فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بزووتنەوەی سەرانسەریی مامۆستایان بە هەڕەشەکانی ڕژیم چاوترسێن نابێت!
سێشەممە ۲۰-۰۲-۱۴۰۱   |  10-05-2022

مانگرتن و ناڕەزایەتیی بەرین و هاوئاهەنگ و ڕێک و پێکی بزووتنەوەی سەرانسەریی مامۆستایان بووەتە سەرامەدی هەموو بزووتنەوە پێشڕەو و چینایەتییەکانی ئێران. بوێری و خۆڕاگریی مامۆستایانی ئازادیخواز لە بەدواداچوونی خواستە پیشەیی و سیاسییەکانیان بووەتە سەرمەشقی خەباتی بەشە جۆراورەکانی بزووتنەوەی کرێکاران و زەحمەتکێشان و باقیی بزووتنەوە ڕادیکاڵەکان. وڵامی هەتا ئێستای ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە مافخوازیی مامۆستایانی ناڕازی بێجگەلە زیندان  و سەرکوت شتێکی تر نەبووە.

“یۆسف نووری” وەزیری پەروەدە و بارهێنانی ڕژیمی ئیسلامی ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی گوڵان لە سەفەری بۆ مەریوان و چاوپێکەوتنی لەگەڵ فەرهەنگییانی ئەمشارە، کۆبوونەوە و مانگرتنی ڕەوای مامۆستایانی “نایاسایی” پێناسە کرد و هەڕەشەی “دەرکردن”ی لە بەشداربووانی ئەم کۆبوونەوانە کرد. بەهۆی ئەوەیکە ڕژیم توانای بەرەنگاربوونەوەی پێشڕەوی و درێژەی خەباتی سەرتاسەری و هاوئاهەنگی مامۆستایانی نییە، بەمجۆرە دەست دەداتە هەڕەشەی دەرکردن و پەروەندەسازیی دژبە مامۆستایان.

ئەم هەڕەشانە لە باروودۆخێکدا ئەنجام دەدرێن کە لە سەروبەندی ڕۆژی جیهانیی کرێکاردا، شەپۆلێکی بەرین لە دەستبەسەرکردن و بانگکردنی مامۆستایان بۆ ناوەندە ئەمنییەکان و هەڕەشەی دەرکردنیان لە ئەگەری بەشداری لەم کۆبوونەوە ناڕەزایەتییانە، وەڕێکەوت. لە ڕۆژانی ١٠  و ١١ی مانگی گوڵاندا لانیکەم ١٧ کەس لە مامۆستایان، هەڵسووڕاوان و پێشڕەوانی بزووتنەوەی سەرانسەریی مامۆستایان دەستبەسەرکران و ژمارەیەکیان هەروا لە گرتووخانەکانی ڕژیمدا بەسەر دەبەن. سەرەڕای هەموو ئەم گوشار و هەڕەشانە، بزووتنەوەی مامۆستایان لە ڕۆژی جیهانیی کرێکاردا، هاوڕێ لەگەڵ هاوچینەکانیان لە ئێران و سەرتاسەری  جیهان، دەستیان دایە کۆبوونەوە و ناڕەزایەتیی سەرانسەری. لەڕاستیدا توندبوونەوەی هەڕەشەکان لە سەرلێشێواوی و ترسی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە خۆڕاگری و یەکگرتوویی و هاپشتیی سەرتاسەریی مامۆستایانەوە سەرچاوە دەگرێت. مامۆستایان نەتەنیا بەم سیاسەتانە چاوترسێن نەبوون بەڵکوو ئیرادەیان بۆ درێژەی خەبات و چالاکی، ئەزموونی بەنرخ و شکۆدارتری لێدەکەوێتەوە.

ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان لە ناڕەزایەتی دژبە دەستبەسەرکردن و سووکایەتی پێکردن بە مامۆستایان، لەڕێگەی بانگهێشتێکەوە داوای لە مامۆستایانی کوردستان کرد کە لە ڕۆژانی یەکشەممە ١٨ی گوڵان و دووشەممە ١٩ی گوڵان دەست بدەنە مانگرتن و کۆبوونەوە. ئەم بانگەوازە لەلایەن مامۆستایانەوە وڵامێکی لێبڕاوانەی پێ درایەوە و مانگرتنی مامۆستایان بۆ پشتیوانی لە “ئەسکەندەر لۆتفی” و “مەسعوود نیکخاه” دوو مامۆستای بەندکراو و لە ناڕەزایەتی بە هەتکی حورمەتی مامۆستایان لە ڕۆژی جیهانیی کرێکار، لەلایەن مامۆستایانی زۆرێک لە مەدرەسەکانی شار و دێی ئۆستانەکانی کوردستان و کرماشان پێشوازیی لێکرا. ئەم مانگرتنە تەنانەت لە لایەن خوێندکارانی هێندێک لە مەدرەسەکانیشەوە پشتیوانیی لێ کرا. خوێندکاران لەسەر کاغەز نووسیبوویان: “ئێمە هەموومان مەسعوود نیکخاهین”، “ئێمە هەموومان ئەسکەندەر لۆتفین”، “جێگای مامۆستا بەندیخانە نییە”، “نا بۆ بەندکرنی ئەندێشە”، “مامۆستای بەندکراو دەبێت ئازاد بکرێت”. هەروەها شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایانی ئێران لە ڕاگەیاندنێکدا داوای لە مامۆستایان کرد کە لە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی گوڵاندا کۆبوونەوەی سەرتاسەری بەڕێوەبەرن. ئەم ڕێکخراوە بە درووشمی “تا هاتنەدیی عەداڵەت و بەرابەری، شەقامەکان هی ئێمەیە”، مامۆستایانی بۆ مانگرتن و ناڕەزایەتی لەبەرامبەر مەجلیس لە تاران، لە بەرامبەر ئیداراتی گشتیی ناوەندەکانی  ئۆستان و لە بەرامبەر ئیداراتی ئامووزش و پەروەرشی شارستانەکان دەعوەت کردووە.

بەمجۆرە، مامۆستایان نەتەنیا بە هەڕەشە و گوشارەکانی ڕژیم چاوترسێن نەبوون، بەڵکوو پێداگرتر لە هەمیشە و شکۆدارتر  لە جاران کۆبوونەوە و مانگرتنەکانیان بەرپا دەکەن و بە دەنگی  ڕەساوە خوازیاری ئازادیی مامۆستایانی بەندکراو و وەدیهاتنی خواستە ڕەواکانیانن. هەموو ئەمانە ئەو ڕاستییەمان پێ دەڵێت کە سەرەڕای  سەرکوت و زیندان، پەروەندەسازی و تۆقاندن، ئازار و ئەزیەت، گوشار و هەڕەشەی بەردەوام دژبە پێشڕەوانی ئەم بوارە، مامۆستایانی ئازادە و مافخواز نەتەنیا مەیدانی خەبات و چالاکییان جێ نەهێشتووە و چاوترسێن نەبوون، بەڵکوو بەردەوام بە عەزمێکی قایمەوە یەکێک لە پایە بەهێزەکانی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی و دادخوازیی جەماوەری ناڕازی و وەگیان هاتووی ئێران بوون.

ئەوەیکە مامۆستایانی لەسەر بەدواداچوونی خواستی پیشەیی، کۆمەڵایەتی و سیاسییان پێداگرتر کردووە و ئەوەیکە توانیویانە ناڕەزایەتیی مەزن و شکۆدار تر بخوڵقێنن، ڕێکخراوبوونیان لە ئاستی مەحەلی و ناوچەیی و سەرانسەری، یەکگرتوویی و هاوپشتیی چینایەتیی، پشتیوانی و هۆگرایەتیی کۆمەڵایەتیی خواستەکانیان لەئاستی کۆمەڵگە و بزووتنەوە پێشڕەوەکاندا بووە.

لەڕاستیدا بزووتنەوەی  مامۆستایان ڕێکخراوترین هێزی کۆمەڵایەتی و هاوئاهەنگترین بزووتنەوەی ڕادیکاڵ و چینایەتییە لە ساحەی سیاسیی ئێراندا. مامۆستایان لە جەرگەی خەباتی پڕ لە هەوراز و نشێویاندا توانیویانە ڕێکخراوی پیشەیی و سەربەخۆ و جەماوەریی خۆیان پێک بێنن و بە پشت بەستن هەر بەم ڕێکخراوانە بۆ وەدی هاتنی خواستەکانیان خەبات بکەن. ئەوەیکە مامۆستایانی وەک زنیجرێکی پێکەوە پەیوەنددراو بە بەرینایی  جوگرافیای ئێران ڕێک  خستووە  و سازمان داوە، پێکهاتنی تۆڕێکی پێکەوە گرێدراوە لە چالاکانی مامۆستایان لەئاستی سەرتاسەریدا کە لەناو ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایاندا پەیوەندییەکی ئۆرگانیک و نزیکیان لەگەڵ یەکتری هەیە و بووەتە هۆی درێژە و سەرانسەری بوونەوەی کۆبوونەوە و ناڕەزایەتی و خەباتیان.

مامۆستایان لە جەرگەی خەباتیاندا بەوە گەیشتوون کە ڕێگایەکیان بێجگەلە پەیکار و دادخوازی بۆ گەیشتن بە مافەکانیان نییە. لە جەرەیانی مانگرتن و ناڕەزایەتی و خەباتی بەردەوامدا بووە کە مامۆستایان کەموزۆر بەسەر کەموکۆڕییەکانی خەباتیاندا زاڵ بوون و گوڕوتینی خەباتکارانەیان زیاتر بووە  و لە زەروورەتی یەکگرتوویی  و هاوپشتیی و بەردەوامبوون گەیشتوون. بەڕاستی چ شتێک دەیتوانی تەعتیلبوونی دەستەجەمعیی کار و پەیوەستبوون بە کۆبوونەوە و ناڕەزایەتیی سەرتاسەری لەم ئاستەدا بێنێتە دی، ئەگەر ئیرادە و بڕیاری ئاگاهانە خودی مامۆستایانی ڕووناکبیر بۆ هاوپشتی و یەکگرتووییی چینایەتی و کۆمەڵایەتی لەپێناو گەیشتن بە مافەکانیان نەبووایە. چ شتێک دەیتوانی مەدرەسە و شەقام بەمجۆرە بکاتە  دیمەنی خۆڕاگری و خەباتی شکۆدار، ئەگەر گەشەی وشیاریی چینایەتی، پێگەیشتوویی سیاسی و یەکگرتوویی سەرتاسەریی مامۆستایان نەبووایە.

بەڵێ! مامۆستایان ڕێگانیشاندەرن. مانگرتن و ناڕەزایەتیی دەستەجەمعی  و سەرتاسەری مامۆستایان، مەدرەسەیەکە بە بەرینایی هەموو شەقامەکانی کۆمەڵگەی ئێران کە مەشقی خەبات و موقاومەت و دەرسی خۆڕاگری و پایەداری لەپێناو گەیشتن بە مافە پێشێکراوەکان فێری ستەملێکراوان دەکات. لە جەرگەی ئەم خەباتە دایە کە هێزی کار و زەحمەت پتەوتر و ئیرادەی قایمتر و توانای پەیکار و خەباتی بۆ گۆڕین و شۆڕشی کۆمەڵایەتی بەهێزتر دەبێت. کاتێک مامۆستایان لە ڕێکخراوی سەربەخۆ و جەماوەریی خۆیاندا ڕێک دەخرێن، متمانەبەخۆییان زیاتر دەبێت، هاوپشتیی کۆمەڵایەتی و ڕەزمی چینایەتییان بەهێزتر دەبێت، هاوسەنگیی هێزی چینایەتیی بەقازانجی خۆیان دەگۆڕن و لە بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ڕژیمی سەرمایەداری دەسەڵاتدار، یەکگرتووانەتر هەنگاو هەڵدەگرن. بەم هۆکارەیە کە سەرەڕای هەموو هەڕەشە و سەرکوتگەرییەکانی کۆماری ئیسلامی و هێزە ئەمنی و نیزامییەکانی، بزووتنەوەی بەهێز و چینایەتیی مامۆستایان هەروا درێژەی هەیە و بە پیلانگێری و گوشارەکانی ڕژیم چاوترسێن نابن. تەنیا لەم ڕێگەوەیە کە بزووتنەوەی چینایەتیی کرێکاران و ستەملێکراوان دەتوانن بەردەوام و بەرەبەرە سەنگەرەکانی خەبات بگرنەوە و خۆیان بۆ ئاخێزی مەزنی جەماوەری و ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی ئامادە بکەن تا لە سبەینێیی ئازادی و ڕزگاریی کرێکاران و ڕەنجبەراندا، نیزامێکی سۆسیالیستی و شۆرایی دابمەزرێنین.