لەم ڕۆژانەدا باسکردن و تەئکیدکردنی دووبارە لەسەر ئەم تیۆرییە کە “دین ڕۆڵێکی گرینگ لە کۆمەڵگادا دەبینێت و ناکرێ لە سیاسەت جودای بکەیەوە. مامۆستایانی ئایینیش دەورونەخشێکی گرینگیان لە ئازادیی ئێراندا هەیە” لەلایەن خالیدی عەزیزی وتەبێژی ڕەسمیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ئەندازەی ئوتوبوسی بەخۆڕایی ڕەزا پەهلەوی لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگی داوەتەوە. ئینسافەن کاک خالیدی عەزیزی تیۆری و گوتارێکی تازەی نەهێناوەتە گۆڕێ، بەڵکوو بەشێک لە باوەڕ و ستراتێژی سیاسی کۆنە و هەمیشەیی حیزبی دێموکرات سەبارەت بە پێگەی دین لە کۆمەڵگا، پەیوەندی لەگەڵ سیاسەت و جێگە و پێگەی مامۆستایانی ئایینی لە “خەبات بۆ ئازادیی ئێران” باس دەکات و تەئکیدی دووبارەیان لەسەر دەکاتەوە. کاک خالیدی عەزیزی لە پێگەی وتەبێژی حیزبی دێموکراتدا بۆ جارێکی دیکە نیشانی دا کە پەیڕەوێکی سابت قەدەمی باوەڕ و ستراتێژییە سیاسییەکانی ئەم حیزبەیە و ئاڵوگۆڕە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لە کۆمەڵگای ئێران و کوردستان نەیتوانیوە لە باوەڕ و نەخشەی ستراتێژیکی ئەو و حیزبە دڵخوازەکەی بۆ داهاتووی کوردستان گۆڕانێک پێکبێنێت. بۆیە ئەوەیکە هەستیاریی خوێنەران و چالاکانی سیاسیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەڵخراندووە، ناوەڕۆکی ئەم تیۆرەیە نییە، بەڵکوو دووبارە جەختکردنەوەیەتی لە جەریانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینادا، کە بە باوەڕی زۆرێک لە ئێمە ئەم بزووتنەوەیە سەرەڕای هەڵکشان و داکشانەکانی هەروا زیندوویە و بەردەوامە.
وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە حاڵێکدا لەسەر ئەم باوەڕە کۆنە و ماوەبەسەرچووانە جەخت دەکاتەوە کە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا لەئاستی کۆمەڵایەتیدا لە زێدی ژینا لە کوردستانەوە دەستیپێکرد. بە پێشەنگایەتیی ژنان و بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی”، “مەرگ بۆ خامنەیی” و بە کردەوەی سەمبۆلیکی وەک فڕێدان و سووتاندنی حیجاب لەسەر شەقام پایەی ئایدیۆلۆژیی حکوومەتی دینی و دەورونەخشی دین لە دەوڵەت و لە دیاریکردنی یاسا و سیاسەتی تێکشکاند. ئەم ئاخێزە بە هێرشکردنە سەر بەهێزترین پێگەی ئیسلامی سیاسی و یاسای سەختی دینی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، بزووتنەوەی ڕزگاریی ژنی لە ناوچەکە بردە قۆناغێکی نوێوە و بوو بە هێمای بزووتنەوەی ڕزگاریی ژن لەم ناوچەیە. ئەم ئاخێزە شکۆدارە شۆڕشگێڕانەیە، دۆسیەی ئەو بەشە لە ئۆپۆزیسیۆنی مەزهەبیی نزیک بە حیزبی دێموکراتی خستە لاوە کە دوای کۆتایی کاری دیکتاتۆری دینی بەنیازی دامەزراندنی حکوومەتی مەزهەبی لەژێرناوی “کۆماری دیموکراتیکی ئیسلامی”دا بوو. کاک خالید عەزیزی لە حاڵێکدا لەسەر ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی لە ئازادیی ئێران تەئکید دەکات کە ڕێپێوانی نمادینی ژنانی بێ ڕووسەری، هەڵپەڕین و سەمایان بەدەوری ئاگری ڕووسەرییەکان، مێزەر بەردانەوە یان عەمامە پەرانی کە وێنەکانی بەردەوام لە ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەست بە دەست دەکرا بەشێک لە جوانییەکانی ئاخێزی شکۆمەندی ژینا بوون. ئەو ئاڵوگۆڕە مەزنەی کە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا لە زەینییەتی خەڵکی کوردستان، بەتایبەت لە زەینیەتی ژنان کە پێشەنگی بوون پێکیهێناوە، جێگایەکی بۆ داسەپاندنی ڕۆڵی مێزەربەسەر و مامۆستایانی ئایینی لە دیاریکردنی سیاسەت و داڕشتنی یاسای داهاتووی کوردستان نەهێشتووەتەوە.
وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بارودۆخێکدا باس لە ڕۆڵی گرینگی مامۆستایانی ئایینی لە ئازادیی ئێران دەکات کە بەشێک هەر لەم مامۆستا ئایینییە سوننییانە لە کوردستان لە مانگی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی لە گەرمەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینادا لە حاڵێکدا کە لە زیاتر لە سەد شاری ئێران ئاگری ناڕەزایەتیی شەقام بە دروشمی سەرەکیی ژن ژیان ئازادی و مەرگ بۆ خامنەیی گەشەی دەکرد، بۆ ڕاگرتنی بزووتنەوەی ژینا، بۆ ڕاگرتنی خەبات بۆ ئازادیی ئێران بەیاننامەی سیاسییان دەردەکرد. ئەم مامۆستا ئایینییانە لە بارودۆخێکدا کە خەڵکی کوردستان لە هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی سەرتاسەری ئێران بۆ کۆکردنەوەی بیساتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هاتبوونە مەیدان، بەپێی بنەماکانی قانوونی ئەساسیی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی خوازیاری “بەڕێوەبردنی ڕێفراندۆمێک بە سازوکاری ئیجرایی دڵخوازی خەڵک و بە بەشداریی باوەڕپێکراوان و ڕێبەرانی دینی و نەتەوەیی و هەروەها بە چاوەدێریی ناوەندە نێودەوڵەتییە بێ لایەنەکان بۆ چوونەدەر لە وەزعیەتی ئێستا” بوون. هەڵبەت ئەوان لەئاست دەرکردنی حوکمی ئێعدامی ناڕازییان هۆشدارییان دا. نەک بە خاتری ئەوەیکە ئێعدامیان پێ کوشتنی ئەنقەستی دەوڵەتییە. نەک بەخاتری ئەوەیکە دژی سزای ئێعدام بن. بەڵکوو بەخاتری ئەوەیکە پێیان وابوو ئەم کارە خۆفناکە (لە قۆناغی شۆڕشگێڕانەدا) تەنها دەبێتە هۆی پەرەستاندنی تووڕەیی میللەتی ئینقلابی”. لەڕاستیدا مامۆستایانی ئایینی کوردستان هاوشێوەی ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی بارانیان دەویست، بەڵام تۆفان هاتبوو و دەیانویست بەر بەم تۆفانە بگرن. مامۆستایانی ئایینی لە کوردستان لەماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا بەردەوام وەک پایگای نفووز و باسکی ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی لە کوردستان عەمەلیان کردووە. ئەم مامۆستا ئایینییانە وەک بەشێک لە چینی مامناوەندی کوردستان کە بەشوێن بەشداربوون لە دەسەڵات و دەستڕاگەیشتنیان بە هێندێک لە پۆستە ئیدارییەکان لەڕێگەی بەشداریکردن لە گاڵتەجاڕی ئینتخاباتی ڕژیمی ئیسلامی لە کوردستان بوون، بەردەوام خەڵکیان بۆ بەشداری کردن لە شانۆکانی ئینتخاباتی ڕژیم و هەڵبژاردن لە نێوان خراپ و خراپتردا هان داوە. لەڕاستیدا ئەم مامۆستا ئایینییانە لەڕێگای “ئازادیی ئێران”دا بۆ گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنەکانی ڕژیمی ئیسلامی و بۆ “مەشرووعیەت” بەخشین بە دەسەڵاتی ئەم ڕژیمە تاوانکارە بازاڕگەرمییان کردووە. حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ڕێبەریی کاک خالیدی عەزیزی لەو سەردەمەدا گەلێک جار بۆ لێک نزیک بوونەوەی مامۆستایانی ئایینی لەگەڵ ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی چرای سەوزی نیشاندا.
بەڵام واقعیەت ئەوەیە کە خەڵکی تێکۆشەری کوردستان کە لە جەریانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا بوون بە چاو و چرای خەڵکی سیستان و بەلووچستان و خەڵکی سەرتاسەری ئێران، لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا ئەم تیۆری و نەخشە ستراتێژیکەی وتەبێژی حیزبی دێموکراتیان داوەتە بەر ڕەخنە. خالیدی عەزیزی وەک وتەبێژی ڕەسمیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی لە کوردستان نوێنەرایەتی دەکات ئەم واقعییاتە بەباشی دەزانێ. بەڵام سەرەڕای ئەم واقعییاتە حیزبی دێموکرات دەیهەوێ پایگای کۆمەڵایەتی و چینایەتیی خۆی لە کۆمەڵگای کوردستاندا قایم بکات و خۆی بۆ ڕیزبەندییەکانی داهاتوو لە کۆمەڵگادا ئامادە بکات. خالید عەزیزی بەم تیۆرییەی هەر لە ئێستاوە ڕایدەگەیەنێ کە مامۆستایانی ئایینی، ئەگەر بێت وەک بەشی ئایینیی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ئەگینا لە قامەتی حیزبێکی تازەی ئیسلامی لە کوردستان چ لە دەورەی گوزار و یان بە واتایەکی تر لە قۆناغی چرای زەرد و چ لە قۆناغی سەقامگیربوونی دەسەڵات، لە دیاریکردنی سیاسەت و داڕشتنی یاسای بنەڕەتیی کوردستان دەورونەخشیان دەبێت. خالیدی عەزیزی ئەزموونی کوردستانی عێراقی بەوردی لەژێر نەزەردایە. ئەحزاب و ڕەوتە ئیسلامییەکان لە کوردستانی عێراق لە هاوپەیمانی و هاوکاری لەگەڵ ئەحزابی سەرەکیی دەسەڵاتدار لە کوردستان و بە بەشداری لە پەرلەماندا دەیان یاسای کۆنەپەرستانە و دژی ژنیان پەسند کردووە و بە کەڵک وەرگرتن لە ڕانتە حکوومەتییەکان و بە وەرگرتنی یارمەتیی دارایی لە حکوومەتە ئیسلامییەکانی ناوچەکە پەرەپێدەری بیر و فەرهەنگی دژەژن و کۆنەپەرستانەن لە بەرابەر فەرهەنگی پێشڕەو لە کوردستانی عێراقدا.
بێگومان هەروەک وتەبێژی حیزبی دێموکرات لە ڕۆڵی دین بۆ چینە داراکان ئاگادارە، کرێکارانی وشیاری کوردستانیش دەزانن کە گرینگترین دەورونەخشی دین لە کۆمەڵگا، وەک ئامرازی ناو دەستی چینە داراکان و حیزب و دەوڵەتانی سەربەم چینانە، ئەوە بووە کە خەڵک بە هیوای ژیانی ئەفسانەیی لە دنیایەکی دیکە فریو بدەن تا دەسەڵاتی نیزامی چینایەتی و بەهەشتی ئەمڕۆی خۆیان لەم دنیایەدا درێژە بدەن. لەم ڕووەوە، ئەم بەشە لە کرێکاران بەردەوام لەسەر خواستی جودایی دین لە دەوڵەت و لەسەر بوونی بە بابەتی خسووسیی ئینسانەکان پێداگرییان کردووە تا دەستی دەوڵەتەکان لە پەرەپێدانی مەزهەب لەڕێگەی بەکارهێنانی سەروەت و ئیمکاناتی گشتیی کۆمەڵگا، کورت بکەنەوە.
هەر ئێستا کە دە ڕۆژ لە ساڵڕۆژی ڕاپەڕینی ڕێبەندانی ٥٧ تێنەپەڕیوە، وتەکانی وتەبێژی حیزبی دێموکرات سەبارەت بە “گرینگیی ڕۆڵی دین لە کۆمەڵگا و لە سیاسەت و دەورونەخشی مامۆستایانی ئایینی لە ئازادیی ئێران” ئەم دەرسە بەنرخە لە ئەزموونی جەماوەر لە جەریانی شۆڕشی ٥٧ وەبیرمان دێنێتەوە کە بۆ سەرکەوتن تەنها ئەوە بەس نییە کە خەڵک بزانن چییان ناوێ. ئاشکرایە کە خەڵک حکوومەتی ئیسلامی و ئیستبدادی دینییان ناوێ. هەروەها گەڵاڵەکردنی خواست و داخوازیی شەفاف و ڕوون ئەگەرچی هەنگاوێکی ڕوو لە پێشە و وێنەیەک لە کۆمەڵگای ئازاد، بەرابەر، خۆشبژێو و نامۆ لەگەڵ هەموو جۆرە هەڵاواردن و ستەمی نەتەوەیی، ڕەگەزی، مەزهەبی و … دەخاتە بەرچاو، بەڵام لە دنیای ئاڵۆزی سیاسەتدا ئەوەش بەس نییە. بێجگەلە ئەمانە جەماوەری خەڵک نەتەنها لازم و زەروورییە کە وێنەیەکی ڕوونیان لە سرووشتی پێکهاتەی سیاسی و حکوومەتیی داهاتوو کە قەرارە خواستەکانیان وەدی بێنێت هەبێت، بەڵکوو پێویستە هەر لەئێستاوە هەوڵ بدەن لە کۆمەڵگای کوردستاندا بیکەن بە گوتارێکی بەهێز و بۆ پایەڕێژکردنی تێبکۆشن. تەنها دەسەڵاتی شۆرایی خەڵک لە کوردستان کە بەشداریی ڕاستەوخۆی کرێکاران و زەحمەتکێشان و هەموو جەماوەری ستەملێکراوی کوردستان لە حاکمیەت، بەڕێوەبردن و ئیدارەی کۆمەڵگا دابین دەکات دەتوانێ سەرکەوتنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵک لە کوردستان زەمانەت بکات.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە
www.facebook.com/Peshrawcpiran