بەدوای شەپۆلی نوێی ئێعدامەکان کە ڕژیمی خوێنڕێژی کۆماری ئیسلامی لەماوەی یەک مانگی ڕابردوودا خستوویەتە ڕێ و بەتایبەت دوای ئێعدامکردنی ساڵح میرهاشمی، مەجید کازمی و سەعید یەعقوبی، سێ تێکۆشەری شاری ئیسفەهان لە بەیانیی ڕۆژی ٢٩ی گوڵانی ١٤٠٢، هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتیی بەرین لەئاستی ئێران و جیهان دژبە ئێعدام، زانکۆکانی شارە جۆراوجۆرەکانی ئێرانیش بوون بە ناوەندی ئیعتڕاز دژبە شەپۆلی کوشتاری زیندانیان. خوێندکاران لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانیان لە زانکۆکانی تاران، بەهەشتی، ئەلزەهر، زەنجان و تەربیەت مودەرس وێڕای مەحکوومکردنی شەپۆلی ئێعدامەکان، بە دروشمی “سوێند بەخوێنی یاران تا کۆتایی ڕاوەستاوین” هاوپشتی و هاوسۆزیی خۆیان لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکاری سێ لاوی ئێعدامکراوی شاری ئیسفەهان ڕاگەیاند. خوێندکاران لە زانکۆی تاران وێڕای مەحکوومکردنی ئێعدامی زیندانیان، دژبە ئەحکامی کۆمیتەی ئینزباتی، بانگکردنی فەلەیی و سەرکوتی خوێندکارانی کچ بەهۆی بێحیجابی دروشمیان وتەوە و ڕایانگەیاند کە موقاومەت تا ئازادی و بەرابەری ئیدامەی هەیە. لە زانکۆی تەربیەت مودەرس خوێندکاران لەڕێگەی بەدەستەوەگرتنی پلاکارد کە لەسەریان نووسرابوو “کوشتار ڕاگرن، لێگەڕێن با هەناسە بدەین”، “بێدەنگی خەیانەتە، هاودەستی لەگەڵ جەنایەتە” دژبە ئێعدامی زیندانیان ئێعتڕازیان کرد.
بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی دژبە شەپۆلی ئێعدامەکان بۆ جارێکی تر نیشانی دا کە بزووتنەوەی خوێندکاریی ئێران یەکێک لە ستوونەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستایە. هێستا سێ ڕۆژ لە دەستپێکی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا کە تێیدا ژنان هێرشیان کردە سەر گرینگرین بنەمای ئایدیۆلۆژیی ڕژیم، تێنەپەڕیبوو کە خوێندکاران بە مانگرتن و بە بەرپاکردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی، بەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە پەیوەست بوون. لە دەستپێکی ئەم ئاخێزەوە هەتا ئێستا سەدان کەس لە چالاکانی بزووتنەوەی خوێندکاری دەستبەسەر و ژمارەیەکیان گیانیان لەدەست داوە، بەڵام سەرکوت نەیتوانیوە ئەم سەنگەرەی موقاومەت و خەبات تێکبشکێنێت. بزووتنەوی خوێندکاری سەرەڕای هەموو زەبروزەنگێک بەردەوام ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی هاوار دەدات.
دەورونەخشی بەرچاوی بزووتنەوەی خوێندکاری لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستادا، خاوەنی بەستێنی بابەتیی بەهێزە. لە کۆمەڵگای ئێران کە هێستا نیوەی جەمعیەتەکەی تەمەنیان ژێر ٣٣ ساڵە، جەمعیەتی خوێندکارانی ئێران زیاتر لە سێ ملیۆن کەسە. ئێستا دەمێکە کە پێکهاتەی خوێندکاران تەنها بە توێژی خۆشبژێو و دەوڵەمەند سنووردار نابێتەوە، بەڵکوو ڕۆڵەی کرێکاران و توێژە کەم داهاتەکانی کۆمەڵگاش بە گەلێک دژوارییەوە چوونەتە زانکۆ. چونکە دابینکردنی ژیانیان بەبێ خوێندنی باڵا سەخت و دژوار دەبینن. ئەم بەشە لە خوێندکاران لە دەرەوەی زانکۆ شایەدی وەزعیەتی دڵتەزێنی بنەماڵەکانی خۆیانن کە چەندە بە سەختی و بە مەحرومیەتەوە ژیان بەسەر دەبەن. شایەدی ئەوەن کە بێکاری، تەوەرۆم و گرانی، هەزینەی بەرینی مەسکەن، حەقدەستی خوارتر لە هێڵی هەژاری، ژیانیانی خستووەتە چ ئاستەنگیەکەوە. لەئێستادا زیاتر لە ٣٠%ی دەرچووانی زانکۆ لە ئێران بێکارن، ئەهریمەنی بێکاری لە ئێستاوە سێبەری لەسەر ئایندەی زۆرێک لەو خوێندکارانە داناوە. کەم نین ئەو خوێندەوارانەی کە لە کوردستان کۆڵبەری و لە سیستان و بەلوچستان سووختبەری و لە شوێنەکانی تر دەستفرۆشی دەکەن. ئەم هێزە مەزن و بەتوانایە کە هەر وەک نانی شەو پێویستیان بە ئازادی و ڕەفاهە، لەژێر دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامیی سەرمایەداراندا هیچ هیوایەکیان بە باشتربوونی داهاتوو نییە.
زانکۆکان بەتایبەت لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا یەکێک لە ناوەندە چالاکەکانی خەبات بوون. نە هەوڵ بۆ کردنی زانکۆ بە ناوەندی پەرەپێدانی کۆنەپەرستی مەزهەبی، نە سەخت کردنەوەی چوون بۆ زانکۆ، نە دانی ئیمتیازاتی تایبەت بەو جەوانانەی کە بنەماڵەیان سەر بە ڕژیم بووە، نە پادگانی کردنی زانکۆ و ئەستێرەدارکردنی خوێندکاران، هیچیان نەیانتوانی سەرەنجام زانکۆ بکەنە ناوەندی سەرسپێردراوی ڕژیم. بەتایبەت بەشی چەپ و سۆسیالیستی بزووتنەوەی خوێندکاری بە یارمەتیی مامۆستا تێکۆشەرەکان ڕۆڵێکی بەرچاویان لە پاشەکشەپێکردن بە سازمانە مەزهەبییەکان و لایەنگرانی ئیسلاح تەلەبانی حکوومەتی بووە و ڕێگەیان نەداوە فەزای سیاسی و مەعنەوی زانکۆکان بکەوێتە ژێر سوڵتەی ئەم ڕەوتە کۆنەپەرستانەوە. ئەم بارودۆخە مادی و کۆمەڵایەتییەی زانکۆ، دەورونەخشێکی بەرجەستەتری بە بزووتنەوەی خوێندکاریی ئێران بەخشیوە.
لەلایەکی دیکەوە تایبەتمەندیی بزووتنەوەی خوێندکاری لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا، سیاسی بوونی بووە. خەباتی خوێندکاران ئەگەرچی لە هێندێک حاڵەتدا لەسەر مەسائلی سینفی دەستی پێکردووە، بەڵام بەخێرایی ئاستی سینفیی تێپەڕاندووە و بووەتە ڕەنگدەرەوەی پرسەکانی دەرەوەی زانکۆ. بەشی چەپی بزووتنەوەی خوێندکاریی ئێران لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا بە پشتبەستن بەم ئەزموون و پێشینە مێژووییەی خۆی، و بە دیفاع لە ئارمانی کرێکاری و سۆسیالیزم، ڕۆڵێکی بەرچاوی لە پێکهێنانی پەیوەندی سیاسی و مەعنەوی لەگەڵ چالاکان و پێشڕەوانی بزووتنەوەی کرێکاری بینیوە.
لە هەلومەرجی شۆڕشگێڕانەی ئێستادا، بزووتنەوەی خوێندکاری وەک یەکێک لە ستوونەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا، پێویستە داخوازیی دیموکراتیکی گەڵاڵەکراوی ئەم بزووتنەوەیە بە پەیگیرترین و ڕادیکاڵترین شێوە نوێنەریەتی بکات و پشتیوانیی لێ بکات. بەشی چەپ و ڕادیکاڵی بزووتنەوەی خوێندکاری بەرانبەر بە ڕەوتی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاست کە دەیهەوێ ئەم بزووتنەوەیە بەلاڕێدابەرێ، تەنیا بە هێنانەگۆڕی ئەم داخوازییە دیموکراتیکانە لە ڕوانگەی بەرژەوەندی چینی کرێکار و بزووتنەوەی ڕزگاریی ژن و بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەیە کە دەتوانێ ئەم ئەرکەی بە سەرەنجام بگەیەنێت و لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و باقیی بزووتنەوە ڕادیکاڵە کۆمەڵایەتییەکان پەیوەندی قایمتر بەرقەرار بکات.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە