ڕۆژی دووشەممە ١٥ی مانگی خەزەڵوەری ١٤٠٢ خانەنشینانی موخابرات لە درێژەی خەباتی لێبڕاوانەی خۆیان لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئێران لەوانە لە شارەکانی ساری، تەورێز، تاران، خۆرەم ئاباد، ئەراک، شاری کورد، ڕەشت، مەریوان، ئیلام، ئەردەبیل، کرماشان، سنە، ئیسفەهان، ئەهواز، زاهیدان، قەزوین و چەند شاری دیکە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد. خانەنشینان لەم ڕۆژەدا بۆ جارێکی تر لەئاست وەدینەهاتنی خواستەکانیان لەوانە جێبەجێ نەکرانی ئاییننامەی پێرسۆنێلی و ئیستخدامیی ساڵی ٨٩ و چارەسەرنەکرانی کێشەی بیمەی دەرمانی بەتوندی ناڕەزایەتییان دەربڕی. لە هێندێک لە شارەکانی وەک تاران، ئەهواز و ڕەشت کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی وێڕای ڕێپێوان و وتنەوەی دروشم دژبە دزی و سیاسەتی تاڵانکەرانەی دەوڵەت و گەندەڵی حکوومەت لەئاستی شاردا بەڕێوەچوو. خانەنشینانی موخابرات لەم ڕۆژەدا لە جەریانی ڕێپێوان و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خۆیاندا بۆ جارێکی تر بە وتنەوەی کۆمەڵێک دروشم، عەزم و ئیرادەیان بۆ درێژەی یەکگرتووانەی خەبات تا وەدیهاتنی خواستەکانیان ڕاگەیاند. هێندێک لەم دروشمانە بریتی بوون لە: “ئیجرای هاوسانسازی، بە بێ حوقەبازی”، “نە مەجلیس نە دەوڵەت نین بە فکری میللەت”، “خانەنشین دەنگ هەڵبڕە، مافت هاوار بکە”، “مەعیشەتی خاروبار دەبێ بەڕۆژ بکرێت”، “بەڵێنمان زۆر بیست، ئەنجامێکی نەبوو”، “تا بە مافمان نەگەین، بۆ ساتێک پشوو نادەین”، “بەسە جەهالەت، مودیران خەجاڵەت”، “عیزەتی خانەنشین، دەبێ ئیحیا بێتەوە”، “سندووقیان تاڵانکرد، ئێمەیان بێچارە کرد”، “سندووقی پڕ لە داهات، چیت بەسەر هات”.
هەر لەم ڕۆژەدا خانەنشینانی ئەندامی سندووقی خانەنشینی کشوەری لە تاران، ئیسفەهان، سنە و چەند شاری تر بەمەبەستی بەدواداچوونی خواستەکانیان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەرینیان بەڕێوەبرد و بە وتنەوەی دروشم دژی ناوەندە حکوومەتییەکان لەسەر درێژەی ناڕەزایەتییەکانی خۆیان هەتا وەدیهاتنی داخوازییەکانیان تەئکیدیان کرد. خانەنشینانی ئەندامی سندووقی خانەنشینی کشوەری لەم کۆبوونەوە ناڕەزایەتییانەدا بۆ جارێکی تر لە ڕێگەی بڕیارنامەیەکەوە ناوەرۆکی داخوازییەکانی خۆیان بەم شێوەیە ڕاگەیاند:
١ – گەڕاندنەوەی گەڵاڵەی دایمی کردنی هاوسانسازی لەلایەن دەوڵەتەوە بۆ مەجلیس. پەسندکردنی لەلایەن نوێنەران و جێبەجێکردنی هاوسانسازی لەلایەن دەوڵەت و دابینکردنی بوودجەی پێویست بەشێوەی ساڵانە.
٢ – بردنەسەری حەقدەستی ساڵانە بەپێی ماددەکانی ٦٤ و ١٢٥ی یاسای بەڕێوەبەریی خزمەتگوزاریی کشوەری لەسەر بنەمای تەوەرۆمی واقعی لە کۆمەڵگا.
٣ – خێراکردنەوەی پێدانی پاداشی خانەنشینانی ١٤٠٠ و ١٤٠١ بەپێی ئەحکامی ڕوتبەبەندی. ئیجرا و پێدانی ١٤ هەزار ملیادر تمەن بابەتی موتەناسبسازیی حقوقەکان، بەشی ٣ و ٤ لە بڕگەی تێبینی (٢)ی یاسای بوودجەی ساڵی ١٤٠١ بۆ سندوقەکانی خانەنشینی کشوەری و لەشکری.
٤ – ڕەچاوکردنی مافی خانەنشینان لە پێداچوونەوەی یاسای بەرنامەی حەوتومی تەوسەعە لەلایەن کۆمیسیۆنی تەلفیقی مەجلیس و مەجمەعی تەشخیسی مەسلەحەتی نیزام. گونجاندنی ئەو بڕگە و ماددانەی کە گشت مافی یاسایی (بۆ نموونە ئاستی حەقدەست، هەزینەی دەرمان و ئیمکاناتی ڕەفاهی و مەنزەلەتی) خانەنشینان بەپێی عەداڵەت و لابردنی هەڵاواردن و لەسەر بنەمای یاسای بنەڕەتی لەبەرچاو دەگرن.
٥ – ئامادەکردنی ئاییننامەی جێبەجێکردنی ماددەی ٨٥ی یاسای بەڕێوەبەریی خزمەتگوزاریی کشوەری وێڕای بیمەی پایە و تەکمیلی خانەنشینان، بەجۆرێک کە هەموو خەرجییەکانی دەرمان پۆشش بدات.
٦ – ئامادەکردنی گەڵاڵەی موتەمەمی بوودجەی ١٤٠٢ بۆ بردنەسەری ئاستی حقوقەکان بەپێی ڕێژەی تەوەرۆم و ناردنی بۆ مەجلیس بەپێی ماددەی ١٢٥ی یاسای بەڕێوبەریی خزمەتگوزاریی کشوەری.
٧ – پێدانی ڕەفاهیاتی قانوونیی نەغدی و غەیری نەغدی هەروەک کەسانی لەسەرکار بە خانەنشینان، داخوازییەکانی پێوەندیدار بە ئەحکامی ڕەزبەری ٩٩ سەبارەت بە گرووپە ئیرفاقییەکان، خەرجی فەوت و هاوسەرگیری و باقیی معەوەقاتی تر، خواستی ڕەوای ئێمە خانەنشینانە.
بێگومان ئەوەیکە خانەنشینکراوانی لە پانتایی سەرتاسەریدا بەرەو ناڕەزایەتی و مانگرتن بردووە و لەئاستێکی بەریندا هێناونێ سەر شەقامەکان ڕیشەی لە بۆشایی چینایەتی، هەژاری و فەلاکەت، نابەرابەری و دیکتاتۆری لەئاستی ئێران دایە. هەر ئەم حەقیقەتە سادەیە زەروورەتی خەباتی یەکگرتووانەی خانەشینانی هێناوەتە بەرەوە. درێژەی سیاسەتەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەپێناو پشتیوانیی لە چینی سەرمایەدار، پەلاماری ئاشکرا و بەرین بۆسەر هەستیی کۆمەڵایەتی و مەعیشەت و مەنزەلەتی ئینسانەکان، خانەشینانیشی هەروەک مامۆستایان و باقیی بەشەکانی تری چینی کرێکار بەرەو موقاومەت و ناڕەزایەتی بردووە. خانەنشینان لە بەرامبەر پەلاماری دەزگای گەندەڵی دەسەڵاتدار بۆسەر ژیان و بژێویان دەستیان لەسەر دەست دانەناوە و بە ناڕەزایەتیی سەرانسەری و سازماندراوی خۆیان بوونەتە گرووپێکی فشاری سیاسیی جیددی بۆسەر ڕژیمی ئیسلامی.
بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی سەرانسەری و شکۆمەندی خانەنشینان و سوننەتی یەکشەممە، دووشەممە و سێشەممەکانی ناڕەزایەتی نیشانەی ئەوەیە کە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری ڕاپەڕیوی ئێران ئەگەرچی لە ناڕەزایەتیی هەموو ڕۆژێ و شەڕ و بەرەنگاربوونەوەی دوو سێ مانگی ئەوەڵ دوور کەوتووەتەوە، بەڵام بەشێوەی جۆراوجۆری دیکە هەروا درێژەی هەیە. ئەم ڕەوتە ئاشکرایە نیشانەی ئەوەیە کە شەپۆلی ئیعدامەکان و دەستبەسەرکردنی چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان نەیتوانیوە خەڵک چاوترسێن بکات. درێژەی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی سەرانسەریی خانەنشینان کە لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا گەلێک جار بە دروشمە سەرەکییەکانی “تەنها لەسەر شەقامەکان، بەدەست دێنین مافمان”، “تا بە مافمان نەگەین، بۆ ساتێک پشوو نادەین”، شەقامەکانیان گرتووەتەوە، لە بارودۆخی ئێستادا لە بواری سیاسییەوە گرینگییەکی تایبەتی هەیە. ناڕەزایەتی و خەباتی لێبڕاوانەی خانەنشینان پێویستە لە درێژەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی سەرانسەریدا هەڵسەنگێندرێت و لە داخوازییە ڕەواکانیان پشتیوانی بکەین. یەکشەممە و دووشەممە و سێشەممەکانی ناڕەزایەتی، ئەم بزووتنەوە شکۆدارەی خانەنشینان، پێویستە ڕێزی لێ بگرێن.