فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بزووتنەوەی ژنان، کام ئاسۆ؟ سەرمایەداری یان سۆسیالیزم؟
یەکشەممە ۰۱-۱۱-۱۴۰۲   |  21-01-2024

بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا کە بەناوی ڕەمزی ژینا و بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی”، “نە ڕووسەری، نە تووسەری، ئازادی، بەرابەری”، “مەرگ و نەمان بۆ دیکتاتۆر” و بە کردەوەی سەمبۆلیکی وەک لابردنی حیجاب لەسەر شەقام و سووتاندنی هاتە مەیدان، یەکێک لە پایەکانی دەسەڵاتی سیاسی و ئایدیۆلۆژیی دەسەڵاتیی ئیسلامیی تێکشکاند. ئەم ئاخێزە بەخاتری ئەوەیکە بەهێزترین پێگەی ئیسلامی سیاسیی بە یاسای سەختی ئایینی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا دایە بەر هێرشی سیاسی و ئایدۆلۆژیک، بزووتنەوەی ڕزگاریی ژنی نەتەنیا لە ئێران، بەڵکوو لە ئاستی ناوچەکەدا بردە قۆناغێکی نوێوە. ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە بە پێشەنگایەتیی ژنان لەبواری ڕەنگدانەوەی جیهانی و ڕاکێشانی حمایەت و هاوپشتیی بیروڕای پێشکەوتنخواز لە سەرانسەری جیهانیش پێگەیەکی تایبەتی لە مێژووی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی خەڵکی ئێراندا پەیدا کرد.

بەشداریی بەرین و پێشەنگی ژنان یەکێک لە تایبەتمەندییە بەرچاوەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی یەک ساڵی ڕابردوو بووە و بۆ جارێکی تر کاریگەری و ڕۆڵی ژنانی لە هەر ئاڵوگۆڕێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا زیاتر لە ڕابردوو نیشان دا. ژنانی ئازادیخوازی ئێران دەمێکە بە بەشداریی چالاکانەیان لە ڕیزی خەباتی چینی کرێکار، لە ڕیزی خەباتی مامۆستایان و خانەنشینان وەک بەشێک لەم چینە، لە ڕیزی خوێندکارانی ئازادیخواز و یەکسانیخواز، بە بەشداری لە بزووتنەوە جەماوەرییەکان دژبە قەیرانی ئاو، بە ڕۆڵی کاریگەر لە ناڕەزایەتییەکانی شەقام، بە خۆڕاگریی سەرسەختانەیان لە زیندانەکان، لە هەموو شوێنێک لە ڕیزی پێشەوەی خەباتدا بوون و نموونەی جەسارەتی شۆڕشگێڕانە و سەرسەختی بوون لە بەدواداچوونی خواستە ڕەواکانیاندا.

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە بەشداریی بەرین و شکۆداری ژنانی مافخوازی لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان بەتایبەت لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستادا بینی، ئەوپەری کردەوەی دژەئینسنانی و جەنایەتکارانەی خۆی نیشاندا. هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمی ئیسلامی بە تەقەکردن و کوێرکردنی چاوی سەدان ژنی تێکۆشەر و ئازادیخواز، دەستبەسەرکردن و دەستدرێژی کردنەسەریان لە بەندیخانەکان، هێرشی کیمیایی زنجیرەیی بۆسەر مەدرەسەکانی کچان، تەهاجومی سازماندراو بۆسەر ژنانی بێحیجاب لە سەرانسەری ئێران هەوڵی دا ژنانی خەباتکار و ئازادیخواز چاوترسێن بکات. بەڵام بەشداریی بەرین و جەماوەریی ژنان نیشانی دا کە ژنانی ئێران وەک باقیی توێژە بێبەشکراوەکانی کۆمەڵگا بۆ وەدیهاتنی مافە ئینسانییەکانیان ڕێگای خەباتێکی سەنگەر بە سەنگەریان گرتووەتەبەر و کردەوەی جەنایەتکارانەی ڕژیم عەزم و ئیرادەیان لاواز ناکات.

لەلایەکی دیکەوە بزووتنەوەی ڕزگاریی ژنان لە جەرگەی ئەم ئاڵۆگۆڕانەدا زیاتر لە ڕابردوو ناوەرۆکی سیاسەت و بەرنامەی بەشە جۆراوجۆرەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازیی ئێرانی ناسیوە، لە ناوەرۆکی داخوازییەکانی خۆی زیاتر ئاگادار بووەتەوە و سەرەڕای هەوڵی بەلاڕێدابەرانەی میدیاکانی بۆرژوا ئیمپریالیستی، ئەم بزووتنەوەیە ڕێگای پێشڕەوی خۆی لە یەکگرتوویی و نزیکبوونەوە لە بزووتنەوە ڕادیکاڵە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەدا بینیوەتەوە. بێگومان لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا بێمافیی ژنان هێندە بەرینە و سووکایەتیکردن بە ژنان بەجۆرێک نەهادینە بووە، کە بەشدارییان لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان و هەر دەرەجەیەک لە پاشەکشەی ئەم ڕژیمە دەتوانێ زەمینەی کرانەوەیەک بێت لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ژناندا. بەڵام بۆ ئەوەیکە بزووتنەوەی ژنان وەدیهاتنی داخوازییەکان و پێشڕەوی و ڕزگاریی خۆی زەمانەت بکات و ڕۆڵی شیاوی خۆی لە بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی خەڵکدا ببینێ، گرینگە کە ئەم بزووتنەوەیە لە جەرگەی قەیرانی سیاسی و شۆڕشگێڕانەی ئێستادا کامە ستراتێژیی سیاسی دەگرێتەبەر.

لەئێستادا قەیرانی سیاسی و ڕەوتی ڕووداوەکان، دوو ڕێگاچارە و ئاسۆی ناتەبای نەتەنیا خستووەتە بەرامبەر بزووتنەوەی ژنان بەڵکوو خستوویەتە بەرامبەر گشت کۆمەڵگا. یان ئاسۆ و ڕێگاچارەی سەرمایەداری، بەلاڕێدابردنی ناڕەزایەتیی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و سنووردارکردنی لە چوارچێوەی ئاسۆی ڕووخاندنی نەرم و هێمنانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و دەست بە دەست بوونی دەسەڵاتی سیاسی لە سەر سەری جەماوەر و نۆژنکردنەوەی موناسباتی چەوسێنەرانەی سەرمایەداری و درێژەی بێمافی و کۆیلەتی، یان ڕێگاچارەی ڕادیکاڵ و دەست بۆ ڕیشەی دەرد و ڕەنج بردن، ڕێگاچارەی شۆڕشگێڕانەی کرێکاری و سۆسیالیزم و کۆتاییهێنان بە هەموو نابەرابەرییەکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری.

ئەم واقعیەتە، کە ڕەنگدانەوەی قۆناغی ئێستای خەباتی چینایەتییە لەئاستی کۆمەڵگادا، بزووتنەوەی ژنانیشی هەروەک بزووتنەوەی خوێندکاری خستووەتە بەردەم دوو بژاردەی ناتەباوە. دوو بژاردەی دوو چینی سەرەکیی کۆمەڵگا. بۆرژوازی یان چینی کرێکار، سەرمایەداری یان سۆسیالیزم. بزووتنەوی ژنان ئەگەرچی زۆر ڕیشەدارترە لە بزووتنەوەی خوێدکاری، بەڵام بۆ ئەوەی هێزه‌ مه‌زنه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌ی نەبێتە هێزی پاشكه‌وتی“لیبڕالیسم“ی بورژوازیی ئێران بۆ ڕێفۆرمی کۆماری ئیسلامی و خواسته‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كانی نەبێتە قوربانیی به‌ند و به‌ستنی ئه‌و ڕه‌وتانه‌، ڕێگایه‌كی بێجگه‌له‌ هەڵبژاردنی ڕێگای دووهەم واتە ستراتێژی سۆسیالیستی و یەکگرتوویی لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری نییە. بزووتنه‌وه‌ی ژنان ته‌نیا به‌ گرتنه‌به‌ری ستراتێژی سیاسی سۆسیالیستیه‌ كه‌ ده‌توانێ پاشه‌كشه‌كانی ڕژیمی ئیسلامی و كرانه‌وه‌كان له‌ كه‌شوهه‌وای سیاسی كۆمه‌ڵگا بخاتە خزمەت وه‌دی هاتنی خواسته‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كانی.

یه‌كێك له‌ پایه‌كانی ستراتێژی سۆسیالیستیی بزووتنه‌وه‌ی ژنان كه‌ له‌ ڕاستیدا پێش مه‌رجی پێشڕه‌ویی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌شه‌، جه‌ماوه‌ری بوون و كۆمه‌ڵایه‌تی بوونیه‌تی. بۆ ئه‌وه‌یكه‌ بزووتنه‌وه‌ی ژنان ببێته‌ بزووتنه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری و كۆمه‌ڵایه‌تی، پێویسته‌ جه‌ماوه‌ری ژنانی كرێكار و زه‌حمه‌تكێش له‌ پانتایی ملیۆنیدا بێنه‌ مه‌یدانی خه‌باته‌وه‌. لەئێستادا لە گشت جەمعیەتی ژنانی ئێران ١٧ لەسەدیان لە بازاڕی کاری ڕەسمیی ئێراندا کار دەکەن. واتە زۆربەی ژنانی ئێران کە ژنانی کرێکار و زەحمەتکێشن نەچوونە بازاڕی کارەوە یان لە بازاڕی کاری غەیری ڕەسمیدا بەبێ بەهرەمەندبوون لە مافە سەرەتاییەکانیان کار دەکەن. به‌شێكی به‌رین له‌و كۆمه‌ڵه‌ ملیۆنییه‌ی ژنان دیلی بێ مزدی كاری ناو ماڵن یان له‌ مه‌زراكاندا خه‌ریكی كارن. ئه‌و به‌شه‌ له‌ ژنان، ئه‌گه‌رچی پایه‌ی سه‌ره‌كیی دابینكردنی بژێوی بنه‌ماڵه‌كانن، به‌ڵام له‌ سه‌ره‌تاییترین مافه‌كانی خۆیان بێبه‌رین و هیچ جۆره‌ سه‌ربه‌خۆییه‌كی ئابوورییان نییه‌. یاسای كۆنه‌په‌رستانه‌ی ئایینی دژبه‌ ژن، هه‌ر به‌م نه‌بوونی سه‌ربه‌خۆیی ئابوورییه‌وه‌یه‌ كه‌ زه‌مانه‌تی ئیجرایی په‌یدا كردووه‌. سووكایه‌تیی به‌رده‌وام به‌ ژنان و كلتووری دواكه‌وتووانه‌ی پیاومه‌زنی و یاساكانی پارێزه‌ریان، به‌پشت به‌ستن به‌و به‌ستێنه‌ مادییانه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ كۆمه‌ڵگادا كه‌وتوونه‌ته‌ كار. كه‌وابوو بۆ هێنانه‌ مه‌یدانی ژنانی كرێكار و زه‌حمه‌تكێش له‌ پانتایی ملیۆنی و كاری ڕیشه‌یی كردن دژبه‌ په‌ره‌سه‌ندنی كلتووری دواكه‌وتووانه‌ی ئایینی و پیاومه‌زنانه‌ له‌ كۆمه‌ڵگادا، پێویسته‌ لێبڕاوانه‌ له‌سه‌ر پێداویستیه‌كانی سه‌ربه‌خۆیی ئابووریی ژنان و خواست و داخوازیه‌ ڕه‌فاهیه‌كانیان پێداگری بكرێت. هه‌ڵسووڕاوانی سۆسیالیست له‌ ئێران پێویسته‌ كار و چالاكی له‌ناو جه‌ماوه‌ری ملیۆنیی ژنانی كرێكار و زه‌حمه‌تكێش بكه‌نه‌ میحوه‌ری چالاكییه‌كانی خۆیان. پێویسته‌ ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ به‌رین و بێ مافه‌‌ بكرێته‌ ئامانجی چالاكیی وشیارانه‌ و ئه‌و ڕاستییه‌ بۆیان بكه‌وێته‌ ڕوو كه‌ سۆسیالیزم نه‌ته‌نیا خاوه‌ن هه‌ڵوێستی واقعییه‌ له‌و بواره‌دا به‌ڵكوو سه‌رڕاست ترین ڕێگای وه‌دیهاتنی خواسته‌كانیانیشیان پێ نیشان ده‌دا.

بۆ به‌ره‌وپێش بردنی وه‌ها كارێكی مه‌زن پێویسته‌ سوننه‌تی کاری کۆمۆنیستی به‌هێزتر بكرێت. پێویسته‌ وشیاری و ئاگاداربوون له‌ ڕیشه‌ چینایه‌تیه‌كانی سته‌م له‌ ژنان په‌ره‌ی پێبدرێت، پێویسته‌ له‌ شوێنه‌كانی كار و له‌ په‌راوێزی شاره‌كان و له‌ شوێنی ژیانیاندا له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ به‌رینه‌ ئاوێته‌ بین و پێیان نیشان بدرێ كه‌ به‌ بێ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ نیزامی چینایه‌تیی سه‌رمایه‌داری و به‌ بێ كردنه‌ ئاسۆی سۆسیالیزم، خه‌باتێكی كاریگه‌ر و به‌ته‌وژم دژبه‌ كلتووری پیاومه‌زنانه‌ و یاسا دژه‌ ژنه‌كانی كۆماری ئیسلامی بەڕوەناچێت.

پێویستە بە هێنانەوە نموونەی زۆر عەینی و واقعی بەم بەشە لە ژنان نیشان بدرێ، کە بوونی نابەرابەریی ماف لە نێوان ژنان و پیاوان چ لە بواری موناسباتی کۆمەڵایەتی و چ لە بواری موناسباتی بنەماڵەیی ڕیشەی لە نابەرابەرییە ئابوورییەکاندایە. بۆ کۆتاییهێنان بەم نابەرابەرییانە لەبواری یاسایی و مافەوە پێویستە بەستێنە ئابووری و مادییەکانی ئامادە بکرێت و بۆ ئامادەکردنی زەمینە و بەستێنی ئابووریش ڕێگایەک بێجگەلە تەعەڕوز بۆسەر موناسباتی سەرمایەداری بوونی نییە. پێویستە لە یەکەم هەنگاودا سەمایەداران و دەوڵەتەکەیان ناچار بکرێن کە تێچووی ئابووریی یەکسانیی مافەکانی ژنان لەگەڵ پیاوان دابین بکەن. پێویستە ناچار بکرێن کە بەشێک لەو زێدەباییەی کە ڕێگەی چەوساندنەوەی چینی کرێکارەوە بەدەستی دێنن بیکەنە خەرجی دابینکردنی بیمەی بێکاریی ژنانی ئامادەبەکار، و لەم ڕێگەوە بۆ زەمانەتکردنی سەربەخۆیی ئابووریی ژنان بەکاری بێنن. پێویستە هەزینەی دابینکردنی ڕەفاهی ژنان و ئیمکاناتی گەشەی تواناییەکانیان لە گەرووی سەرمایەداران دەرکێشرێ.

تەنانەت دابینکردنی زەمینەی مادی و ئابووریی بەرابەریی مافەکانی ژنان و پیاوان ڕاستەوخۆ لە گرەوی هێرشکردنە سەر حەریمی موقەدەستی خاوەنداریەتیی تایبەتی سەرمایەداریدایە. هه‌ربۆیه‌ لیبڕالیسمی بورژوایی ئێران و هه‌موو ئه‌و حیزب و هێزه‌ بورژوا ئۆپۆزیسیۆنانه‌ی‌ كه‌ چوارچێوه‌ی خاوه‌نداریه‌تیی تایبه‌ت به‌لایانه‌وه‌ پیرۆزه‌ و پارێزه‌ری‌ بارودۆخی زاڵن، ته‌نانه‌ت ناتوانن ئه‌و به‌رابه‌ریی مافی ژنه‌ی كه‌ له‌ به‌رنامه‌ و پلاتفۆرمه‌كانی خۆیاندا باسی لێده‌كه‌ن، بێهێننه‌ دی. هه‌ر ئه‌و ڕاستیانه‌ی كۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌دارییه‌ كه‌ بزووتنه‌وه‌ی ژنان له‌ مه‌سیری خه‌بات بۆ وه‌دیهاتنی خواسته‌كانیان و ده‌ست بردن بۆ ڕیشه‌كانی بێ مافی و سته‌می سه‌ر خۆیان به‌ره‌و یه‌كگرتوویی ستراتێژیك له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری ده‌بات. بزووتنه‌وه‌یه‌ك كه‌ به‌ پێی ماهیه‌تی خواسته‌كانی، ڕێگایه‌كی بێجگه‌له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ و خه‌بات دژبه‌‌ سه‌رمایه‌داری و سه‌رئه‌نجام تێكه‌وه‌پێچانی بارگه‌وبنه‌ی پرتووكاو و زاڵمانه‌ی ئه‌و نیزامه‌ نییە.