فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بزووتنەوەی مافخوازیی خەڵکی کوردستانی سووریە لە کوانووی تاقیکردنەوەدا (بەشی یەکەم)
پێنجشەممە ۱۳-۱۰-۱۴۰۳   |  02-01-2025

لە دوازدەی نوامبری ٢٠١٣ و پێکهاتنی “شۆرای خۆبەڕێوەبەری کاتی لە کوردستانی سووریە” بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو ناوچانەی کە لەژێر سوڵتەی ڕژیمی بەشار ئەسەد هاتبوونەدەر، زیاتر لە یازدە ساڵ تێدەپەڕێت. ڕاگەیاندنی ئەم ڕێکخراوە خۆبەڕێوەبەرە بەدوای هەوڵ و ڕاوێژی ” پارتی یەکێتیی دیموکراتیک” لەگەڵ چەندین ڕێکخراوی جەماوەری و دوای ئەوە ئەنجام درا کە هێزە چەکدارەکانی کوردستان، چەندین سەرکەوتنی بەرچاویان بەرامبەر بە هێرشی گرووپە تیرۆریستە کۆنەپەرستە ئیسلامییەکان لە ناوچە کوردنشینەکان بەدەستهێنا. حکوومەتی خۆبەڕێوەبەری کاتی لە سێ قەزای عەفرین، جەزیرە و کۆبانی پێکهێنرا و لەڕێگەی ئەنجومەنێکی ٨٢ کەسییەوە بەڕێوەدەبرا کە نوێنەرایەتی کورد، عەرەب، تورکمان، ئاشووری و کەمینەکانی دیکەی دەکرد.

هەر لەو سەردەمدا و دوای ڕاگەیاندنی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەر لەلایەن هێزە سیاسی و ناوەندە جەماوەرییەکان لە کوردستانی سووریە، “ئەنجومەنی هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی سووریە” دەستبەجێ بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و دامەزراندنی سیستمی خۆبەڕێوەبەری بە هەنگاوێک لەسەر ڕێگای جوداییخوازی ناوبرد و دامەزراندنی حکوومەتێکی نوێی بە دوژمنایەتی کردن لەگەڵ شۆڕشی خەڵکی سووریە پێناسەکرد. هاوکات وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی تورکیەش ڕاگەیاندنی خۆبەڕێوەبەرایەتیی لە کوردستانی سووریە قەبووڵنەکراو وەسفکرد. هەروەها سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراقیش لە هەڵوێستێکی هاوشێوەدا، ئەم کردەوەیەی مەحکووم کرد و بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک حیزبی یەکێتیی دیموکراتیکی بە تاک‌ڕەوی و مەترسی خستنە سەر چارەنووسی خەڵکی کورد تۆمەتبار کرد.

بەڵام لەڕاستیدا دامەزراندنی شۆرای خۆبەڕێوەبەری کاتی لە کوردستانی سووریە لەلایەک دەرئەنجامی ئەو هاوسەنگییەی هێز بوو کە لەنێوەندی قەیران و شەڕی ناوخۆیی سووریەدا دروست بوو و لەلایەکی تریشەوە ئەنجامی چەندین ساڵ خەباتی ڕەوای خەڵکی کوردستان بوو لەدژی حکوومەتی ناوەند کە بەهۆیەوە کوردستان ببووە کۆمەڵگایەکی حیزبی و حیزبە سیاسییەکان تێیدا پێگەیەکی کۆمەڵایەتییان هەبوو. حزووری هێزە سیاسییەکانی کوردستان لە شار و گوندەکان لەم قۆناغەی قەیرانی شەڕدا هێستا بۆشایی سیستمێکی بەڕێوەبەری پڕ نەکردبووەوە کە لە نەبوونی دامەزراوەکانی سەربە دەوڵەتی ناوەندیدا ئیدارەی کاروباری ناوچەکانی کوردستان بگرنە ئەستۆ. دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری کاتی لە کوردستانی سووریە لەژێر کاریگەریی ئەم بارودۆخە گشتییەدا و بۆ وڵامدانەوە بەم پێویستییە ڕاستەقینەیە پێکهات. ئەوەیکە ئایا ئەم ڕێکخراوە خۆبەڕێوەبەرە لەماوەی زیاتر لە دە ساڵدا توانیویەتی بەرژوەندی زۆرینەی خەڵکی کوردستانی سووریە نوێنەرایەتی بکات، پێویستە بەپێی فاکتی بابەتی هەڵسەنگێندرێت. بەم حاڵەوە، هەر ئەوەیکە هێزەکانی پێکهێنەری حکوومەتی خۆبەڕێوەبەر، پێشوەختە خەڵکی کوردستانی سووریەیان لەژێر مەنگەنە و ئاکامە کارەساتبار و خوێناوییەکانی شەڕی کۆنەپەرستانەی هێزە دەوڵەتییەکان و بەرەی کۆنەپەرستی ئۆپۆزیسیۆن هێنایە دەر و بە چەکدار کردنی جەماوەر بەپێی توانای ئەو سەردەم سەنگەرێکی بەهێزیان بەرامبەر بە هێرشی بەردەوامی هێزەکانی داعش و میلیشیای کۆنەپەرستی سەربە تورکیە و هێرش و جەنایاتی جەنگیی دەوڵەتی فاشیستی تورکیە لەو ناوچەیەدا پێکهێنا و لە بەرامبەر ئەو مەترسییانەی کە هەرەشەیان لەم ئەزموونە دەکرد دیفاعیان کرد، دەستکەوتێکی گرینگ و حاشاهەڵنەگرە.

بۆ نموونە شۆرای خۆبەڕێوەبەری کاتی لە کوردستانی سووریە لەڕێگەی هێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل و یەکینەکانی پاراستنی ژن توانیی هێرشی بەرینی داعش بۆ گەمارۆدانی کۆبانی و داگیرکردنی ئەم شارە تێکبشکێنێت. واتە ئەو هێزە کۆنەپەرستەی کە زیاتر لە ٣٠٠ گوندی داگیر کردبوو و پتر لە ٢٠٠ هەزار کەسی لە خەڵکی ناوچەکە ئاوارە کردبوو. لەو کاتدا گرووپی داعش بە یارمەتیی دارایی، نیزامی و لۆجستیکی دەوڵەتانی تورکیە، عەرەبستان و قەتەر بۆ داگیرکردنی کۆبانی لە ئەنجامدانی هیچ جەنایەتێک دەستی نەدەپاراست. دەوڵەتی فاشیستی ئەردۆغان دەیهەویست بە تێکشکاندنی ئەزموونی خۆبەڕێوەبەریی خەڵکی کوردستانی سووریە و بەرقەرارکردنی “خەلافەتی ئیسلامی” لەم ناوچەیە، پشتیوانێک بۆ خۆی و باقیی حکوومەتە کۆنەپەرستەکان لەم ناوچەیە پێکبهێنێت. بەڵام لە کۆتاییەکانی ژانویەی ٢٠١٥دا شاری کۆبانی ئەم هێمایەی خۆڕاگری، دوای ١٣٤ ڕۆژ نەبەردی قارەمانانەی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز بەرانبەر بە خوێنڕێژانی گرووپی ئیسلامیی داعش، بەیەکجاری لەم هێزە دژەئینسانە پاک کرایەوە. هەواڵی ئازادکردنی “کۆبانی” بوو بە سەردێڕی هەواڵەکانی جیهان و کۆبانی ئەم شارە  بێ ناو و نیشانە وەک ڕەمزی ڕاوەستان و خۆڕاگری ناوبانگی جیهانی پەیدا کرد.

دەستکەوتێکی بەنرخی ئەزموونی مافخوازیی خەڵکی کوردستانی سووریە، دەرکردنی بەیاننامەی پەیوەندیدار بە مافە سەرەتاییەکانی ژنان لە یەکی نوامبری ٢٠١٤ لەلایەن ئیدارەی هاوبەشی خۆبەڕێوەبەری لە کانتۆنی جەزیرە بوو. بڵاوبوونەوەی ئەم بەیاننامەیە هەنگاوێکی گرینگە لەپێناو دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانی ژنان و دەستەبەرکردنی یەکسانی یاسایی نێوان ژن و پیاو لە کوردستانی سووریە و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەم بەیاننامەیە کە لەسەر بەرابەریی نێوان ژن و پیاو لە بواری ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و هەروەها لەسەر مافی ژن لە چوارچێوەی بنەماڵەدا پێداگری دەکات، بەئاشکرا دژی فەرهەنگی کۆنەپەرستی ئیسلامی و فەرهەنگی پرتووکاوی پیاوسالارییە لە کۆمەڵگادا. ڕاگەیاندنی یەکسانی یاسایی کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان و بەشداریکردنیان لە دامەزراوەکانی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەر، لە دەستکەوتەکانی دیکەی ئەم ئەزموونەیە.

بزووتنەوەی مافخوازیی خەڵکی کوردستانی سووریە یان “ڕۆژئاوا” بە هەموو ئەم دەستکەوتانەوە، لەئێستادا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژوویی دایە. لەدوای ڕووخانی ڕژیمی دیکتاتۆری بەشار ئەسەد کە بەپێی بەرنامەی لەپێشدا ئامادەکراوی ڕژیمی فاشیستی تورکیە، ئەمریکا و لە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیلدا ئەنجام درا، قۆناغێکی نوێ لە تاوانی شەڕ و داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیە لە کوردستانی سووریە دەستیپێکردووە. لە جەریانی شەڕی سووریەدا، دوای ئەوەیکە وتووێژەکانی “ئاستانە”ی ١ و ٢ و ٣ و وتووێژەکانی “سووچی” لە دەستڕاگەیشتن بە ڕێگاچارەیەکی کردەوەیی بۆ کۆتایی هێنان بە قەیرانی شەڕ بێ ئاکام مایەوە، دوای حەوت ساڵ شەڕ، لەسەر بنەمای هاوسەنگییەکی هێزی یەکجار ناپایەدار، ئاگربەستێکی لاوازیان بەرقەرار کرد. بەپێی ئەم ڕێککەوتنانە لە ساڵی ٢٠١٨ەوە بەرەو ئەملا پارێزگای ئیدلەب لە باکووری ڕۆژئاوای سووریە کە سنووری هاوبەشی لەگەڵ تورکیە هەیە و ژمارەی دانیشتووانی یەک و نیو تا دوو ملیۆن کەسە، وەک شوێنی جێگیربوون و قەڵەمڕەوی هەیئەتی تەحریری شام دیاری کرا. هەیئەتی تەحریری شام لە هەمان کاتدا کە لەم ماوەیەدا تەمرینی دەسەڵاتداریی دەکرد و هێزی کۆدەکردەوە، لەلایەن دەوڵەتانی تورکیە و قەتەرەوە لە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەمریکا  لە بواری دارایی، لۆجستیکی و نیزامییەوە یارمەتی دەدرا و هێزەکانی وەک ئەرتەشێکی پڕۆفێشناڵ مەشق و ڕاهێنانیان پێدەکرا. درێژەی ڕەوتی پڕچەک کردن و ڕاهێنانی هەیئەتی تەحریری شام هاوکات بوو لەگەڵ دەشتپێکی شەڕی ڕووسیە و ناتۆ لە ئۆکراین و گەمارۆی ئابووریی دەوڵەتانی ڕۆژئاوا دژبە ڕووسیە کە بووە هۆی کەمبوونەوەی حزووری نیزامیی ئەرتەشی ڕووسیە لە سووریە. حیزبوڵڵای لۆبنان و هێزەکانی قۆدسی سپای پاسداران و میلیشیای سەربە ڕژیمی ئیسلامیش کە لە ساڵی ٢٠١٥ەوە وەک پیادەنیزامی هێزە ئاسمانییەکانی ڕووسیە لە شەڕ لەگەڵ گرووپە جەهادییەکان و لە دیفاع لە ڕژیمی بەشار ئەسەد چالاکییان دەکرد، لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا لەژێر زەربەی قورس و یەک لە دوای یەکی ئەرتەشی ئیسرائیلدا یەکجار لاوازبوون و توانای نیزامیی خۆیان لەدەست دا. بەمجۆرە ستراتێژی پاراستن و مانەوەی ڕژیمی بەشار ئەسەد کە ئەساسەن بە کۆمەکی ماڵی و نیزامیی دەوڵەتی ڕووسیە و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەند بوو، گەیشتە بنبەست. لە وەها هەلومەرجێکدا دەوڵەتی تورکیە لە هاوکاری لەگەڵ ئەمریکا و دەوڵەتی قەتەر و لەڕێگەی هێزی هەیئەتی تەحریری شامەوە لە جەرگەی ناڕەزایەتیی گشتی دژبە بارودۆخی سووریە و ڕژیمی بەشار ئەسەد و لە جەرگەی هاوسەنگیی تازەی هێزدا، لە کۆمەڵگایەکدا کە بەهۆی شەڕ و وێڕانییەوە تان و پۆی لێکهەڵوەشابوو، سێناریۆی هێرشی بەردەوام بۆ داگیرکردنی شار و ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی ئەرتەشی بەشار ئەسەد و سەرەنجام ڕووخاندنی ڕژیمی بەشار ئەسەد بەڕێوەچوو. فەرماندە گەندەڵەکان و ئەرتەشی لاوازی سووریە کە هیچ هاندەرێکیان نەبوو بۆ بەرگریکردن لە ڕژیمی ئەسەد، یەک لە دوای یەک بنکەکانیان ڕادەست کرد. ئەرتەشی ئیسرائیل لە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەمریکا بە هێرشی قورسی ئاسمانی و دەریایی بەشێکی بەرین لە ژێرخانە نیزامییەکانی سووریەی نابوود کرد و بە کەڵک وەرگرتن لە بێهەڵوێستیی هێزەکانی ئاشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ناوچەی ئارامی لە بەرزاییەکانی جەولان بۆ جارێکی تر بەتەواوی داگیر کرد و سێناریۆی دەست بە دەست بوونی دەسەڵاتی لەسەر سەری جەماوەری خەڵکەوە تەکمیل کرد.