوە ڕێکدەخرێن و سەرپەرشتی دەکرێن، لە زۆر حاڵەتدا مامۆستایانی زانکۆش بە خۆپیشاندانەکان پەیوەست بوون بۆ ئەوەی پاڵپشتی خۆیان بۆ خوێندکاران نیشان بدەن و تووڕەیی و بێزاریی خۆیان لەدژی هاوکاریی بەڕێوەبەرایەتیی ئەم زانکۆیانە لەگەڵ پڕۆژە نیزامییەکان بۆ نموونە بەدەستهێنانی سوود لەڕێگەی دروستکردنی چەک بۆ ئیسرائیل ڕاگەیەنن.

خۆپیشاندان و مانگرتنی خوێندکاران دژی جیۆسایدی دەوڵەتی ئیسرائیل پشتیوانیی زۆرێک لە کرێکاران و بیروڕای گشتیی لێکەوتووەتەوە و ئەم پشتیوانییە سنوورەکانی ئەمریکای تێپەڕاندووە و گەیشتووەتە وڵاتانی کانەدا و فەڕانسە و ئیتالیا و ئاڵمان و وڵاتانی دیکەی ئورووپا. کرێکارێک کە لە ناڕەزایەتییەکانی یەکشەممە ٢٨ی ئاپریلدا بەشداربوو وتی: ”ئێمە دەبێ لە خوێندکاران پشتیوانی بکەین. ناردنی هێزی نیزامی بۆ سەرکوت و دەستگیرکردنی ناڕازییان بێهوودەیە. ئەمە دووپات بوونەوەی مێژوویە لە کاتی لەئارادابوونی هەموو شەڕەکاندا. دەبێ خەڵک لەوە تێبگەیەنین کە ئێمە شەڕمان بۆ تەحەمول ناکرێ و دەبێ کۆمەڵکوژی ڕابگیرێت.” ئەو لە درێژەدا وتی: ”خەباتی خەڵکی فەلەستین خەباتی هەموو خەڵکێکی ستەملێکراوە. کاتێک وشیارانە یەک بگرین دەتوانین بە سەرکەوتن بگەین”. خوێندکارێکی زانکۆی شیکاگۆش وتی: ”من هاتوومە ئێرە چونکە منداڵانی فەلەستینی دەکوژرێن و دەوڵەتی ئەمریکا ڕێگە دەدات ئەمە ڕووبدات.

ئەوان لە کوشتنی خەڵکی فەلەستیندا لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل هاودەستن و ئەمە بۆ ئێمە قەبووڵ ناکرێ. ئێمە دەبێ بەر بەم بێعەداڵەتییە بگرین. ئێمە دەبێ ئەمریکا بۆ چینی کرێکار بگەڕێنینەوە. واتە ٩٠%ی ئەو ئینسانانەی کار دەکەن و ماڵیات دەدەن. دەبێ ئەمریکا لە چنگ دەوڵەمەندەکان دەربێنین. ئێمە دەبێ بەر بەم بێعەداڵەتییە بگرین. ئەمە ماشێنێکی شەڕە. دەستەیەک شەڕخواز بە ملیاردها دۆلارەوە لە کوشتنی خەڵک قازانجیان پێدەگات. دەبێ بەری پێبگرین. چینی کرێکاری ئەمریکا بۆ کڕینی خۆراک ڕووبەڕووی کێشە و قەیران بووەتەوە. بەڵام ئەوان لە دەرەوەی وڵات خەڵک دەکوژن و قاتی و برسیەتی پەرەپێدەدەن”

چینی دەسەڵاتدار لەوانە بایدن هەروەک چاوەڕوان دەکرا بە “دژەیەهوودی” پێناسەکردنی ئەم ناڕەزایەتییانە لە زانکۆکان، و بە ئیدیعای “پەرەستاندنی لات و چەقۆکێشی دژەیەهوود و لایەنگری تیرۆریزم لە زانکۆکان” هەوڵیان دا ئەم ناڕەزایەتییانە خامۆش بکەن. ترامپی فاشیست ستایشی هێرشی هێزەکانی پۆلیسی کرد. ئەوان ئەم خۆپیشاندانە نە تەنها وەک هەڕەشەیەک دەبینن بۆ پیشتیوانیی خۆیان لە دەوڵەتی ئیسرائیل، بەڵکوو بۆ بەڕێوەبردنی سیاسەتی جەنگیی خۆیان لەئاستی جیهانیش وەک هەڕەشە چاوی لێدەکەن. هەموو دەزگای دەسەڵات و میدیاکانیان نەک هەر لە ئەمریکا بەڵکوو لە کانەدا و ئورووپا بە بەکارهێنانی تاکتیکە هەمیشەییەکانیان هیوادار بوون کە لەڕێگەی تۆمەتبارکردنی خوێندکاران و باقیی ناڕازییان بە “دژی یەهوودی بوون”، لای خەڵک وای نیشان بدەن کە ئەم ناڕەزایەتییانە بە ئامانجی پەرەپێدانی هەستی دژەیەهوودی و هێرش بۆسەر یەهوودییەکان ڕێکخراوە. بەڵام سەرەڕای هەموو هەوڵەکانیان ئەم ناڕەزایەتییانە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر گەشە دەکات. ئەم تۆمەتانە لە کاتێکدایە کە خوێندکاران بە باوەڕی جۆراوجۆرەوە، لەوانە خوێندکارانی یەهوودی و غەیری مەزهەبی، لە خۆپیشاندانەکاندا بەشدارن و هەر هەموویان داوا لە بەڕێوەبەرایەتیی زانکۆکان دەکەن کە لە هاوکاریکردنی ئەو شیرکەتانەی لە کۆمەڵکوژیی غەززەدا بەشدارن خۆ بەدوور بگرن. ناڕەزایەتیی خوێندکاران و سەرکوتگەرییەکانی پۆلیس لە دۆخێکدا درێژەی هەیە کە مەجلیسی نوێنەرانی چینی دەسەڵاتدار لە ئەمریکا هەفتەی ڕابردوو کۆمەکی نیزامیی ٩٥ ملیارد دۆلاریی لەوانە ٦١ ملیارد دۆلاری دیکەی بۆ درێژەی شەڕ لە ئۆکراین و ٢٦ ملیارد دۆلاری بۆ درێژەی جینۆسایدی دەوڵەتی ئیسرائیل لە غەززە پەسندکرد.

لێدانی تۆمەتی “دژەیەهوودی” لە هەر کەسێک کە دژی کۆمەڵکوژیی دەوڵەتی ئیسرائیلە، لەڕاستیدا شتێک نییە بێجگەلە بە تاوان پێناسەکردنی هەرجۆرە دژایەتییەک لەگەڵ سیاسەتی شەڕخوازانە و ئیمپریالیستیی نیزامی سەرمایەداری. ئەم تۆمەت لێدان و چەواشەکارییە تەنها خوێندکاران و دژبەرانی کۆمەڵکوژیی غەززەی نەکردووەتە ئامانج. بەڵکوو ئامانجی ڕێگری لە پەرەسەندنی بزووتنەوەی دژی شەڕ و ناڕەزایەتیی کرێکاری و جەماوەرییە بەرامبەر بە سەرمایەداری چ لەئاستی زانکۆ و چ لەئاستی کارخانە و کۆمەڵگەدا. چینی دەسەڵاتدار دەزانێ کە ئەم ناڕەزایەتییانە قۆناغە سەرەتاییەکانی بزووتنەوەیەکی یەکجار گەورەترە دژبە شەڕ و ئاکامەکانی بۆ چینی کرێکار. هەربۆیە لە پەیوەنددرانی بە بزووتنەوەی کرێکاری دەترسێ و هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی سەرکوتی بکات و دایمرکێنێت. حکوومەتی ئەمریکا هێشتا شەڕی ڤێتنام و ناڕەزایەتی خوێندکاران و بزووتنەوەکانی مانگرتنی کرێکاری ئەو سەردەمەی لەبیرە. لەو ڕۆژانەدا هاوکات لەگەڵ گەورەترین بزووتنەوەکانی مانگرتن لە ئەمریکا بۆ نموونە لەلایەن کرێکارانی پۆست و ئۆتۆمبێلەوە، کۆمەڵگا شایەدی بزووتنەوەیەکی بەهێزی خوێندکاری بوو لەدژی شەڕی ڤێتنام و ئاراستەی سۆسیالیستیی ئەم بزووتنەوانە. چینی دەسەڵاتدار بۆ سەرکوتی ئەم بزووتنەوانە و بۆ ڕێگری لە پەیوەندیان، دەستی دایە ئەو تاوانەی کە بە “کۆشتاری ئەیالەتی کێنت” ناسراوە. لەم کوشتارەدا لە ڕێکەوتی ٤ی مەی ١٩٧٠، بەهۆی هێرشی گاردی نەتەوەیی ژێر فەرمانی دەوڵەتی نیکسۆن و سەرکوتی ناڕەزایەتیی خوێندکاران، چوار خوێندکاری زانکۆی دەوڵەتیی کێنت گیانیان لەدەستدا و دەیان خوێندکاری دیکەش برینداربوون.

هێرش بۆسەر خوێندکارانی ناڕازی لە زانکۆکانی ئەمریکا و دەستبەسەرکردن و تۆمەتبارکردنیان بە دژەیەهوودی، لەلایەکەوە هەوڵێکە بۆ ڕێگری لە پەیوەنددرانی بزووتنەوەی دژی شەڕ و بزووتنەوەی خوێندکاری و کرێکاری لەگەڵ یەکتر و لەلایەکی دیکەشەوە هەوڵێکە بۆ خنکاندنی ئازادیی ڕادەربڕین لە کۆمەڵگەدا. چونکە ئازادیی ڕادەربڕین و دژایەتی لەگەڵ سیاسەتی ئیمپریالیستی و شەڕخوازیی دەوڵەتەکان، هەڕەشەیە بۆ شەڕنانەوە و نیزامیگەریی ئەوان لەئاستی جیهاندا. هێرشکردنە سەر خوێندکاران و مافە دیموکراتیکەکانی خەڵک، هێرشکردنە سەر هەموو چینی کرێکارە، بۆیە ئەرکی ئەم چینەیە پشتیوانی لە خوێندکاران و هەر بزووتنەوەیەکی ئازادیخوازانە لە کۆمەڵگادا بکات. بۆ ڕێگریکردن لە کۆمەڵکوژی خەڵکی فەلەستین و بۆ کۆتایی هێنان بە هێرشی دەوڵەتەکان بۆسەر دەستکەوت و بەرژەوەندییەکانی کرێکاران و بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ماڵوێرانکەری سەرمایەداری، پێویستە خەبات لە چوارچێوەی زانکۆکان بێتە دەر و بە بزووتنەوەی کرێکار و بە خەباتی شۆڕشگێڕانەیان لە کارخانە و ناوەندە سەنعەتییەکانەوە گرێ بدرێ. چونکە چینی کرێکار بەپێی پێگەیەک کە لە نیزامی سەرمایەداریدا هەیەتی، بەرژەوەندی چینایەتییەکەی لەگەڵ بەرژەوەند و قازانجی سەرمایەداران و شەڕخوازان ناتەبایە و باشتر لە هەر هێزێک دەتوانێ لە بەرژوەندی توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا و لە مافە دیموکراتیکەکان و لە دەستکەوتەکانی کۆمەڵگا بەرگری بکات. شەڕی نێوان زلهێزەکانی جیهان لە ئۆکراین و غەززە و سوودان و بەشەکانی دیکەی جیهان بەستراوەتەوە بە بەرژەوەندی ئەو حکوومەتانە لە هێرشکردنە سەر سفرەی کرێکاران و ئاستی ژیان و ئازادییەکانیان لە ناوەوە. خەباتی کرێکاران و خوێندکاران و توێژە چەوساوەکانی تری کۆمەڵگاش لەدژی کۆمەڵکوژی لە غەززە و لەدژی شەڕ و شەڕخوازان بە خەباتی ئەوان لەپێناو دەستەبەرکردنی ژیانێکی ئازاد و بەرابەر و ئینسانی گرێ دراوە. یان هەروەک خوێندکارێکی ناڕازی وتی: ”ئەوە کرێکارانن کە کوڕان و کچانیان لەم شەڕانەدا دەمرن، چ لە ڕۆژهەڵاتی ناڕاست، چ لە ئۆکراین و چ لە هەر شوێنێکی تر.”