
ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا ئێستا چووەتە ناو نۆهەمین هەفتەوە. قەتڵی دەوڵەتیی “ژینا” چەخماخەی دەستپێکی بزووتنەوەیەکی مەزنی لێدا. ئێمە لە لێکدانەوەکانماندا زۆر جار باسی “ئاخێزی ژینا”مان کردووە و ڕامانگەیاندووە کە ئەم ئاخێزە درێژەی ئاخێزەکانی مانگی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨ە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا باسمان لەوە کردووە کە نابێ لامان وا بێت کە ئەم ئاخێزە ئیدامەی خەتیی ئەم دوو بزووتنەوەیە. هەر کام لەم بزووتنەوانە بۆ وڵام بە ڕەوتی پێگەیشتنی کۆمەڵگە، بۆ وڵام بە لاوازبوونی هێژمۆنیی ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی و یان بۆ وڵام بە پێشڕەویی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی و دژایەتی لەگەڵ گشت دەسەڵات پێکهاتبوون. وتبوومان کە خودی ئەم بزووتنەوانەش بەبێ سەرهەڵدانی قۆناغێکی نوێ لە ناڕەزایەتیی بەهێزی کرێکاری لە ناوەندەکانی بەرهەمهێنان تەسەور نەدەکران. ئێمە زۆرجار باسی ئەوەمان کردبوو کە بزووتنەوەی کرێکاری لە ڕووی چەندایەتی و چۆنایەتییەوە لە ئاستێکی زۆر بەرچاودا هاتووەتە مەیدان. ئێمە شایەدی ئەوە بووین کە مانگرتنی شکۆداری کرێکارانی هەفت تەپە، ئازەرئاب، هێپکۆ، کرێکارانی پەیمانیی سەنعەتی نەوت، گاز و پێترۆشیمی، مامۆستایان، شۆفیر کامیۆنەکان، شۆڕشی خەڵک لە ئیسفەهان و خووزستان بەخاتری ئاو، لەماوەی چوار پێنج ساڵی ڕابردوودا، سیمای واقعیی کۆمەڵگەیان نیشان داوە. کۆمەڵگە بینیبووی کە نەسلێکی نوێ لە ڕێبەران و هەڵسووڕاوانی کرێکاری هاتوونەتە مەیدان کە ڕۆڵێکی گرینگیان لە شوێنی کار و ژیانی خۆیاندا هەیە. هەر ئەو نەسلە بوون کە بوێرانە تەراحییە سووختەکانی ڕێژیمیان پووچەڵ کردەوە. دروشمی شۆڕشگێڕانەی “نان، کار، ئازادی، ئیدارەی شۆرایی” بوو ئاڵقەی پەیوەندیی زۆرێک لە بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان. ئێستاش سەرەڕای هەموو ئەو دروشمە پێشڕەوانەی کە لە زانکۆکان، مەدرەسەکان و لە شەقامەکان دەنووسرێن و دەوترێنەوە، ئەم دروشمە هەروا وەک دروشمێکی ستراتێژیک ڕۆڵی خۆی پاراستووە. بێگومان لە پڕۆسەی ئەم دوو مانگەدا زۆرێک لە دروشمەکان کامڵتر و دەقیقتر بوون. کۆمەڵگە تا دێ زیاتر قوتبی دەبێتەوە. هەر لەو ماوەیەدا بینیمان کە نوێنەرانی هێزە سیاسییە جۆراوجۆرەکان هاتوونەتە مەیدان و ئاسۆی خۆیان خستووەتە بەردەم کۆمەڵگەوە. هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی بورژوازی بە ناوی جۆراوجۆرەوە و بە هاوئاهەنگیی تەواو لەگەڵ دەوڵەتانی ئیمپریالیستی و بە کەڵک وەرگرتن لە ئیمکاناتی لۆجستیکیی ئەوان هەوڵ دەدەن سنوورە چینایەتییەکانی ئەم ئاخێزە بشێوێنن و زەمینە بۆ دەخاڵەتەکانی داهاتوو هەموار بکەن. بەسەرەنجدان بە ئەزموونی شۆڕشی ٥٧ و ئەزموونی ئەو ئاڵوگۆڕانەی کە لەماوەی یەک دەیەی ڕابردوودا لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا ڕووی داوە پێویستە لەئاست ئەو مەترسییانەدا وشیار بین. سەرەڕای هەمووی ئەوانە، ڕەوتی گەشەی ئەم ئاخێزە یەکجار هیوابەخشە. پەیوەست بوونی بەردەوامی خەڵک بەم ناڕەزایەتییانە و دروشمەکانی سەر دیوار ئۆمێدبەخش و دڵخۆشکەرن. هەروەک زۆر جار باسمان کردووە گرینگ ئەوەیە کە حیزب و ڕێکخراوە کۆمۆنیست و چەپەکان و هەڵسووڕاوان و ڕێبەران لە کارخانە و شەقام دیدێکی ڕۆشنیان لە مانای ڕووخاندن هەبێت و ئەم مانا شۆڕشگێڕانەیە بکەنە زەینییەتی ئاخێزی شۆڕشگێڕانە و جەماوەری بەشداربووی شۆڕش. کاتێک کە گرووپی “ئافتابکاران” بە سەردێڕی “ئەوە دەنگی شۆڕشی ئێمەیە، دەیبیستن؟” لە شەقامەکانی تاران ڕاگەیاندنە کورتەکانیان بە دیوارەکانەوە دەچەسبێنن، وشیاریی هەڵسووڕاوان بەڕوونی دەبینین. ئەوان لە بەرامبەر هەوڵی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازیدا کە خۆی بە “بەرەنداز” دەناسێنێ، دەنووسن: “بۆچی ئێمە بەرەنداز نین، چونکە بەرەندازی یان ڕووخاندن بۆ ئێمە بەس نییە. ئێمە دەمانهەوی ئەگەر کۆماری ئیسلامی ڕووخا، ئیتر ژنان و پیاوان بەرابەر بن، خەڵک بتوانن بۆ خۆیان بڕیار بدەن، خاوەنداریەتیی تایبەت لەناو بەرن و کرێکاران لە دەستڕەنجی خۆیان کەڵک وەرگرن، قەیرانی ئاو چارەسەر بێت. دابەشکردنی سەروەت لە هەموو شوێنێکی وڵات عادڵانە بێت. خەڵکی غەیری فارس دەبێ بتوانن بە زمانی خۆیان فێر بن و پەروەردەیان بێت. هیچ کەس بەخاتری ئاراستە یان هۆوییەتی جنسی لە کۆمەڵگەدا نەخرێتە لاوە. زانکۆکان، خوێندکاران و مامۆستایان و کارمەندان بەڕێوەی بەرن. سەربازی ئیجباری نەبێت. دارستانەکان تاڵان نەکرێن. کەس مەجبوور نەبێت کۆڵبەر و سووختبەری بکات و تەقەی لێ بکرێت. منداڵ ناچار بە کارکردن نەبێت و منداڵان منداڵی بکەن. پەروەردە، تەندروستی و دەرمان و شوێنی نیشتەجێ بوون بەخۆڕایی بێت و هەمووان دەستیان پێی ڕابگات. خانەنشینان لە ئاسایشدا بژین. مامۆستا و خوێندکاران، مەدرەسەکان ئیدارە بکەن. ئێمە دەخوازین هەژاری نەمێنێت و زۆر ئاواتی ترمان لە دڵ دایە. کاتێک دەتوانین بەو ئاواتانەمان بگەین، کە تەنیا بە ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی ڕازی نەبین. ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی مەرجی پێویستە بۆ گەیشتنی زۆربەی خەڵک بە ئاواتەکانیان. بەڵام هەر ئەوە بەتەنیا بەس نییە. بۆیە ئێمە بەرەنداز نین. ئێمە شۆڕشگێڕین. چونکە شۆڕش یانی ڕووخاندنی نیزامی ستەمکاری زاڵ. یانی گۆڕینی ڕیشەیی هەموو جۆرێکی ستەم و سەرکوت بە قازانجی زۆربەی خەڵکی زەحمەتکێش”.
لە بەیانییەی ڕێکخراوە کرێکارییەکان، شۆرای گەڕەکەکان، شۆرای خوێندکاران و شۆرای دایکانی پێشڕەودا، پێگەیشتنی ئەم بزووتنەوەیە دەبینین. کاتێک کە ١٩ ڕێکخراوی خوێندکاری لە بەیانییەکدا ڕوو بە کرێکاران، مامۆستایان و پەرستاران دەنووسن: “ئێمە خوێندکاران هاوارمان کرد “ڕۆڵەی کرێکارانین هەردەم پشتیوانیانین”. گەرما لە وجوودماندا گەڕا کاتێک کە هەواڵی مانگرتنی کرێکارانی نەوتمان بیست. خەو لە چاومان زڕا کاتێک بێشەرمانە بە مامۆستایان وت “سیخوڕ”. ئێمەش ساچمەمان خوارد کاتێک کە حەق ئابەی کەشاورز خورا. ئێمە خوێندکارانی زانکۆکانی علوومی پزیشکی لەگەڵ پزیشکان و پەرستاران گیانمان دا کاتێک وتیان “بەسیجی و ئاخوند، کادری دەرمانیان فێری بەرەنگاربوونە لەگەڵ کۆرۆنا کرد!”، کاتێک گەشتی ئیرشاد بوو بە گۆپاڵ بەسەر سەری ژنانەوە. ئێمە خوێندکاران حیجابمان فڕێ دا تا بڵێین “بەربەست قەبووڵ ناکەین و نابەرابەری نابوودە!”. بەڵێ ئێمە هەردەم پشتوانتانین. چون یەقینمان هەیە کە یان هەموومان ئازاد دەبین، یان هیچمان! چونکە ئازادیی تەک بە تەکی ئێمە بە ئازادیی یەکترەوە گرێی خواردووە”. خوێندکاران لە پەیامی کۆتاییاندا ڕایانگەیاند کە: “ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە هەنگاوێکی تر بەرەوپێش هەڵگرین. ئێمە خوێندکارانی سەرانسەری وڵات داواتان لێ دەکەین کە بە مانگرتن و ناڕەزایەتیی چارەنووسسازی خۆتان بۆ پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکانی ئێستا و ئەم قۆناغە لە شۆڕش هەنگاو هەڵگرن. ئەم شۆڕشە پێویستی بە بەشداریی چالاکانە و ڕۆڵی چارەنووسسازی ئێوە هەیە بۆ بەڕێوەبردنی مانگرتنی سەرانسەری”. بێگومان مانگرتنی سەرانسەریی کرێکاران دینامیزمی تایبەت بە خۆی هەیە . لە هەمان حاڵدا کۆمەڵگە بێسەبرانە چاوەڕوانی هاتنە مەیدانی بەهێزی چینی کرێکارە تا وەک ڕێبەری کۆمەڵگە دەرکەوێت. ئەم بابەتەش بەر لە هەموو شتێک پێویستی بە تەحەروک، بەرپرسایەتی و هاتنە مەیدانی هەڵسووڕاوان و ڕێبەرانی کرێکاری هەیە.
تەلەڤیزیۆنی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران