فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بنبەستی سەدا و سیمای حکوومەتی ئیسلامی لە پەرەپێدانی کلتووری کۆنەپەرستی
پێنجشەممە ۱۹-۱۱-۱۴۰۲   |  08-02-2024

لە بارودۆخێکدا کە بە ئیعترافی کۆمیسیۆنی تەلفیقی بوودجەی مەجلیسی ئیسلامی، بوودجەی ساڵی ١٤٠٣ی ڕژیم لەگەڵ کەسری زیاتر لە ٤٢٠ هەزار ملیارد تمەن بەرەوڕووە. لەبارودۆخێکدا کە سندووقەکانی خانەنشینی بەخاتری تاڵانکارییەکانی حکوومەتی ئیسلامی بەرەڕووی کەسری بوودجەی ٤٤٨ هەزار ملیارد تمەن بوونەتەوە. لە حاڵێکدا کە قەرزی دەوڵەتی ڕەئیسیی قاتڵ بە سازمانی تەئمینی ئیجتماعی کە مەربووتە بە ٤٣ ملیۆن کەسی بیمەپەرداز زیاتر لە ٧٠٠ ملیارد تمەنە. لەحاڵێکدا کە بە ئیعترافی خاندووزی وتەبێژی ئابووریی دەوڵەتی ڕەئیسی قەرزی دەوڵەت بە نیزامی بانکی ٦٥٥ هەزار ملیارد تمەنە. لە وەها بارودۆخێکدا ڕۆژی حەوتی مانگی ڕێبەندان نوێنەرانی بەکرێگیراوی مەجلیسی کۆنەپەرست لەگەڵ بردنەسەری سێ بەرابەریی بوودجەی سازمانی سەدا و سیمای ڕژیمی ئیسلامی موافقەتیان کرد و بۆ ساڵی ١٤٠٣ بڕی ٢٤ هەزار ملیارد تمەنیان دیاری کرد. ئەم زیادکردنە بەرچاوەی بوودجەی دەزگای تەبلیغ و پەرەپێدانی جەهل و خورافەی ئیسلامی لە حاڵێکدایە کە سێ مانگ پێشتریش مەجلیسی شۆرای ئیسلامی لە مسەوەبەیەکی دیکەدا زیادکردنی ساڵانە ٤٣ لەسەدی بوودجەی سەدا و سیمای هەتا کۆتایی بەرنامەی حەوتەمی تەوسەعەی پەسند کردبوو. ساڵی ڕابردوو بوودجەی ئەمساڵی سازمانی سەدا و سیما ٤٢ لەسەد نیسبەت بە ساڵی ١٤٠١ زیاد کرا. پەسندکردنی بوودجەی کەڵانی ٢٤ هەزار ملیارد تمەنی بۆ ئۆرگانێکی تەبلیغی ڕژیمی ئیسلامی لە بارودۆخی قەیران و ئیفلاسی ئابووریی حکوومەت، تەنانەت کاردانەوەی سەرۆکی سازمانی بەرنامە و بوودجەی ڕژیمیشی لێکەوتووەتەوە. ئەو وتی: «زیادکردنی ئەم بوودجانە بۆ ئۆرگانی سەدا و سیما و دەزگای قەزایی، ٣٧ هەزار ملیارد تمەنی باری ئیزافیی ماڵی بەسەر دەوڵەتدا سەپاندووە و ئەمەش لەحاڵێکدایە کە بۆ باقیی دەزگاکان لە ساڵی داهاتوودا تەنها ١٢ لەسەد زیادکردنی بوودجە پێشبینی کراوە.»

بۆ پاساوی بەخشینی بێ حیساب و کیتابی حکوومەتی ئیسلامی بە سازمانی سەدا و سیمای ئیسلامی، ڕۆژی دووشەممە ١٦ی ڕێبەندان، پەیمان جەبەلی سەرۆکی ئەم سازمانە کە نوێنەر و دەستنیشاندەی ڕاستەوخۆی عەلی خامنەییە، وتی: “دەستمزدی عەواملی تەولید دەبێ لەڕووی تەوەرۆمەوە حیساب بکرێت نەک بەپێی زیادکردنی ٢٠ لەسەدیی حەقدەست. ئەگەر ئێمە بۆ سێناریۆکانمان دێکۆڕ دروست بکەین قیمەتی سیمان و ئاجور بەپێی چوونەسەری ٢٠ لەسەدیی حەقدەست بۆ ئێمە حیساب ناکەن”. زیادکردنی دەست و دڵبازانەی ٢٠٠ لەسەدیی بوودجەی دەزگای تەبلیغ و پڕوپاگەندەی ڕژیمی ئیسلامی لەلایەن مەجلیسی شۆرای ئیسلامی بۆ ساڵی داهاتوو لەحاڵێکدایە کە شۆرای باڵای کاری حکوومەتی شکسjهێناو و دژەکرێکاری کۆماری ئیسلامی حەقدەستی کرێکارانی دوای چەندین مانگ وتووێژ تەنها قەرارە ١٨ بۆ ٢٠ لەسەد زیاد بکات. ئەوە چۆنە کە کارگێڕانی دز و گەندەڵی ڕژیمی ئیسلامی لە کاتی کڕینی سیمان و ئاجوری خۆیان ڕێژەی تەوەرۆم دەکەنە پێوەری بردنەسەری بوودجە بەڵام لە بەرامبەر تەوەرومی سەرووی ٥٠ لەسەد و هەزینەی سەبەدی مەعیشەتی ٣٢ ملیۆنیدا، زیادکردنی ١٨ و ٢٠ لەسەدی حەقدەست بەسەر کرێکاراندا دەسەپێنن.

لەڕاستیدا بارودۆخی سیاسی، ئابووری، ئەمنیەتی و ناوچەیی ڕژیم ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خراپتر دەبێت. ئاخێزی ژینا (ژن – ژیان – ئازادی) پایەکانی ئایدیۆلۆژیی ئیسلامیی ڕژیمی سستتر و دەزگا تەبلیغاتییەکانی بێ ئیعتبارتر لە ڕابردوو کردووە. ڕژیم سەرەڕای تەرخانکردنی وەها بوودجە و ئیمکاناتێکی بەرین، ستراتێژیی تەبلیغاتی ئیسلامییەکەی بەرەوڕووی شکست بووەتەوە. لەم پێوەندەدا پەیمان جەبەلی سەرۆکی دەزگای پڕوپاگەندەی ئیسلامی دانی بەوە دانا کە سەدای و سیما ساڵ بە ساڵی لاوازتر بووە و ئیدیعای کرد کە: “هەزینەی تەکلیفی دیاریکراو بۆ ئەم سازمانە لە ساڵی داهاتوودا یەکجار زیاتر لە بوودجەکەیەتی”. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە لە بەڵگەیەکی نهێنیی هەک کراوی دیکە لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو، هەر ئەم سەرۆکەی سازمانی سەدا و سیما وێڕای ئیعتراف بە گەندەڵیی ناوخۆیی و زەعف و زەبوونیی ڕژیم دەڵێ: “هەر بەشێکی ئەم سازمانە بچی بەتەواوی پرتووکاوە و نازانم دەبێ چ بکەین؟”. لە ئیعترافێکی دیکە بە شکستی تەبلیغاتی حکوومەتی ئیسلامی لە کۆمەڵگا، ڕۆژی ٢٠ی مانگی بەفرانبار جێگری کلتووری و کۆمەڵایەتیی سپای پاسداران وتی: “خەڵکی ئێران هۆگری بەرنامەکانی سەدا و سیمای کۆماری ئیسلامی نین و ژێرخانەکانی مەجازی بەتەواوی لە ئیختیار دوژمن (واتە چالاکانی سیاسی) دایە.” لەم پێوەندەدا ژمارەیەکی زۆر لە ئاخوندەکان و باقیی مەقاماتی ڕژیمیش گەلێک جار لەئاست کەمبوونەوەی بەرچاوی بینەر و بیسەری سەدا و سیما، لەئاست چۆڵ بوونی مزگەوتەکان، لەئاست کەم بایەخدانی خەڵک بە مەسائلی دینی و لەئاست بێ متمانەیی خەڵک بە میدیاکانی حکوومەتی ئیسلامی نیگەرانییان دەربڕیوە.

ڕێبەران و سەرانی حکوومەتی ئیسلامی سەرمایەداران مانەوە و ئەمنیەتی خۆیان لە مەترسیدا دەبینن و نیگەرانی ڕووخانی دەسەڵاتەکەیانن. هەربۆیە بە بردنەسەری بوودجەی ئۆرگانەکانی خزمەتکاری حکوومەت، لەوانە دەزگا جۆراوجۆرەکانی ئەمنیەتی و نیزامی و قەزایی سەرکوتگەر لەلایەکەوە و دامودەزگاکانی فریو و کۆنەپەرستی و خورافە لەوانە سەدا و سیما و مەنبەر و مزگەوت و حەوزەی علمیە و ناوەندە ئایینییەکانی تر لەلایەکی دیکەوە، بەخەیاڵی خۆیان دەتوانن بەر بە پێشڕەوی و گەشەی مانگرتنە کرێکارییەکان و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان بگرن. غافڵ لەوەیکە بە هیچ تاکتیکێک ناتوانن لە قەیرانی قووڵی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی، کلتووری و ئایدیۆلۆژی کە لە ناوەوە بەرۆکی گرتوون، خۆیان دەرباز بکەن.

گەندەڵی و دزیی بەرین کە لەناو حکوومەتی ئیسلامیدا ڕیشەی داکوتاوە یەکێک لەو هۆکارانەیە کە ژیان و گوزەرانی زیاتر لە ٧٠ لەسەدی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی ئێرانی بردووەتە ژێر هێڵی هەژارییەوە. ئەم گەندەڵی و تاڵانکارییە بەجۆرێک بەرچاو و ئاشکرا بووە کە ساڵەهایە جەماوەری بێبەشی لەم ڕاستییە گەیاندووە کە تەنها ڕێگای ڕزگاربوونیان ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی گشت ئەم دەسەڵاتەیە. تەمەنی ڕژیمی ئیسلامی کۆتایی هاتووە و بردنەسەری بوودجەی دەزگا دز و گەندەڵەکانی تەبلیغی خورافە و درۆ و سەرکوت ناتواێ هیچ لەم ڕاستییە بگۆڕێت کە دەسەڵاتی ئیسلامیی سەرمایە دەبێ بڕووخێت. بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە ناڕەزایەتییەکانی شەش ساڵی ڕابردوو کە خەبات بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییان بردووەتە قۆناغێکی نوێوە و بەردەوام لە پێشڕەوی دان، سەلمێنەری ئەم حەقیقەتەن.

وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv
https://cpiran.org
https://komala.co
https://t.me/peshrawcpiran

www.facebook.com/Peshrawcpiran

www.instagram.com/Peshrawcpirn

https://t.me/KomalaCpiranTv