
ڕاپەڕینی سەرانسەریی ئەم دواییە لە ئێران، ناکرێ تەنیا وەک کۆمەڵێک ناڕەزایەتیی پەرشوبڵاو یان کاردانەوەیەکی کاتی بەرانبەر بە هەڵکشان و داکشانی بازاڕی دراو و گرانیی لەڕادەبەدەری کاڵا پێویستییەکانی ڕۆژانەی خەڵک و بڕیارەکانی دەوڵەت لەم بوارەدا چاو لێ بکرێت. ئەوەی ئەمڕۆ لە شەقامەکان، زیندانەکان و کەشوهەوای زاڵ بەسەر کۆمەڵگادا دەگوزەرێت، نیشانەی بنبەست و قەیرانێکی قوڵە لە پێکهاتەی ئابووری، سیاسی و ئایدیۆلۆژیکی ڕژیمی ئیسلامیدا. کوشتاری ناڕازییان و بەرزبوونەوەی بێوێنەی ژمارەی کوژراوان، برینداران و دەستبەسەرکراوان و ژمارەی زۆری منداڵان و بەساڵاچووان لەنێو قوربانییەکاندا، دەربڕی ئەوەیە کە دژایەتی و ناکۆکیی خەڵک لەگەڵ دەزگای دەسەڵات گەیشتووەتە قۆناغێکی ئاشتیهەڵنەگر.
بەپێی ڕاپۆرت و داتا پشتڕاستکراوەکان، تا ئێستا زیاتر لە ٥١٥٠ کەس لە ناڕازییان گیانیان بەخت کردووە کە ٦٠ کەسیان منداڵی خوار ١٨ ساڵ بوون، هەروەها ژمارەی ئەو کوژراوانەی کە دۆسیەکانیان لەژێر لێکۆڵینەوەدایە زیاتر لە ١٧٠٠٠ کەسە. هاوکات زیاتر لە ٧٠٠٠ کەس بریندار و نزیکەی ٤١ هەزار کەسیش دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندانەکان کراون. ئەم تاوانە دژە مرۆییە، بەشێکە لە سیاسەتی ئاگایانەی ڕژیم بۆ بەرهەمهێنانەوەی ترس و پاسیڤکردنی کۆمەڵگا؛ سیاسەتێک کە بە هەڕەشەی ئێعدامی عەلەنی و نمایشی ئاشکرای هێز تەواو دەکرێت. ئەم ئەزموونە خوێناوی و تۆقێنەرە جارێکی دیکە دەریخست کە دەوڵەت، کاتێک مەشرووعییەتی سیاسیی خۆی بەتەواوی لەدەست دەدات، ناچار پەنا دەباتە بەر ستراتیژیی توندکردنەوەی سەرکوت و ڕێکخستنی کوشتوبڕی بەکۆمەڵ وەک ئامرازێک بۆ مانەوە. لە ئێراندا دەسەڵاتی ئیسلامی بریتییە لە پەیوەندییەکی تایبەت لە نێوان سەرمایەداریی ڕانتی، بۆرۆکراسیی سەربازی-ئەمنیەتی و ئایدیۆلۆژیای مەزهەبی. ئاوا تێکەڵەیەک، لە هەلومەرجی قەیرانی ئابووری و داڕمانی مەشرووعییەتی سیاسیدا، تەنیا لە ڕێگەی زەبروزەنگ و توندوتیژییەوە دەتوانێت نەزمی مەوجوود بپارێزێت. کوشتاری ناڕازییان، سەرکوتی سەر شەقام، زیندان و هەڕەشەی مەرگ، کاردانەوەگەلێکی بەرگریکارانەن لە بەرانبەر ئەو کەلێنە قوڵەی لەنێوان دەسەڵات و زۆرینەی کۆمەڵگادا دروست بووە. کۆمەڵکوژیی هەزاران مرۆڤ، لە مێردمنداڵانەوە تا بەساڵاچووان، هەڵگری پەیامێکی سیاسییە. دەسەڵات هەوڵ دەدات بە نمایشکردنی بێباكانەی توندوتیژی، سنوورەکانی ناڕەزایەتی دیاری بکات و کۆمەڵگا بەرەو بێدەنگی و پاسیڤبوون پەلکێش بکات. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەزموونی مێژوویی نیشانی دەدات کە توندوتیژیی پێکهاتەیی، هەرچەندە لە کورتماوەدا دەتوانێت ناڕەزایەتی کۆنتڕۆڵ بکات، بەڵام لە درێژماوەدا تۆوی ڕادیکالیزەبوونی خەبات و قوڵبوونەوەی ئاگایی کۆمەڵایەتی دەچێنێت.
لەم هەلومەرجەدا، تووڕەیی و ناڕەزایەتیی خۆڕسک، هەرچەندە بزوێنەری هەر گۆڕانکارییەکی کۆمەڵایەتییە، بەڵام بەتەنیا توانای گۆڕانکاریی پایداری نییە. ناڕەزایەتیی شەقام مافی سەرەتایی خەڵکی ئێرانە، بەڵام پێویستە ناڕەزایەتییەکان بە شێوەیەکی ڕێکخراو تەیار بکرێن. تۆڕە پەیوەستەکانی لاوانی پڕشور و شۆڕشگێڕ لە گەڕەکی شارەکاندا بەو ئەزموون و لێهاتوویی و دەستپێشخەرییانەی کە لە خۆیانی نیشان دەدەن، پێویستە بە جۆرێک ناڕەزایەتییەکان تەیار و ڕێکخستن بکەن کە ڕێگە نەدەن هێزەکانی دوژمن هەر لە ساتەکانی سەرەتادا بیکەنە شەڕ و تێکهەڵچوونی سەر شەقام. یەکێکی دیکە لە پێداویستییەکانی پێشڕەویی بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی جەماوەری، هاتنەمەیدانی چینی کرێکارە لە کارخانەکان، کۆمەڵگە پیشەسازییەکان و ناوەندە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری بە مانگرتنی یەکگرتوو و سەرانسەری و بە تێکەڵکردنی خواستە ئابووری و سیاسییەکان، لەوانە خواستی کۆتاییهێنان بە سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان، ئازادیی سەرجەم دەستبەسەرکراوان و زیندانیانی سیاسی و هەڵوەشاندنەوەی سزای ئێعدام.
ئەم شەپۆلانەی ڕاپەڕینی جەماوەری کە دەستبەجێ بۆ ئاستی بزووتنەوەیەکی سیاسی بەرز دەبنەوە و پێکهاتەی دەسەڵات دەکەنە ئامانج، تەنیا بزووتنەوەیەکی “نەرێنی” (سلبی) نین بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی. جەماوەری ڕاپەڕیو دژی هەژاری و نەهامەتیی ئابووری، دژی نادادپەروەرییەکان، بێبەشییەکان و هەڵاواردنگەلێک پێیان ناوەتە مەیدانی ناڕەزایەتی و خەباتەوە کە ڕەگیان لە پەیوەندییە سەرمایەدارییەکانی ئێراندایە. بەم پێیە، ئەم بزووتنەوەیە نەک تەنیا ئامانجی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیی لەبەردەمدایە، بەڵکوو بەپێی ماهییەتی خواستەکانی، بزووتنەوەیەکی دژە سەرمایەدارییە. خەڵک بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد، یەکسان و خۆشگوزەران، بە دروست، چاویان بڕیوەتە ئەو ئیمکاناتەی کە لە ئێراندا بوونیان هەیە. کەواتە کرێکاران و جەماوەری خەڵک بەو ڕوونییەی کە دەزانن چییان ناوێت، پێویست و زەروورە کە بزانن چییان دەوێت. لەم ڕووەوە دەبێ وێنەیەکی ڕوون لەو حکوومەتەی کە دوای کۆماری ئیسلامی دێتە سەر کار، ببرێتە نێو خەڵکەوە. بۆیە دەبێ ئاسۆی سۆسیالیستی، ئاسۆی حکومەتی شورای کرێکاران و زەحمەتکێشان و چەوساوەکان و شورا جەماوەرییەکان لە بەرانبەر ئەم بزووتنەوەیەدا دابنرێت. دەبێ هەوڵ بدرێت دروشمگەلێکی وەک “نان، کار، ئازادی – ئیدارەی شورایی”، “ئازادی، یەکسانی – ئیدارەی شورایی” کە لەلایەن ناڕازییانەوە لەم ڕاپەڕینە جەماوەرییانەدا بەرز کراونەتەوە، بە کەمپەینی سیاسی-تەبلیغی تا دەکرێت جەماوەریتر بکرێنەوە. دەبێ شرۆڤەیەکی ڕوون لەم دروشمانە و مانای ڕاستەقینەی ئازادی و یەکسانی و ئیدارەی شورایی ببەینە نێو جەماوەری خەڵکەوە.
دەبێ لێبڕاوانە و بێوچان، سەبارەت بە مەترسیی پڕۆژە ئیمپریالیستییەکانی ڕژیم چەینج و دەستاودەستکردنی دەسەڵات لە سەرووی سەری خەڵکەوە هۆشداری بدرێت و هەڵوێست و ستراتیژیی سیاسیی بەشە جۆراوجۆرەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازیی ئێران بۆ بەلاڕێدابردن و بە شکستکێشانی ئەم بزووتنەوەیە، بۆ خەڵک ڕوون بکرێتەوە. ڕەوتی فاشیستی سەڵتەنەتخواز بە ڕابەرایەتی ڕەزا پەهلەوی کە لەلایەن کەناڵە تەلەڤزیۆنییەکانی بی بی سی، ئێران ئینتەرناشناڵ و مەنوتۆ-وە پشتیوانی دەکرێن، ئەگەرچی هیچ شانسێکیان نییە بۆ خزینە نێو دەسەڵات لە قۆناغی پاش کۆماری ئیسلامی، بەڵام لەبەر ئەوەی وەک کارتی گوشارێکی کۆنتڕۆڵکراو لە دەستی ئەمریکا و زلهێزە ڕۆژئاواییەکان دژی کۆماری ئیسلامی بەکار دەهێنرێن، خاوەنی پۆتێنسیەڵێکی بەرزن بۆ زەبروەشاندن لە بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی خەڵک. هەروەک چۆن لە ڕەوتی ڕاپەڕینی ئەم دواییەدا، بانگەوازەکانی ڕەزا پەهلەوی لە پاڵ فەرمانەکانی ترامپ و هەڕەشەکانی ئیسرائیل، بوونە دەستاوێز و بیانوویەک بە دەست کۆماری ئیسلامییەوە بۆ ڕاگەیاندنی دۆخی جەنگی و کوشتاری هەزاران ناڕازی.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە